پەیامی مەدەنیی ڕەوەندی کوردی لە شاری لەندەن؛ ڕێپێوانێکی بەرفراوان بۆ داواکارییەکانی چاکسازی و سەروەریی یاسا بەڕێوەچوو

بینراوە: (1)

لەندەن — لە چوارچێوەی بەردەوامی چالاکییە مەدەنییەکان لە دەرەوەی وڵات، شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا شایەتی ڕێپێوانێکی بەرفراوان بوو کە لەلایەن ڕێکخراوی داکۆکەوە ڕێکخرابوو. چالاکییەکە بە بەشدارییەکی بەرفراوانی نوێنەرانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی ڕەوەندی کوردی بەڕێوەچوو، بە مەبەستی خستنەڕووی ناڕەزایەتی بەرامبەر دۆخی سیاسی و دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان.

کۆبوونەوەی بەشداربووان لە بەردەم نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری لەندەن دەستی پێکرد. ئامادەبووان بە دروشمی سەرەکیی «بەرەو کۆتایی پێهێنان بە ستەمکاری ‌حوکمڕانی بنەماڵەیی لە کوردستان!» بەپێ بەرەو باڵوێزخانەی عێراق کەوتنەڕێ، تاوەکو دەنگی ناڕەزایەتییەکان لەسەر ئاستی بەریتانیا و ناوەندە دیپلۆماسییەکان ببیسترێت.

لە میانی بەڕێوەچوونی چالاکییەکەدا، بەیاننامەی فەرمی و داواکارییەکانی ڕێکخەران خسترانەڕوو کە چوار تەوەرەی بنەڕەتییان لەخۆدەگرت:

  • کۆتاییهێنان بە حوکمی بنەماڵەیی: شەرمەزارکردنی پەکخستنی کارەکانی پەرلەمان، درەنگکەوتنی بەئەنقەست لە پێکنەهێنانی حکومەت و ڕەتکردنەوەی هەوڵەکان بۆ زەوتکردنی ئیرادەی گەل و ئاڵوگۆڕی دیموکراتییانەی دەسەڵات.
  • داواکاری بۆ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری: ئیدانەکردنی دەستتێوەردان و ملکەچبوونی سیستەمی دادوەری لە هەرێمی کوردستان بەرامبەر بڕیارە حیزبی و بنەماڵەیییەکان، بە مەبەستی گەڕاندنەوەی متمانە بۆ دادگاکان.
  • سەروەری لە بڕیارە سیاسییەکاندا: شەرمەزارکردنی سەربەخۆنەبوونی بڕیاری سیاسی لە هەرێم و ڕەتکردنەوەی جێگیربوونی هەژموونی وڵاتانی ناوچەکە لەسەر حیزبە حوکمڕانەکان.
  • قەدەغەکردنی بەکارهێنانی هێزی چەکدار: ڕاگرتنی بەکارهێنانی چەک و دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ سەرکوتکردن و کپکردنی دەنگە ناڕازییەکان، لەگەڵ بنبڕکردنی بەکارهێنانی هێزی چەکدار بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێ ناوخۆیی و سیاسییەکان.

لە کۆتایی ڕێپێوانەکەدا، ڕێکخراوی داکۆک ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم چالاکییە هەنگاوێکە لە پڕۆسەیەکی بەردەوامدا و یاداشت و داواکارییەکانیان دەگەیەننە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ و پەرلەمانی بەریتانیا، تاوەکو فشارە ديپلۆماسى و مەدەنییەکان بۆ بەرژەوەندی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان بەردەوام بێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 139 Today: 2,541 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.