هێمن غەریب ڕەحمان
چەندین ساڵە بەغدا بە بەرنامەو لە چوارچێوەی دەستوری عێراقی، سزا لە دوای سزا بەسەر حکومەتی هەرێم دەسەپێنێت، حکومەتی هەرێمیش لەباتی تۆڵە لە بەغدا بکاتەوە، دێ تۆڵە لە هاوڵاتی خۆی دەکاتەوەو رۆحیان دەردەهێنێت!
بۆ نمونە، بەغدا نەوتی لەژێر دەستی پارتی و یەکێتی دەرهێناوە و ناهێڵێت وەک جاران بە ئارەزووی خۆیان بە قاچاغ ئاودیوی بکەن، حکومەتە کوردیەکەی خۆمان ( پارتی و یەکێتی) لەباتی بەدوای چارەسەر و تۆڵە بگەڕێت، دێ تۆڵە لە هاوڵاتی خۆی دەکاتەوە و بۆ بەدەستهێنانەوەی پارەی نەوت، وەکو قەرەبوو، دێ باج بە هەموو جۆرەکانی لەسەر هاوڵاتی زیاد دەکات، کارەبا دەکاتە دەقات و دوازدە قات. جاران یەک کیلۆ وات بە هەژدە دیناربوو، ئێستا کردوویەتە سەت و حەفتاو پێنج دینار، بەغدا بودجە بۆ هەرێم بە مەرج دەنێرێ، هەرێم دێ رۆحی هاوڵاتی خۆی دەردەهێنێ و موچە دابەش ناکات! وا لە مانگی ٢ـین کەچی موچەخۆر موچەی مانگی ١١ـی ساڵی رابردووی وەرنەگرتووە! بەغدا لەگەڵ ئەو هەموو ئیجرائاتە بەرامبەر بە هەرێم، کەچی نێوان هەرێم و بەغدا تەنيا یەک بازگەیە (سەیتەرە)، کەچی نێوان هەولێر و سلێمانی کە دوو شاری هەرێمن هەشت تا نۆ بازگە هەیە، هاوڵاتی داماو هەتا لێیان دەرباز دەبێت رۆحی دەردەهێنن، دەیان شوێن زەوی تیا دابەشکراوە و حکومەتی هەرێم ئامادە نیە خزمەتگوزاریان بۆ ببات! بەغدا بە قەرز پارە بۆ هەرێم دەنێرێ و داوادەکات پاشەکەوتی موچە بدرێتەوە، حکومەتی هەرێم دژی گێڕانەوەی پاشەکەوت دەوەستێ و کامێرای پۆینت تو پۆینت دەکاتە دیاری بۆ گیرفانی هاوڵاتی، بەغدا دەڵێ بەنزین دەنێرم بە ٤٥٠ دینار بیدە هاوڵاتیانی کوردستان، حکومەتی هەرێم دەڵێ ئاخر بەنزینخانەی حکومیمان نیە، بۆیە دەیدەینەوە بەنزینخانەی ئەهلی و ئەوانیش با بە ٨٠٠ دینار بیفرۆشنەوە هاوڵاتی! وەلحاسڵ ئەوەی حکومەتی هەرێم بە هاوڵاتی خۆی دەیکات، با بە دەواری شڕی نەکردووە، بە کوردی و بە کورتی، مەسەلەی هین و کورتانەکەیە!
















Leave a Reply