هاوپەیمانی نوێ..دژ بە دوژمنی نوێ..!!

بینراوە: (3.6K)

کامەران عەزیز

پڕۆژەی نێو دەوڵەتی (هاوپەیمانی ئیبراهیمی) تایبەتە بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ناوەندی ململانێکانی جیهانە.

ئەم هاوپەیمانیە بنەمایەکی ئایینی هەیە، کە دەگەڕێتەوە بۆ حەزرەتی ئیبارهیم یان ئەبراهام کە باباگەورەو پێغەمبەری هاوبەشی هەرسێ لە ئایینی (ئەبراهیم)ی‌ ئاسمانی‌یە کە بریتین لە (جوولەکەو مەسیحیەت‌و ئیسلام). پێگەی (ئەبراهام/ئیبراهیم) پێگەیەکی پیرۆزو گەورەی هەیە لە هەرسێ ئایینە یەک خوداییەکەدا، کە ناسراوە بە باوکی گەورەی گەلانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 

بەڵام هەرزوو لەلایەن دەوڵەتی ئێران و قەطەر و هەندێ وڵاتانی عەرەبی و ڕیکخراوەکانی فەلەستین بە هۆکاری (خیانەتکردن)  بە کەیسی فەلەستین و پیرۆزی موسڵمانان رەخنەی لێگیراو نەفی کرایەوە.

هاوپەیمانی ئەبراهیمی یەکێکە لە پلانی نوێ‌ی ئابوری و سیاسی لە‌ ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، ئەم پلان و پڕۆژەیە نوێ‌یە تایبەتە بە کێشە مێژووییە سیاسی‌و ئایینی‌و نەتەوەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت کێشەی سیاسی  نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و فەلەستینیەکان و وڵاتانی عەرەبی، کە نزیکەی سەدەیەکە لە شەڕو ناکۆکیدان.

ئەم هاوپەیمانیە دەیەوێت ئاشتی لە نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و تەواوی ئەو دەوڵەتانەی کە باکگراوەندی ئایینی ئیبراهیمیان هەیە (جولەکەو مەسیحی و ئیسلام) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ئاسیاو ئەفەریقا بەدیبهێنن. تا لە ڕێگای ئەم ئاشتیەوە ئەم هاوپەیمانیە فراوان بکەن، ببێت بە هێزێکی گەورەی ناوچەیی دژ بە (دوژمنی نوێ) کە ئایینی کۆنفۆشیۆس و بودی‌و وڵاتی چینە..!

ئەم هاوپەیمانیە دەیانەوێت زۆر بە خێرایی (پرۆسەی ئاشتەوایی)و چالاکی دیپلۆماسی و ئابوری و سیاسی و تەکنەلۆژی و پیشەسازی و کولتوری دەست پێبکەن تا بتوانن بەم ئامانجە کاتی ‌و تاکتیکیانەی خوارەوە بگەن:

١/ دروستبونی کێشەی گەورە بە تایبەت بۆ گروپی BRICS و پڕۆژەی EUR-ASIA تا لە ئاییندەیەکی زۆر نزیکدا ئەم گروپە توشی شەلەل بکەن و نەتوانێت بە ئامانجە ئابوری و سیاسیەکانی بگات.

٢/ بە دروستبونی پەیوەندی دیبلۆماسی و هەلومەرجی ئارامی سیاسی و ئاشتی تەواو لە نێوان ئیسرائیل زۆرینەی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست. دەیانەوێت دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لە گروپە پەرگیرەکانی وەک ( حەماس و حیزبوللە) و ئایدۆلیژیستەکان داببڕن و کۆتایی بە ڕۆڵی ئێران بهێنن لە کێشەی سیاسیەکانی گەلی فەلەستین و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست.

٣/ دەیانەوێت بە زوویی چارەی کێشەی سیاسی فەلەستین بکەن، وە دەستبکەن بە ئاوادانکردنەوەی شاری(غەزە) و بینا کردنەوەی شارە وێرانەکانی نێو دەوڵەتەکانی ئەم ناوچەیە بە تایبەت لوبنان و فەلەستین، تا بتوانن متمانەی تەواو هەم لە دەرونی خەڵک و هەم لە دەوڵەتانی عەرەبی بەرامبەر بە  دەوڵەتی ئیسرائیل و ئەمەریکا دروست بکەن.

٤/ دەیانەوێت بە ناوی ئاشتی و ئارامی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دروستبونی دەوڵەتچکۆیەکی (فەلەستین)ی کۆتایی بە دوژمنایەتی مێژویی نێوان هەرسێ ئایینی ئیبراهیمی و ئاسمانی بهێنن و ، ئاراستەی شەڕی ئایدلۆژی و سیاسی دژ بە ئیسرائیل و  ئەمەریکا بگۆڕن  بەرەو ئاراستەی (دوژمنێکی نوێ).

هەر ئێستا دۆناڵد ترەمپ (هاوپەیمانیەکەی فراونکردوەو کە چەند دەوڵەتێکی تازەی کردۆتە ئەندام وەک دەوڵەتی ( سعودیەی عەرەبی، میسر، ئوردن، سوریا و قەطەرو لوبنان …هتد).

هەموو هەوڵێک دەدەن تا ئەم هاوپەیمانیە فراوان بکەن، ترەمپ بە فشاری سەربازی بێت یان دیبلۆماسی هەموو هەوڵێک دەدات کە (ئێڕان و عێراق و تورکیا)بهێنێتە نێو ئەم هاوپەیمانیەتە، وە سەرکەوتنی ئاییندەو ستراتیژی ئەم هاوپەیمانیە پەیوەستە بە بەشداری هەرسێ دەوڵەتی(تورکیاو ئێران و عێراق)، ئەگەر ئەم سێ دەوڵەتە  بتوانن لە هاوپەیمانی ڕوسیاو چین بێنە دەرەوە..!

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 183 Today: 1,380 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.