عەبدوڵا عەبدولخالق عەبدوڵا
شەڕی گەرمی براکوژی ساڵی ١٩٩٦ کۆتای هات و ڕاستەوخۆ شەڕی سارد دەستی پێکرد کە تا ئێستاش نازانرێ ئەم شەڕە ساردەی نێوان کورد بەتایبەتی پارتی و یەکێتی کەی کۆتای یەت؟
بەهۆی شەڕی ساردی نێوان پارتی و یەکێتیەوە جار لەدوای جار کورد خاک، سامان، دەسەڵات، هەیبەت، شکۆ…هتد لەدەست ئەیات، هەر بەهۆی شەڕی ساردەوە سلێمانی کرا بەشاری عەسابەکان و هەولێریش کرا بە ئەربیل!
بەهۆی شەڕی ساردی نێو ماڵی کوردەوە، کورد لە شەریک و پێکهێنەری سەرەکی حکومەتی عێراقەوە گۆڕا بۆ بەشداریپێکراو، بەهۆی شەڕی سارد و ناتەبای نێوان حیزبەکان و پشتکردنیان لەیەک و نزیکبوونەوەیان لە حیزبە نەیارە عێراقیەکان بۆ مافی گەلی کورد، بودجەی هەرێم نەک هەر کەمکرایەوە بۆ ٪١٢ بەڵکو هەر بەتەواوەتیش بڕا، هەر بەهۆی شەڕی ساردەوە ٪٥١ی خاکی کوردستان لەدەستدرا، نەک ڕێگە بە پێشمەرگە نایرێ بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە بەڵکو ڕۆژانە پۆست و پلە باڵاکان لە کورد ئەسەنرێتەوە. بەهۆی شەڕی ساردەوە چەندین ساڵ شۆڤێنییەکی عەرەب کرایە پارێزگاری کەرکوک، ئێستاش وا روون بووەتەوە یەکێتی لە سەری ساڵەوە دیسان پۆستی پارێزگار رادەستی عەرەبە شۆڤێنییەکان دەکاتەوە! بەهۆی شەڕی ساردەوە تەعریب زۆر لەسەردەمی ڕژێمی بەعس خێراتر جێبەجێ ئەکرێ و تاوانباری سەرەکیش خودی کوردی ناتەبایە.
هەر بەهۆی شەڕی ساردەوە کورد ناتوانێ بەتەبایی و یەکڕیزی وەک بەرەیەکی یەکگرتوو نوێنەرایەتی گەل و کێشەکانی بکات لە عێراقێکا کە خودی کورد هاوبەشی سەرەکی دروستکردنەوەی بوو، لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار نەک خوێنی یەکتر ئەخۆنەوە بەڵکو ئێسقانی یەکدیش ئەشکێنن، هەر خودی کورد خۆی لەڕێی ڕاگەیاندن و سەردانی کردنیان بۆلای لایەنە عێراقیەکان باس لەگەندەڵی دزی و دەست پیسی یەکتر ئەکەن و بیریان ئەهێنەوە کە ئەمان چ ماڵێکن، هەرکاتێک دەسەڵاتیان لابێ کاری سەرەکیان پڕکردنی گیرفانی خۆیان و خزم و کەس و حیزبەکەیانە نەک خزمەتکردنی هاوڵاتیان.
لای لایەنە عێراقییەکان یەکتری بەوە تاوانبارئەکەن ئەگەر جارێک لەجارەکان کاربەدەستی لایەنێکیان لەبری عێراقچێتی کارێکیان لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستانا کردبێ، ئیتر ئەوە وەک تاوان و خیانەت بەرامبەر عێراقی عروبە بیری شۆڤێنیە عەرەبە ڕەگەزپەرست و دوژمنانی سەربەخۆی کوردستانی ئەهێنەوە، کە لەڕاستیا ئەبێ ئەمە کاری ئەوان بێت.
سلێمانی کە لە دروست بوونیەوە شاری ڕۆشبیران و هونەر و کەڵە شاعیرانی نمونەی پێرەمێرد بووە، ئەوەی شەڕی سارد بۆ سلێمانی زیاکرد تەنها ناوێکە “پایتەختی ڕۆشنبیری” کە هیچی نەخستۆتە سەر خەرمانی پڕ و ئاڵ و دروەشاوەی شار، سلێمانی لە دروست بوونیەوە شاری هەڵمەت و بەخشین و ئازادی خوازی بووە کە جۆش و خوێنی گەرمی لاوانی شار هەمیشە بزوێنەری کۆی هەر جوڵانەوەیەکی کوردی بووە لە هەر شوێنێکی وڵاتا سەریهەڵابێ، ئەوەی شەڕی سارد بۆ “شاری هەڵمەت و قوربانی” زیاکرد تەنها گۆڕنی ناوەکەی بوو بۆ شاری تۆڵەسەندنەوە و پشت شکانی یەکتری.
بەهۆی شەڕی ساردەوە پارتیەکانی سلێمانی بەردەوام لەهەوڵی شکانەوەی زیاتری سلێمانیان و باس لەوەئەکەن ئەگەر پارتی حکومڕانی سلێمانی بوایە ئەوا سلێمانیش وەک هەولێر و دهۆک خزمەتئەکرا، بێ ئەوەی ئاگایاربن دان بەوەیا ئەنێن کە پارتی سزای سلێمانی ئەیا چونکە خەڵکی ئەو شارە دەنگ بەو حیزبە نایەن، ئەمەش خۆی لەخۆیا نەنگیەکی گەورەیە بۆ پارتی و حکومڕانیەکەی.
با بێینە سەر هەولێر، شەڕی سارد هەولێری لە شاری مێژووییەوە گۆڕی بۆشاری خەونی چۆلەکەکان، هەولێرێک کە بە قەڵا و منارە ئەناسرایەوە ئێستا باڵەخانەی بەرزی عەرەبنشین جێگای گرتۆتەوە. شەڕی سارد هەولێری کرد بە دەریاچە، لەگەڵ هەر باران بارینێکا دانیشتوانەکەی ئەبێ لەترسی نقوم بوون ئێشک بگرن. شەڕی سارد هێدی هێدی سیمای هەولێری لە شارێکی کوردی ڕەسەنەوە بەرەو شارێکی تێکەڵ و پێکەڵ و چەسپاندنی نەتەوەی دووەم “نەتەوەی عەرەب” ئەبات. بەهۆی شەڕی ساردەوە یەکێتی و لایەنە نەیارەکانی تری پارتی لە هەولێر چاویان لەسەر دەسەڵاتداری ئەو شارەیە و لەگەڵ دەرکەوتنی هەر هەڵەیەک کۆی ئەو خزمەتگوزاری و ژێرخانەی کە بۆ هەولێر کراوە هاوتا بەسفر ئەکەنەوە، لەکاتێکا بەشێکیان بەتایبەتی یەکێتی کە سی ساڵە حوکمڕانی موتڵەقی سلێمانیەو نەیتوانیەوە چارەکێکی ئەو ژێرخان و خزمەتگوزارییەی بۆ هەولێر و دهۆک کراوە لە سلێمانیا جێبەجێی بکات، بگرە هەر پرۆژەیەک لەڕێی کۆمپانیاکەی خۆیانەوە نەبێ ئاستەنگی بۆ دروست ئەکەن.
ئەوەی دوژمن ڕاستەوخۆ لەڕێی کوشتن و سڕینەوەو داگیرکردنی خاکەوە بۆی جێبەجێنەکرێ ئەوا زۆر بەئاسانی بەبریکار لەڕێی شەڕی ساردەوە بە لایەن و حیزبە کوردیەکانی ئەکەن.
















Leave a Reply