وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەڵێت، پرۆسەی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەولێر دەستیپێكردووە و لە 30ـی ئەم مانگەدا تەواو دەبێت. ئەمرۆ دووشەممە، سەباح نوعمان وتەبێژی عەلی زەیدی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە لێدوانێكدا سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكان لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمریكا و هاوپەیمانان ئێستا لە قۆناخی كشانەوەدان و هاوپەیمانان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان لە هەولێر دەكشێنەوە. سەباح نوعمان وادەی كۆتاییهاتنی كشانەوەكەی ئاشكرا كرد و وتی، ئەم كشانەوەیە رۆژی 30ـی ئەیلوول تەواو دەبێت و رێوڕەسمێكی گەورەش لە بەغدا بە بۆنەی كۆتاییهاتنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق بەڕێوەدەچێت. جەختیشی كردەوە، كشانەوەكە تەواوی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەگرێتەوە و دوای 30ـی ئەیلوول یەك سەربازی بیانی لە هیچ شوێنێكی عێراق نامێنێتەوە. سەباح نوعمان روونیشیكردەوە، كۆنفرانسێكی سەروەری دوای ئاهەنگەكە بە سەرپەرشتیی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكرێ و راشیگەیاند، كۆنفرانسێكی گەورەیە بۆ ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكە یان وەرگرتنەوەی تەواوەتیی سەروەری، كۆنفرانسەكە رۆژی 1ـی 1ـی تشرینی یەكەم دەبێت و بانگهێشتی فەرمی بۆ سەرجەم سەركردە و هێزە سیاسییەكانی عێراق دەنێردرێ.
سەباح نوعمان: دوای 30ـی ئەیلوول یەك سەربازی بیانی لە هیچ شوێنێكی عێراق نامێنێتەوە
بینراوە:
(24)
