ڕێباز عوسمان
ساڵێک لەمەوبەر کوڕە گەورەکەی جەلال تاڵەبانی کە خۆی بە جێگرەوەی باوکی دەزانێت! شار بە شار دەگەڕا و بانگەشەی بۆ حزبەکەی دەکرد و بەڵێنی گەورە گەورەی بە لایەنگرانی حزبەکەی و هاوڵاتیان دەدا.
سەرجەم بەڵێنەکانی بافڵ تاڵەبانی خۆیان لە دژایەتیکردنی پارتیدا دەبینیەوە، بەڵام ئەوەی زۆر جێگەی سەرنج بوو چەند شتێک بوو. یەکەمیان بابەتی رووخاندنی دەسەڵاتی پارتی و خودی مەسرور بارزانی بوو، بافڵ وتەنی جەنابی مودیر عام! وای لە خەڵک دەگەیاند کە دوای هەڵبژاردن هەموویان دەنێرێتەوە لۆ مارێ بۆ ناوچەی بارزان و وەهاب هەڵەبەبجەییش دەکات بە محافزی بارزان! وەهاب هەڵەبجەییەک کە دەستی سوورە بە تیرۆرکردنی چەندین کەس و لەناویاندا هاوکار جافی گەورە بەرپرسی ئەمنی، تا ئێستاش وەهاب فەرمانی لەسێدارەدانی لە دادگای هەولێر هەیە، کەچی بافڵ تاڵەبانی نەک رادەستی ناکات، بەڵکوو کردوویەتی بە فەرماندەی دژەتیرۆر!! بەڕاستی جوانە، تیرۆریستێک بکەیت بە فەرماندەی هێزی دژەتیرۆر!!
دوای هەڵبژاردن چی روویدا؟ مەسرور بارزانیی ناردەوە لۆ مارێ ؟ نەوەڵا برام، خۆی ڕێگەی پیرمامی کرد بە ڕێی کانی و هەموو سەری هەفتەیەک دەچوو بۆ دیدەنی مەسرور بارزانی و جێگریی و داردەستیی خۆی بۆ جەنابی مودیر عام دوپات دەکردەوە، تا لەو حکومەتەی بەتەمان پێکی بهێنن، قوباد تاڵەبانیی برای ئەمجارەش بکەنەوە بە جێگر و جانتاهەڵگر!
ئێستاش کە نزیکەی مانگێک ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دیسانەوە بافڵ هاتووەتەوە سەر شاشە و بە روویەکی قاییمەوە دەڵێت، هەر بە ئێمە دەکرێت و ئێمە بڕیار دەدەین! ئاخر جەناب تۆ لەودیو دێگەڵەوە حسابی چڵە پوشێکت بۆ ناکرێت، لەوەتەی تۆ هەیت خۆت و بنەماڵەکەشت جانتاهەڵگر و داردەست و جێگری پارتی بوون، هەر تاکە بەڵێنێکتە بەڵێنەکانی ساڵێک لەمەوپێشت جێبەجێ نەکردووە، ئێستا بە چی روویەکەوە داوای دەنگ لە خەڵک دەکەیت !؟
سەیرە هاوڵاتیانی ئەو هەرێمە خێر لە خۆ نەدیوە، ٣٤ دانە ساڵی رەبەقە باوەڕ بە دۆرکانی پارتی و یەکێتی دەکەن، ئیتر کاتی نەهاتووە تۆڵەیان لێ بکەنەوە و پێیان بڵێن ئیتر بەسە ؟
هەر بە ئێمە دەکرێت!!

بینراوە:
(15.0K)















Leave a Reply