ڕامیار یەحیا
ئاهـ و ناڵەی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان لە دەست ئەو کارەساتەی کە ناوی “حەشدی شەعبی و دوو ئیدارەیی”یە، گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت وڵاتانی بێگانەش دەزانن ئەم وڵاتە لە لێواری داڕماندایە. لە غەززەوە کە خۆیان لەناو ئاگر و خوێندان، تا دەگاتە ئەمریکا و ئەوروپا، هەمووان دەزانن کە عێراق پارچەپارچە بووە و لەناو دەستی میلیشیاکاندایە! کەچی لێرە، لە بەغدا، شتێکی سەیر دەبینین؛ محەمەد شیاع سوودانی و دارودەستەکەی دێنە سەر شاشەکان و وەک ماری ئەنتوانێت کە بە خەڵکی برسی فەرەنسای دەگوت “ئەگەر نانتان نییە، بسکیت بخۆن”، ئەمانیش بە ئێمە دەڵێن “ئەگەر سەروەری و یاساتان نییە، قبوڵی بکەن کە حەشد پارێزەری ئاسایشی نیشتمانییە!”
خەڵکی عێراق و شارە کاولبووەکانی دەستی داعش (لە موسڵەوە تا دەگاتە شەنگال و دیالە) ماڵیان وێران بووە، ژێرخانیان نەماوە، و کەرامەتیان بەدەست خاڵپشکنینەکانی حەشدەوە شکاوە ، کەچی حکومەتی بەغدا دێت لەناو پەرلەماندا “یاسایەکی نوێ” دەردەکات بۆ ئەوەی حەشد بکاتە دامەزراوەیەکی فەرمی و شەرعییەت بە دەسەڵاتە ئابووری و سەربازییەکانی بدات ! ئەوان کارەساتێکی گەورەی ئەمنییان بەسەر ئەم وڵاتەدا هێناوە، دەیانەوێت ئەوەندەی تر ماڵوێرانمان بکەن و بە دەرکردنی یاسا و بڕیاری سەر کاغەز، شەرعییەت بەو میلیشیایانە بدەن کە فەرمان لە تارانەوە وەردەگرن، نەک لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە !
ناهەقیان ناگرم، ئەوان دوای چەندین ساڵ لە داڕمانی دەوڵەت، ئێستاش نەیانتوانیوە سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو دروست بکەن. کاتێک تۆ پەرلەمانەکەت پڕ بێت لە چەکدار، حکومەتەکەت بووبێتە ژمێریارێک بۆ دابەشکردنی بودجە بەسەر میلیشیاکاندا ، و دادگاکانیشت لەژێر هەڕەشەی مووشەکدا بن، ئیدی چۆن توانا یان ئیرادەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم “دەوڵەتە قووڵە”ت هەیە؟ حەشد ئەمڕۆ نەک هەر هێزێکی سەربازییە، بەڵکو وەک سوپای پاسداران و سوپای میسر، دەیەوێت کۆنترۆڵی تەواوی ئابووری و وەبەرهێنانی عێراقیش بکات. ئەمە ئەو دووفاقییەیە کە کێشەی بۆ ناوخۆ و دەرەوەش دروست کردووە: دەوڵەتێک پارە دەدات، بەڵام بڕیار لای چەکدارێکە لە دەرەوەی دەوڵەت !
خەڵک کەرامەتی هەیە، مەیانخەنە سەر شاشە و بەیاننامەی “سەروەریی نیشتمانی”یان پێ مەفرۆشنەوە. ئێمە ئەو یاسا و ڕێکخستنە درۆینانەی ئێوەمان ناوێت کە تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی سەرکردەکانی حەشدە. خۆ ئەگەر ئێوەش نەبن، خەڵک خۆی دەزانێت چۆن ئاسایشی خۆی بپارێزێت. بەڵام پێم بڵێن وجوودی ئێوە وەک “حکومەت” دەوری چییە، کاتێک ناتوانن تەنانەت ڕێگری بکەن لەوەی میلیشیایەک هەڕەشەی ڕووخاندنی حکومەتەکەتان بکات ئەگەر سەرکردەی باڵای وڵاتێکی تر فەرمانی پێ بکات ؟
رۆژان رۆژی لەدوایە، نەمرین چارەنووسی ئێوەش دەبینین کە وەک شاژنە ماری ئەنتوانێت و دارودەستەکەی دەکەونە بەردەستی خەڵک و تۆڵەی ئەم هەموو ساڵە زوڵم و تەسلیمبوونەتان لێ دەکەنەوە. ئەو ڕۆژە نزیکە کە گەلی ڕاپەڕیو، ئەم دەوڵەتە کارتۆنییە و ئەو هێزە چەکدارانەش ڕادەماڵێت کە نیشتمانیان کردووەتە موڵکی تایبەتی خۆیان!









Leave a Reply