ئەنداز خالید احمد
کاتێک لە وڵاتێکدا “قسەی حەق” دەبێتە تاوانێکی قورس و “ڕەخنەگرتن” دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی، ئەوا ئیتر باس لە حوکمڕانی ناکەین، بەڵکو باس لە زیندانێکی گەورە دەکەین کە تێیدا دەسەڵاتداران پاسەوانن و هاوڵاتیانیش دیل! لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، باجی قسەکردن و چالاکوانی گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنها ئەوانەی ئامادەن ژیان و کەرامەتیان بخەنە مەترسییەوە، دەتوانن وشەیەک بڵێن. ئەو دەسەڵاتەی کە بە دروشمی ئازادی و دیموکراسی هاتە سەر حوکم، ئەمڕۆ بووەتە گەورەترین مەکینەی سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد.
بۆچی چالاکوانێک یان ڕۆژنامەنووسێک دەبێت باج بدات؟ چونکە لە سیستەمێکدا کە لەسەر بنەمای قۆرخکاری، دزینی داهاتی گشتی، و کۆمپانیا حیزبییەکان دامەزراوە، هەموو وشەیەکی ڕاستگۆیانە وەک گوللەیەک وایە بۆ سەر قازانجی بەرپرسەکان. کاتێک گەنجێک لەسەر شەقام یان لە سۆشیاڵ میدیا باس لە نەبوونی مووچە، وێرانیی نەخۆشخانەکان، یان قۆرخکاریی پڕۆژەکانی وەک “هەژماری من” دەکات، دەسەڵات ڕاستەوخۆ وەڵامی ناداتەوە بە چاکسازی، بەڵکو بە هەڕەشە، گرتن، یان تەنانەت ڕفاندن و بێسەروشوێنکردن وەڵامی دەداتەوە! ئەم فشاره سیاسییە دەیەوێت یەک پەیام بە کۆمەڵگا بدات: “یان وەک ئێمە بیربکەرەوە و لەسەر مێزەکەمان پاروویەک بخۆ، یان ئەگەر قسە بکەیت، نانت دەبڕین و ژیانت وێران دەکەین.”
ئەم سەرکوتکردنە تەنها بە زیندانیکردن ناوەستێت. دەسەڵات (بە هەردوو حیزبی پارتی و یەکێتییەوە) سوپایەک لە میدیای سێبەر، پەیجی درۆینە، و قەڵەمفرۆشەکانی دروست کردووە کە ئەرکیان تەنها تیرۆرکردنی کەسایەتیی ئەو چالاکوانانەیە کە ڕاستی دەڵێن. کاتێک ناتوانن بە قانوون ڕاتگرن، بە درۆ و بوختان کەرامەتت دەشکێنن، تا وای لێ بکەن کۆمەڵگا خۆی لێت دوور بکەویتەوە. لەولاشەوە، لە کەرکوک و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی، باجی قسەکردن زۆر لەوە قورسترە؛ لەوێ وشەیەک ڕەخنە دەتوانێت تەواوی خێزانەکەت ئاوارە بکات یان خۆت بخاتە زیندانێکی تاریکەوە کە هەرگیز تیشکی خۆری لێ نەبینیت.
سقرات، فەیلەسوفی گەورەی یۆنانی، پێش ئەوەی لەسەر قسەکردن و ڕاستگۆیی ژەهرەکەی پێ بخۆنەوە، وتی: “کۆمەڵگایەک کە تێیدا ڕاستی دەبێتە مەترسی، کۆمەڵگایەکە کە لەسەر درۆ دروست بووە.” ئەمڕۆ دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و بەغدا، تەواوی ئیمپراتۆریەتەکەیان لەسەر درۆ، دزی، و قۆرخکاری دروست کردووە، بۆیە بچووکترین دەنگی ڕاستەقینە دەیانتۆقێنێت و هەزاران پاسەوانی بۆ ئامادە دەکەن تا بیخنکێنن.
ئەو ڕۆژە نیشتمان بووە قەسابخانەی ئازادی، کە سیاسەتمەدارەکان تێگەیشتن ناتوانن وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە، بۆیە بڕیاریان دا پرسیارکەرەکان لەناوبەرن. تا ئەو کاتەی چالاکوانی و قسەکردن باجی قورسی لەسەر بێت و دادگاکانیش ببنە داردەستی حیزب بۆ سزادانی ئازادیخوازان، ئەم وڵاتە هەرگیز ڕووناکی نابینێت و بەردەوام دەبێت لەسەر بەرهەمهێنانی ترس و تاریکی!













Leave a Reply