زەردەشت عەبدوڵڵا
زیاتر لە ٨٠ ڕۆژە موچە دابەشنەکراوە، کەچی بۆ ٨٠ چرکەش کاروانی تانکەرە نەوتەکانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی نەوەستاوە، ئەوە موچەخۆرانیش پێیان ناوەتە سێیەم مانگی بێ موچەوە، کەچی پارتی ویەکێتی ئامادەنین لە داهاتی ناوخۆ موچەی تەنها سێ موچەخۆریش بدەن..
چیرۆکەکە تازە نیە، لەم رۆژانەدا ڤیدیۆیەکی فواد مەعسومم بەرچاو کەوتەوە، سەرۆکی یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێم لە 1992، ئەوکات باسی کێشەی بێمووچەیی دەکرد و دەیوت کاکە دان بە خۆتاندا بگرن.
ئێستاش پارتی بە هاوبەشی و شاگردی یەکێتی دەستیگرتووە بەسەر سامانی نەوتی ونانەوتی هەرێمدا، نە دەیدات بە موچە، نە ئامادەیە بیداتە بەغداش، یەکێتی کە هەریەکە لە بافڵ تاڵەبانی وقوباد تاڵەبانی بەڕێوەی دەبەن بە هەر دەپەنجەکەیان بۆ پارتیان مۆرکردووە کە چی دەکات پشتگیر وپشتیوانی مەسرور بارزانین، چی بوێت ئەوانیش وای بۆ دەکەن، هەگبەکەی مەسرور بارزانیش هەر سوپاسی تێدایە بۆ موچەخۆر.
پارتیش، نەک موچەخۆران خەڵک و لایەنگرانی خۆیشی بێبەشکردووە لە موچەودەستی بەسەر داهاتتدا گرتووە، بەشێک لە داهاتی نەوتەکە و ناوخۆش دەچێت بۆ کوڕانی تاڵەبانی، کەسیش نەیزانی هەرەشەکەی بارزانیش چی لێ سەوزبوو کە دوو مانگ بەر لەئێستا لە بەغدای کرد.
ئێستا پارتی ویەکێتی دۆخی ملیۆنێک و 250 هەزار موچەخۆریان بەجۆرێک خراپکردووە،خەڵک دەرەتانی نەماوە وبژێوی وقوتی ماڵ ومنداڵی خەڵک بڕدراوە، دوای سێ دەیە ئەمەبوو حکومڕانی هاوبەشی پارتی و یەکێتی و نەتیجەی شۆڕشەکەمان..
















Leave a Reply