کۆسرەت دڵشاد محمد
ئەمڕۆ جەنابی سەرۆکی حکومەت بە دەمێکی پڕ لە متمانە و چاوێکی پڕپڕ لە دڵسۆزی و بەزەییەوە، مژدەیەکی تری بە گوێی جیهاندا دا و فەرمووی: ئێمە لە هەر کەسێک پەرۆشترین بۆ دۆخی ئابووری عێراق و کوردستان!ڕاستییەکەی ئەم قسەیە هێندە قورس بوو، نزیک بوو عەلاگەی پیاز و پەتاتەی دەستی خەڵک لە ناوبازاڕ لەبەر شەرمەزاری بتەقێت. جەناب، تکایە کەمێک بەزەیتان بەم “پەرۆشییە” بێتەوە، چونکە ئەم میللەتە خەریکە لەژێر سایەی ئەم هەموو دڵسۆزییەی ئێوەدا دوا هەناسەکانی دەدات.
پێویستە هەموومان بە کۆمەڵ داوای لێبوردن لە جەنابی سەرۆک بکەین. ئێمە چەند دڵڕەق بووین کە وامان دەزانی ئەو خەمی گیرفانی خۆی و کۆمپانیا سێبەرەکانیەتی! کەچی تازە بۆمان دەرکەوت ئەو خەریکە لەبەر خەمی ئابووری ئێمە خەوی لێ ناکەوێت. تەنها کێشەکە ئەوەیە “پەرۆشییەکەی” ئەو و “برسێتییەکەی” ئێمە وەک دوو هێڵی تەریبن؛ ئەو پەرۆشە بۆ ئەوەی داهاتی ناوخۆ “وون” بێت، ئێمەش پەرۆشین بۆ ئەوەی بزانین بۆ کوێ وون بووە!
جەنابیان ئەوەندە خەمی ئابووری عێراقیانە، نایانەوێت بە ناردنی نەوت و پڕکردنی خەزێنەی بەغدا، بەرپرسانی عێراق تووشی گەندەڵی بن. بۆیە زۆر دڵسۆزانە داهاتەکە لای خۆیان بە ئەمانەت دەهێڵنەوە، تاوەکو نەک بخرێتە ناو بودجەی عێراق و میللەت پێی تێر بێت!
جەنابی سەرۆک وەزیران وا باسی پەرۆشی ئابووری دەکات، وەک ئەوەی ئێمە لە سویسرا بژین و تەنها کێشەمان ئەوە بێت ڕەنگی ئۆتۆمبێلەکانمان لەگەڵ ڕەنگی چاوەکانمان ناگونجێت. جەنابان! پەرۆشییەکەتان گەیشتووەتە ئاستێک کە:
تەنها شتێک لەم بازاڕەدا گەشە بکات باج و سەرانە و کۆمپانیای سێبەرەکانتانن.
گەنجی ئەم وڵاتە لەبری پڕۆژەی ئابووری، نەخشەی چۆنیەتی گەیشتن بە کەناراوەکانی ئیتاڵیا دادەڕێژێت، چونکە پەرۆشییەکەی ئێوە لێرە جێگەی بۆ کەس نەهێشتووەتەوە.
ئەم ڕستەیەی “ئێمە ئێمە زیاتر لە هەر کەسێک بە پەرۆشین”، لوتکەی تەنزی تاڵە. وەک ئەوە وایە گورگ بە مەڕەکە بڵێت: باوەڕ بکە من لە شوانەکە زیاتر خەمی تەندروستییەکەتم، بۆیە دەتخۆم تا چیدی ئازاری تینوێتی و سەرما نەچێژیت!
کێ وەک ئێوە پەرۆشە؟ کە داهاتی خاڵە سنوورییەکان بە ڕۆژی ڕووناک وون دەکەن و بە خەڵک دەڵێن پشکمان نییە.
کێ وەک ئێوە دڵسۆزە؟ کە کاتێک خەڵک بۆ وەرگرتنی مووچەی سێ مانگ جارێک دەچێتە سەر شەقام، بە “
تەقەی پەرۆشی و گازی فرمێسکڕێژی دڵسۆزی وەڵامی دەدەنەوە.
جەنابی مەسرور بارزانی، ئەگەر ئەمەی ئێستا دەیبینین ئەنجامی پەرۆشی بێت، دەکرێت بۆ خاتری خوا کەمێک ڕقتان لێمان بێت؟ بەڵکو لە سایەی ڕقەکەتاندا مووچەیەک لە کاتی خۆیدا بێت، کارەبایەک هەبێت و بازاڕ کەمێک ببووژێتەوە. چونکە ئەم پەرۆشییەی ئێوە وەک باوەشی ورچ وایە؛ هەرکەسێک بگرنە باوەش، لە زۆریی دڵسۆزیدا پەراسوەکانی دەشکێنن.
تکایە کەمێک بێباک بن! بەڵکو بە بێباکیی ئێوە، ئێمە هەناسەیەک بدەین. چونکە هەتا ئێستا هەرچی لێدوان و مژدە و پەرۆشی هەبووە، تەنها بۆ پڕکردنی گیرفانی چەند کەسێک بووە و بۆ خەڵکی ڕەشووڕووت تەنها
دوعای خێر و هەژماری من ماوەتەوە..
وتنی ئەوەی کە “پەرۆشترین”، لە کاتێکدا میللەت چاوی سپی بوو بۆ نیو مووچە، وەک ئەوە وایە بە تینوویەک بڵێیت: من زۆر خەمی تینوێتیتم، بەڵام ئاوەکە تەنها بۆ ئاودانی باخچەی ڤێلاکەی خۆمە!ئابووریی کوردستان پێویستی بە پەرۆشی ئێوە نییە، پێویستی بە دەستپاکیو دادپەروەری هەیە، کە ئەمانەش دوو وشەن لە فەرهەنگی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکانتاندا
جێگەی نەبۆتەوە…















Leave a Reply