کارزان ئاوات عەبدوڵا
تا ئەو شوێنەی توانای خوێندنەوە و بینین ڕێگەمان بۆ شلدەکات، دەکرێ ببینین مێژووی جیهان پڕی لە ئەزموونی سیخوڕییە. سیخوڕیی بەو پرۆسەیە دەگوترێ کە لەناو خاک و هێز و توانای دوژمنەکەتەوە تۆ کار بۆ نیشتیمان و گەلی خۆت بکەیت. سیخوڕ ئەو کەسەیە کە هەموو نەفرەتێک دەخاتە سەر شانی خۆی لە پێناوی ئەوەی کارێکی نەکردە و ترسناک بسازێنێ کە لە توانا و وزەی کەم کەس دا هەبن. لە جیهان دا ئەزموونی سیخوڕەکان شوێنی لێوردبوونەوە و لەسەر وەستان و گەڕانێکی قووڵە. دواجار ئەگەر چی سیخوڕەکان ناتوانن بە ئاسانی لەنێو شار و خەڵکانی خۆیان دا بژین و وەک مرۆڤێکی ئاسایی درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن، بەڵام شوێنی شەرافەتمەندی و بەرز تەماشاکردنن. سیخوڕیی لە ڕۆژئاوا و لەنێو ئەو گەلانەدا کە بەنێو شۆرشی ڕزگاریخوازی دا تێپەڕیوون مانایێکی جیاواز و ئەزمونێکی جیاوازیان هەیە. ڕەنگە سەرنجڕاکێشترینیان ئەو سیخوڕانەبن کە گەلی جولەکە لە دونیادا چاندونی.
ئایا کورد بە مێژووی خۆی سیخوڕی هەبووە، یاوەخوود توانیویێتی ئەو ڕێگە ترسناکانە بدۆزێتەوە بۆ ناو هێز و خاکی دوژمنەکانی؟ کورد چۆن لە ماناکانی سیخوڕیی تێگەیشتووە؟
بەدرێژایی مێژووی جوڵانەوەکانی کورد، کوردان بەو شێوازی سایکۆلۆژییەی کە پڕی لە گرێی خۆ بە کەم زانینە هەمیشە وەک سیحرێک لە دوژمنەکانی خۆی ڕوانیووە. هێز و توانا و سەرۆکەکانی بێگانەی بە خوداوەند و گەورەتر لە خۆی بینیوە. لێرەوە دەکرێ بە خوێندنەوەمان بۆ کۆی جوڵانەوەکانی کورد لە ڕابردوودا بگەینە ئەو شوێنەی کە کورد هەرگیز سیخوڕی نەبووە. کورد بۆی نەکراوە کەلەبەرەکانی ناو هێزی دوژمنەکانی خۆی ببڕێ و لەوێوە خزمەت بە دۆزی گەلی خۆی بکات.
کورد پرۆسەیێکی دی هەیە کە دەشێ ناوی لێبنێین خۆفرۆشی، یاوەخوود وەکو ئەوەی کە بە جاش ناودەهێنرێن و جۆرێکە لە بەکرێهێنان و گۆڕینەوەی بەهای نیشتیمانییە لەبەرانبەر پارە و سامان. ئەو مرۆڤە دەگەڕێ کەلێن و کەلەبەرەکانی هێز و توانای گەلەکەی خۆی بدۆزێتەوە و لەوێوە لەسەر شکانی دۆزی گەلەکەی خزمەت بە دوژمنەکانی بکات. سیخوڕیی لای کوردان، دۆخێکە پێچەوانە دەبێتەوە و هەمیشە سیخوڕی کورد، بە دیووە کوردییەکەی دا خۆفرۆشە و بەو دیووەی دیش کە بەلای دوژمنەکانی دا دەشکێتەوە کارەکتەرێکی بێڕەوشتە. بێڕەوشت لە دیدی دوژمنەکانییەوە.
بێڕەوشت ئەو مرۆڤەیە، ڕووە نێرینەکەی خۆی کردۆتە میللەتەکەی و پشتەوەشی کە ڕوویێکی مێینەی هەیە لە دوژمنەکەیێتی. کورد بەو پێیەی کە مرۆڤانی بێڕەوشتی زۆری تێدا چێنراون و زۆر و زەوەنەبوون، هەمیشە لەشکرێک خۆفرۆشیشیان بۆ کورد پەروەردە کردووە. لێرەوە لە پەروەردە کردنەوەی کارەکتەری کوردا دەکرێ بیرێک لەوە بکەینەوە کە نیشتیمان و خاک و دۆز و میللەتی کورد، بەبایەخ و بەهاوە لەناو خود و ناخودئاگایی مرۆڤانی کوردا بچێنین و لەجێی ئەوەی خۆفرۆش و بێڕەوشت پەروەردە بکەین، بتوانین وانەکانی سیخوڕیی بە بەرژەوەندی نیشتیمانی کوردان دا پێچەوانە بکەینەوە. سیخوڕ ئەو مرۆڤەیە سروشتی میللەت و خاکەکەی خۆی خۆشدەوێ و لە پێناوی دا ژیانی فڕێدەداتە ناو مەترسییەوە. بێڕەوشتیش ئەو مرۆڤەیە خاک و میللەتانی دی خۆشدەوێ و هەموو شتێک دەکات لە پێناوی ئەوەدا خودێکی خودپەرست و ژینێکی تێروپڕ و پڕ لە سوکایێتی بژی.
کاتێک سیخوڕەکان دەکوژرێن، لای میللەتانی خۆیان گەورە و ڕوو سورن و بە شانازییەوە دەنێژرێن. هەر کاتێکیش بێڕەوشتەکان دەکوژرێن لە هەردوو لاوە مایەپووچی و سەر نزمی تۆمار دەکەن و لە هەر شوێنێک بنێژرێن ئەو شوێنە بۆگەن دەکەن.
مرۆڤی سیخوڕ ئەو کارەکتەرەیە بە دوای سەروەت و سامان ناگەڕێ و خەونی ئەو سەربڵندی میللەتەکەیێتی. مرۆڤی خۆفرۆش بەدوای سەروەت و سامان دەکەوێ و هیچ کات نە سەرشۆڕی خودی خۆی و نە سەرشۆڕی میللەتەکەشی بە ئەندێشەدا نایەت. مرۆڤی سیخوڕ ئەندێشەخوازە و خەونبینە، لە کاتێکا مرۆڤی خۆفرۆش بەردەوام خاڵییە لە ئەندێشە و خەون. سیخوڕ لە کاتێکا دروست دەبێ، کە پڕۆژەیێکی نەتەوەیی هەبێ و هەمووان پێکەوە لە خزمەتکردنی بەدیهێنانی دا کار بکەن. خۆفرۆش کاتێک دروست دەبێ، هەموو پڕۆژەیێکی نەتەوەیی دەکرێ بە بڵقی سەر ئاو و وردودرشتی دەگوازرێتەوە بۆ ناو ژوورە تاریکەکانی ناو ماڵی دوژمن. مرۆڤی سیخوڕ کارەکتەرێکی خەمگین و گۆشەگیرە، مرۆڤی خۆفرۆشیش هەمیشە ئاسودە و کارەکتەرێکی کۆمەڵایێتی دەم بە خەندەیە. دواجار لە هیچ شوێنێکا ئەو دوو کارەکتەرە بە یێک ناگەنەوە و هەمیشە ناکۆکن بە یێکدی، یێکیان مەحاڵ دەخوڵقێنێ و ئەوی دییان مەحاڵ لەبار دەبات.
















Leave a Reply