چۆن نەوت بووە مایەی زیان و قەیران بۆ هاووڵاتییان

بینراوە: (1)

ئاسۆ جەمال صدیق

هاوکێشەی نەوت لە هەرێمی کوردستان نموونەیەکی بەرچاوە لە دیاردەی “نەعلەتی سەرچاوەکان بەرپابوونی ئابووریی ڕەیعی (بەرخۆری)کە تێیدا کەرتی نەوت لەبری بوژاندنەوەی گشتگیر، بووە هۆی چڕبوونەوەی سامان و دەسەڵات لە دەستی نوخبەی سیاسی و زیانگەیاندن بە هاووڵاتییان.

دواکەوتن و پاشەکەوتی مووچە: لەبری خۆشگوزەرانی، فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت بووە هۆی دروستبوونی قەیرانی دارایی بەردەوام، بڕینی مووچەی فەرمانبەران و داڕمانی ئاستی بژێوی خەڵک.

پشتگوێخستنی کەرتە بنەڕەتییەکان: پشتبەستن بە داهاتی نەوت بووە هۆی پەراوێزخستنی کشتوکاڵ، پێشەسازی و گەشتوگوزار، بەمەش ئابووری هەرێم بووە ئابوورییەکی تاک-سەرچاوەی بێهێز.
لاوازبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکان: کەرتەکانی تەندروستی، پەروەردە، ئاو و کارەبا لەبری گەشەکردن، تووشی سستبوون و کەرتی تایبەتکردنی ناڕێکخراو بوونەوە.

بەستنەوەی ئابووری بە ململانێ جیوپۆلەتیکییەکان: فرۆشتنی نەوت هەرێمی خستە ژێر گوشاری دادگا نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی دراوسێ، کە لە کۆتاییدا بە ڕاگرتنی هەناردەکردن و زیانی ملیارات دۆلار بۆ ژێرخانی ئابووری کۆتایی هات.

چۆن نەوت بووە مایەی هێز و بەخێر بۆ دەسەڵاتی حزبی؟

کەڵەکەبوونی سەرمایە و ناڕوونی دارایی: شاردنەوەی وردەکاری گرێبەست و داهاتە نەوتییەکان دەرفەتی بە حوکمڕانی حزبی دا سەرمایەیەکی گەورەی دارایی بەدوور لە چاودێری پەرلەمان و یاسا کۆبکەنەوە.

دراو وەک ئامرازی مەحسوبیەت لەداهاتی نەوت بەکارهێنرا بۆ دروستکردنی تۆڕی بەرفراوانی کۆیلەوانی حیزبی و دامەزراندنی ناپێویست و بەهێزکردنی بونیادی ئەمنی و سەربازی حزبی.
سەربەخۆیی دەسەڵات لە هاووڵاتی: کاتێک حوکمەت داهاتەکەی لە فرۆشتنی سەرچاوەی سروشتییەوە دەستبکەوێت نەک لە باجی هاووڵاتییان، پێویستی بە لێپرسینەوە و شەفافیەت لەبەردەم جەماوەردا نامێنێت.

پاراستنی باڵادەستی سیاسی: داهاتی سەربەخۆ ڕێگەی دا حزبە دەسەڵاتدارەکان جڵەوی کەرتی ئابووری بەتەواوی بگرنە دەست و کێبڕکێی سیاسیی ڕاستەقینە بێکاربکەن.

لە سیستەمە بەرخۆری، کاتێک سامان بەبێ دامەزراوەی بەهێزی یاسایی و چاودێری پەرلەمانیی بەڕێوەببرێت، هاووڵاتی لە بەشداربووی ئابوورییەوە دەبێتە قوربانی قەیرانەکان، لە کاتێکدا نوخبەی سیاسی هەمان سامان وەک ئامرازێک بۆ درێژەدان بە هەژموون و مانەوەیان لە دەسەڵاتدا بەکاردێنن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 111 Today: 3,988 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.