بارودۆخی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان لە چی ئاستێکدایە و گرفتەکانی چین ؟

بینراوە: (11)

سەرەتا دەبێت بەو پرسیارە دەستپێبکەین کە ئایا دۆخی پەروەردە لەهەرێمی کوردستان لەچ ئاست و بارودۆخێکدایە؟ حکومەت چیکردووە و چی دەکات بۆ بەرەوپێش بردنی کەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان ؟

بیرمەندێکی پەروەردەی ئەمریکی دەڵێت: (پەروەردە ژیانە، نەک ئامادەکردن بۆ ژیان، پەروەردە گرنگترە لە زانیارییەکان، گرنگترە لە  چۆنیەتی بیرکردنەوە)

کەواتە هەر کۆمەڵگەیەک تا پەروەردە نەخاتە پێشەوە و نەیکاتە هەنگاوی یەکەمی چارەسەری گرفتەکانی خۆی، هیچ کاتێک ئارامی و خۆشنودی و ژیاری نابینێت.

زیاتر لە سی و پێنج ساڵە ژیانی کۆمەڵگەی کوردی بەهۆی بێ پلانی و گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی پێگە و پایەکانی شێوازی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا لە لایەن دوو پاتی دەسەڵاتداری یەکێتی و پارتی، شێواوی و پاشاگەردانی و عەقڵی تەسک و بچوکی خێڵگەرایی و ئابوری بەناو سەربەخۆ، خەڵکی ئەم هەرێمەیان توشی داڕمان و بێ ئومێدی و گرفتی گەورە کردووە، سێکتەری پەروەردەش وەک هەموو بەش و سێکتەرەکانی دیکە بێ خزمەت و پەراوێزخراوە و لەوپەڕی وێرانیدایە.

هۆکاری یەکەمی گرفتەکانی پەروەردەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە وەزیری پەروەدەوە هەیە، توانای چارەسەرکردنی گرفتەکانی نییە و تەنانەت ڕێگەش نادات پسپۆر و شارەزایانی پەروەدەیی ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە چاککردنی سیستەمی پەروەردە و فێربوون، جەنابی وەزیر ئەوەندەی سەرقاڵی موزایەدەی حزبی و چالاکی حزبییە، ئەوەندە سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکی تۆکمە نەبووە بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان.

شایەنی باسە قەیرانی پەڕوەردە لە هەرێمی کوردستان لەم چەند خاڵەدا کۆ دەکرێنەوە:

١- نزمی ئاستی خوێندن و زانستی قوتابیان.

٢- نەبونی پلانی باش بۆ بەرزکردنەوەی توانایی مامۆستایان.

٣- کەمی بودجەی پەروەردە.

٤- گرنگی نەدان بە پرۆسەی پەروەردە و فەلسەفەی پەروەردەیی.

٥- تێکەڵکردنی پرۆسەی پەروەردە بەمەبەستی بەرژەوەندی تایبەت و بازرگانی.

٦- بوونی کێشە وگرفت لە بەشەکانی هەیکەلی وەزارەتی پەروەردە.

٧- نەبوونی پلانێکی داڕێژراوی تاقیکراوەی پەروەردەیی لە پێناو کوالێتی بەرزی خوێندن و فێربوون.

٨- گرفتی خراپی پرۆگرامەکان و نەگونجاندنیان لەگەڵ ژیان و ژیاریدا.

٩- نەبوونی پەروەردەیەکی گونجاو لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم وەک بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و هۆکارەکانی تر.

هەروەها بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی پەروەردە پێویستە ئەمانە جێبەجێبکرێت:

وەک دەزانن پەروەردە بەهێزترین چەکە بۆ گۆڕینی جیهان و گەشەی مرۆڤایەتی، هەربۆیە بۆ دەرچوون لە قەیرانی پەروەردە، پێویستە ئەمانە جێبەجێبکرێت:

١- باشترکردنی دۆخی ژیانی مامۆستایان لە ڕووی دارایی و کۆمەڵایەتییەوە.

٢- دانانی شکۆ و ڕێز بۆ مامۆستایان وەک پارێزبەندی.

٣- ڕاهێنانی بەردەوامی مامۆستایان و خولی بەهێزکردن بۆیان.

٤- دۆزینەوەی سەرچاوەی داهاتی نوێ بۆ پەروەردە.

٥- گرنگیدان بە گەشەی کەسایەتی قوتابی و بە چەقکردنی لە پرۆسەکەدا.

٦- پەروەردەی ئاکاری و نیشتمانی دابینکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان.

٧- لابردنی کۆسپەکانی بەردەم پرۆسەی پەروەردە و فێربوون.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 47 Today: 3,747 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.