نەوەیەکی بێ متمانە!

بینراوە: (10.9K)

مارف خدر نوری

ئایا کێ بەرپرسیارە لە دروستکردنی نەوەیەک کە بڕوای بە هەموو شتێک لەدەست داوە، تەنانەت بە خاکی خۆیشی؟ لە هەرێمی کوردستان، گەنجان بەدەست بێکارییەکی کوشندە، گەندەڵییەکی سیستماتیک، و نەبوونی هیچ هیوایەک بۆ چاکسازیی سیاسییەوە دەناڵێنن. ڕاپۆرتەکان ئاشکرای دەکەن کە ڕێژەی بێکاری لە ناو گەنجاندا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار  نزیکەی ٣٧.٢٪ی گەنجان بێکارن، واتە زیاتر لە سێ هێندەی ڕێژەی بێکاریی گشتی. ئەوەی دۆخەکە ترسناکتر دەکات ئەوەیە کە نزیکەی ٣٠٪ی گەنجانی هەرێم نە لە خوێندندان و نە لە کار جێگیرن، کە ئەمەش نیشانەی ئیفلیجبوونی تەواوەتیی سیستەمی پەروەردە و ئابوورییە لە دروستکردنی هەلی کاردا. کاتێک گەنجێک دەبینێت دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی تەنها بۆ دامەزراندنی کەسانی حیزبی و خزمخزمێنە کار دەکات، ناچار دەبێت ڕێگای مەرگ بەرەو ئەوروپا هەڵبژێرێت، لەبری مانەوە لە نیشتمانێکدا کە تێیدا بێبەها کراوە

ئەم بێئومێدییە تەنها لە بواری ئابووریدا نەماوەتەوە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ تووڕەییەکی سیاسیی قووڵ کە ڕەنگدانەوەی لە سندووقەکانی دەنگداندا هەبوو. لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٥دا، پەیامی گەنجان و خەڵکی ناڕازی زۆر ڕوون بوو: بایکۆتکردنێکی بێوێنە! زیاتر لە ١.٧ ملیۆن دەنگدەری تۆمارکراو چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدانیان ڕەتکردەوە، کە ئەمەش وای کردووە پارتی و یەکێتی تەنها بە نوێنەرایەتیی نزیکەی ٣٠٪ی کۆی گشتیی دەنگدەران حوکم بکەن. ئەم “زۆرینە بێدەنگە” کە زۆربەیان گەنجانن، چیتر باوەڕیان بە بەڵێنە درۆینەکانی چاکسازی نەماوە. ئەوان دەزانن کە سیستەمی سیاسیی هەرێم لەبری ئەوەی خزمەتگوزاری و هەلی کار دابین بکات، خەریکی قۆرخکردنی داهات و دروستکردنی کۆمپانیای حیزبییە لەسەر حیسابی برسییکردنی خێزانەکانیان

مەترسییە گەورەکە لێرەدایە: کاتێک دەسەڵات گوێ لە دەنگی ناڕەزایەتیی مەدەنی ناگرێت و بە غازی فرمێسکڕێژ و لێدان وەڵامی خوێندکارانی زانکۆ دەداتەوە کە تەنها داوای دەرماڵە و کار دەکەن ، ئەوا بۆشاییەک دروست دەبێت کە هێزە دەرەکییەکان و گرووپە توندڕەوەکان زۆر بە ئاسانی پڕی دەکەنەوە. چاودێران هۆشداری دەدەن کە داڕمانی ئۆپۆزسیۆنی مەدەنی و بێئومێدیی گەنجان، وای کردووە کە بەشێک لە نەوەی نوێ ڕوو لە ڕەوتە پۆپۆلیستییەکان و تەنانەت بزووتنەوە سەلەفییەکان بکەن، کە ئەمەش هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتیی هەرێم

ئایا سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی درک بەوە دەکەن کە خەریکە نیشتمانێک لەدەست دەدەن؟ دەسەڵاتێک کە نەتوانێت مووچەی باوکی گەنجێک دابین بکات، چۆن دەتوانێت داوای لێ بکات نیشتمانپەروەر بێت؟ ئەگەر ئەم دوو حیزبە دەستبەجێ کۆتایی بە مۆنۆپۆڵی ئابووری، گەندەڵی، و حیزبایەتیی تەسک نەهێنن، ئەوا لە داهاتوویەکی نزیکدا نەک تەنها متمانەی گەنجان، بەڵکو شەرعییەتی مانەوەشیان بە یەکجاری لەدەست دەدەن. ماف بە بێدەنگی ناگەڕێتەوە، و ئەگەر گەنجانی کوردستان بڕیار نەدەن ئەم سیستەمە فەشەلخواردووە بگۆڕن، ئەوا دەبێت چاوەڕێی وێرانەیەکی گەورەتر بین کە تێیدا خاکی کوردستان تەنها بۆ بەرپرسەکان دەمێنێتەوە و گەنجەکانیش لە دەەریاکاندا دەبنە خۆراکی ماسی

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 34 Today: 313 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.