ڕابەر عەلی – چالاکوان
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، دۆخی بەڕێوەبردنی کەرتی ووزە لە هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی لە بەغداد پیشاندەری کەمبوونی پلاندانانی ستراتیجی و نەبوونی پلانێکی درێژخایەن بووە. ئەم کەمبوونە نەک تەنها لە ڕێکخستنی بەرهەمهێنان و دابینکردنی نەوت و غاز و بەنزین دەردەکەوێت، بەڵکو زۆرتر لە نەبوونی کۆگاو و عەمبارە گرنگەکاندا ڕوون دەبێتەوە کە پێویستن بۆ پاراستنی ئەم سەرچاوە سەرەکییانە لە کاتی قەیرانەکاندا.
بەردەوامبوونی ناکۆکییە سیاسییەکان نێوان هەرێم و بەغداد و نەبوونی هاوتەریبی لە نێوانیاندا وای کردووە کە زۆرێک لە بڕیارە گرنگەکان دوا بکەون یان بە شێوەیەکی ناتەواو جێبەجێ بکرێن. لە هەمان کاتدا، خراپی بەڕێوەبردنی دارایی و کەمبوونی وەبەرھێنان لە بواری ژێرخانی ووزەدا بووەتە هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوەی کە ئەم حکومەتانە نەتوانن کۆگای ستراتیجی درووست بکەن کە بتوانێت لە کاتی پێویستدا پشتگیریی ئاسایشی وزە دابین بکات.
بەڵکو هەندێک جار بە شێوەیەکی ئەنقەستیش دروست دەکرێن.کەم تەرخەمی لەم بوارەدا و درووستبوونی قەیرانی دەستکرد لە کاتی هەستیاردا، دەبێتە هۆی بەرزبوونی داواکاری و نرخەکان، کە لە کۆتاییدا قازانجی زیاتر دەگەیەنێت بە کۆمپانیا تایبەتییەکان. ئەمەش لە کاتێکدایە کە زۆرێک لەو کۆمپانیایانە خاوەندارێتی یان دەگەڕێتەوە بۆ خەڵکانی دەسەڵاتدار و پلە و پۆست و مەنسەبیان بەکاردەهێنن بۆ ڕووتاندنەوەی خەڵکی و دەوڵەمەندکردنی کۆمپانیاکانی خۆیان،ئەم کەمتەرخەمی و بێ پلانیەی حکومەت پرسیاری گەورە لەسەر شفافیەت و دادپەروەری دروست دەکات.
ئەنجامی ئەم دۆخە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە کار لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیاندا دروست دەکات. لە کاتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو، وەک ئاڵۆزی سیاسی یان کێشەی ئابووری، زوو قەیرانی کەمبوونی کارەبا و بەنزین و غاز دروست دەبێت و نرخەکان بەرز دەبنەوە، بە تایبەتی لە وەرزی زستان کە پێویستی بە وزە زیاترە. لەگەڵ ئەمەشدا، وەستانی هەندێک چالاکی ئابووری و پیشەسازی کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر بازاڕ و ئاستی ژیانی گشتی دروست دەکات.
بە گشتی، ئەم دۆخە پیشاندەری ئەوەیە کە بوونی سەرچاوەی سرووشتی بە تەنیایی بەس نییە، بەڵکو چۆنیەتی بەڕێوەبردن و پلاندانانیان گرنگترین ڕۆڵ دەگێڕێت. لە هەمان کاتدا، ئەو گومان و بۆچوونانەی کە باس لە درووستکردنی قەیرانی دەستکرد و تێکەڵبوونی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات و کۆمپانیاکان دەکەن، دۆخەکە زیاتر ئالۆز دەکەن و پێویستی بە لێکۆڵینەوە و ڕوونکردنەوەی زیاتر هەیە. لە ئەنجامدا، نەبوونی کۆگاو عەمبار و پلانی ڕوون وای کردووە کە کۆمەڵگا بەردەوام لە هەڕەشەی قەیراندا بێت و هاوڵاتیان بە شێوەیەکی بەردەوام لە بارودۆخی نا جێگیر و قەلەقی و دڵەڕاوكێ دا بژین.















Leave a Reply