حوکمڕانی شەرمهێنی یەکێتی و پارتی…!

بینراوە: (1.5K)

لە یاسا و کلتور و فەرهەنگ و دەوڵەتداری هیچ نەتەوەو دەوڵەت و و هەرێمێکدا، حوکمڕانیەکی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان نادۆزیتەوە، ئەم شێوازی حوکمڕانیەی پارتی و یەکێتی وێنەی نیە لەسەر زەوی، جۆرێکە لەجۆرەکانی حوکمڕانی جەنگەڵ و یاساکانی سروشت، هەرکەس بۆخۆی دەوڵەت و هەرێم و قانون و دەستوری خۆی هەیە، بەعەنتەریات هەرێمێکی پێنج شەش ملیۆنی بەڕێوەدەبەن و هێزی چەکدار و پارەی خەیاڵی لەبن نەهاتوویان هەیە، ئەو پەلاماری ئەو دەدات و ئەویش پەلاماری ئەو دەدات.

لەنوێترین پێشهاتی نێوانیان پارتی و یەکێتی ڕێگری لەبەرپرسانی یەکتری دەکەن سەردانی هەولێر و سلێمانی بکەن، هەمان سیناریۆی سەردەمی شەڕی ناوخۆیە و ناشرینترین جۆری حوکمڕانی پەیڕەو دەکەن.

لە دوو ڕوداوی هاوشێوەدا، لەم چەند ڕۆژەی پێشوودا هەریەكە لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازگەی سماقولی و بازگەی کۆیە لە هەرێمی کوردستان ڕێگریان لە بەرپرسانی یەكدی كرد بچنە سنورەكانیانەوە.

لە بازگەی سماقولی پارتی رێگری لە (لوقمان وەردی)، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کرد بچێتە شاری هەولێر و لە بازگەكەوە گەڕاندیانەوە، لەلایەكی دیكەوە وەک وەڵامێک بۆ پارتی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە بازگەی سنوری کۆیە ڕێگری لە چەند بەرپرسێکی پارتی و پاسەوانەکانیان کرا کە بەرەو سلێمانی بچن و پێیان گوترا کە بەبێ هەماهەنگیی پێشوەختە ناتوانن بچنە سنوری سلێمانی.

پارتی و یەکێتی جاری یەکەم و دووەمیان نیە ئەم ڕەفتارانە بەرامبەر یەکتر ئەنجام دەدەن کەهۆکاری دواخستنی کۆمەڵگایە، لە دوای شەڕی ناوخۆی یەكێتی و پارتی لە ساڵی ١٩٩٤ بۆ ١٩٩٨، هەرێمی كوردستان بۆ دوو ئیدارە دابەش بوو، كە بە ھێڵی نێوانیان (ھێڵی تەماس) دەوترا سنوری دێگەڵە و هەر لایەكیان باڵا دەستبوون لە ناوچەیەكدا كۆنتڕۆڵی تەواویان بەسەر سنورەکەی خۆیاندا دەكرد. دەركردنی لایەنگرانی یەكدی لەو شارانەی کە خۆیان حوکم دەکەن، بە لەوكاتەدا دیاردەیەكی دیار بوو، بە جۆرێک یەکێتی نیشتیمانی کوردستان نەیدەهێشت لایەنگرانی پارتی لە زۆنی سەوز و سنووری سلێمانی نیشتەجێبن و هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە لایەکی دیکەوە نەیدەهێشت لایەنگرانی یەکێتی لە زۆنی زەرد و سنووری هەولێر نیشتەجێبن و بەهەمان شێوەی سنووری سەوز ڕووبەڕووی کێشە و ئەشکەنجە و گرتن و ڕاوەدوونان دەبوونەوە.

دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٦ حكومەتی یەكگرتووی هەرێمی كوردستان پێكهێنرا، بەڵام دوو ئیدارەیی كاڵ نەبوەوە و ڕێگری لە بەرپرسان پاشخانێكی مێژوی هەیە و ساڵی ٢٠١٥ لە بازگەی شێراوە لەڕێگای کەرکوک لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێگری لە د. یوسف محەمەد، سەرۆكی پەرلەمان لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕان كرا بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، پێشتریش ڕێگری لە (کۆسرەت ڕەسوڵ) جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان كرابوو كە بگەڕێتەوە بۆ شاری هەولێر. 

چاوەڕێی چی لە هەرێمێک دەکەیت کە نەهێڵێت سەرۆکی پەرلەمانەکەی بچێتە پەرلەمانەوە ؟ یاخوود جێگری سەرۆکی یەکێک لە دوو حیزبە سەرەکییە گەندەڵەکەی هەرێمی کوردستان نەهێڵدرێت داخڵی شارێکی دیکە ببێت؟

ئەم مۆدێلە لە حوکمڕانی پارتی و یەکێتی مۆدێلێکی هەرە ناشرین و قێزەونە لە مێژووی حوکمڕانی ئەم دوو هێزە، هێشتا بە فکری کۆن و قین لەگەڵ یەکدی دەجوڵێنەوە، متمانە بەیەکتری ناکەن و پاشقوول لەیەکتری دەگرن، ئەم جۆرە حوکمڕانیە هەرێمی کوردستانی بەرەو دۆخێکی چەقبەستووی سیاسی و ئابوری بردووەو بەداخەوە ئەم هۆکارە و هەزاران هۆکاری دیکە کە درووستکراون لەلایەن ئەو دوو حیزبە گەندەڵەوە (یەکێتی و پارتی) ڕێگرە لە پێشکەوتنی زیاتری هەرێمی کوردستان لە زۆر سێکتەر و بواردا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 251 Today: 1,033 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.