ئەمشەو دادەخرێت.. 53 هەزار قوتابی زانکۆلاینیان پڕکردووەتەوە

بینراوە: (1.4K)

ئەمشەو کاتی پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاین کۆتایی دێت. بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 53 هەزار قوتابی زانکۆلاینیان پڕکردووەتەوە و وادەکەشی درێژناکرێتەوە.

30ـی ئەیلوولی 2025، دوایین وادەی زانکۆلاین بوو، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە مەبەستی پێدانی دەرفەتی زیاتر بە دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی، ماوەی زانکۆلاین 48 کاژێری دیکە درێژکرایەوە.

رۆژی پێنجشەممە، 1-10-2025، د. خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راگەیاند، “دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوو رۆژ کاتی زانکۆلاین درێژکرایەوە، کاتژمێر 12:00ـی ئەمشەو دوایین وادەی پڕکردنەوەی زانکۆلاینە”.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا داوا لە قوتابییان دەکات، پەلە بکەن و ئەمڕۆ فۆرمی زانکۆلاین پڕ بکەنەوە، “چونکە وادەکەی درێژناکرێتەوە”.

ئەم ساڵ زیاتر لە 57 هەزار قوتابی قۆناخی ئامادەییان تەواو کرد. د. خەتاب ئەحمەد گوتی، “تاوەکو ئێستا 53 هەزار و 250 قوتابی قوتابی ناویان تۆمارکردووە”.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەم ساڵ 57 هەزار و 980 قوتابیی بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان دەرچوون، لەوانە 42 هەزار و 257 دەرچووی بەشی زانستی، 13 هەزار و 826 دەرچووی بەشی وێژەیی، هەزار و 327 دەرچووی ئامادەیی پیشەیی و 570 دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکانن.

23ـی ئەیلوول زانکۆلاین کاراکرا. ئەم ساڵ دەرچووان دەتوانن لە 680 بەشی 16 زانکۆدا بە هەر سێ جۆری خوێندنی (زانکۆلاین، پارالێل و ئێواران) داواکاری پێشکێش بکەن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 22 Today: 69 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.