نەبوونی هەلی کارو دڵەڕاوکێ بەرامبەر بەپاشەڕۆژی ژیانیان، وایکردووە بەشێکی زۆری گەنجان لەکوردستان بەگشتیو دەڤەری راپەڕین بەتایبەتی، سەڕەرای هەموو مەترسییەکان بیر لەکۆچکردن بەرەو دەرەوەی وڵات بکەنەوە، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا دەڵێت “لە ٧ مانگی ڕابردوودا، زیاتر لە ٥ هەزار کەس لەئیدارەی راپەڕین کۆچیان کردووە بۆ هەندەران”.
سەردار، گەنجێکی تەمەن ٢٧ ساڵەو خەڵکی شارۆچکەی حاجیاوای ئیدارەی ڕاپەرینە، دەرچووی بەشی ڕاگەیاندنەو ماوەی ٣ ساڵە لەبەریتانیا دەژی، ئەو باسی چۆنیەتی ڕۆشتنەکەی گێڕایەوەو وتی “کە بڕیارم دا بڕۆم تەلەفونم بۆ قاچاخچیەک کرد، وتی بڕۆ لەفڵان شوێن ڤیزە لێدەو تکت ببڕەو وەرە بۆ تورکیا، منیش هەر هەمان ڕۆژ ڤیزەم لێدا، کە ڤیزاکەم بۆ هاتەوە ڕۆشتم بۆ تورکیا”.
کە سەردار دەگاتە تورکیا، لەوێ قاچاخچیەکە هۆتێلی بۆ گرتبوون، دوای ٥ ڕۆژ مانەوە لەهۆتێل، بەڕێدەکەون بۆ سەر دەریا، سەرەتا دەیانبەنە خانوویەک کە لەچەند ژورێک پێکهاتووە، هەر ژورێک ١٢ تا ١٥ کەسی تیا بووم لەخەڵکی وڵاتنی جۆراوجۆر، ئەفغانیو فارسو کوردو عەرەب، ئەو وتی “شەو داهاتو مۆبایلەکانیان لێوەرگرتینو بەئۆتومبێل بردیانین بۆ لای یەختەکە، لەوێش پێش ئەوەی یەختەکە بەڕێبکەوێت قاچاخچەیەکان پێیانگوتین کێ بەشیمان بۆتەوە، پێمان بڵێت دەیگەڕێنینەوە”.
وتیشی “خۆمان سور بووین لەسەر ڕۆشتن، بۆ ماوەی ٥ شەو لەناو دەریادا ماینەوەو یەختەکە لەکارکەوت، دوای ئەو ٥ ڕۆژە پۆلیسی یۆنان هاتو ئێمەیان گرتو دیپۆرتی تورکیا کراینەوەو هەفتەیەک لەزیندانێکدا بووین لەئیزمیر، دواتر بەپاسێک تا زاخۆیان هێناین”.
سەردار باس لەوە دەکات کە هێشتا کۆڵی نەداوەو بینینی ئەم چەرمەسەریانەش خولیای بەجێهێشتنی وڵاتی لەبیر نەبردووەتەوە، ئەو وتی “ماوەیەکی پێچوو تا پاسپۆرتەکانیان پێداینەوەو دواتر سەردانی نوسینگەیەکم کرد بۆ وەرگرتنی ڤیزای شنگن، دوای مقابەلە ڤیزای شنگنم بۆ هاتەوەو بەفڕۆکە ڕۆشتم بۆ فەرەنساو لەوێوە بۆ جەنگەڵی دانکیخ، لەوێش پەیوەندیمان بەقاچاخچی کردو بەشاحینە بردیانین بۆ بەریتانیا”.
سەردار ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر گەنج بەئامانجی کارکردن رووبکاتە ئەوروپا، دەتوانێت زووتر خۆی بنیاتبنێت، بەڵام گەنجی زۆریش هەن کە هەر بۆ چاولێکەری هاتوونو تووشی ئالودە بوون بەماددەی هۆشبەر بوونو بوونەتە هۆی مەینەتی بۆ خۆیانو کەسوکاریان، ئەو وتی “کە دوای راکە راکێکی زۆر گەیشتمە بەریتانیا، تێگەیشتم ئەوروپا ئەو بەهەشتە نییە لەخەیاڵی خۆمدا دروستم کردبوو یان بیرم لێدەکردەوە، تەنها ئەوەندە نەبێت کە گەنجی ئێمە لێرە ئاسانتر دەتوانێت خۆی بنیاتبنێت، ئەگەرنا گەنج کارێکی گونجاوو شوێنێکی نیشتەجێبوونی هەبێت لەوڵاتی خۆیدا، ئامادە نابێت وڵات بەجێبهێڵێتو ڕوو بکاتە تاراوگە”.
قاچاغچییەکان رۆڵێکی گرنگ دەبینن لەگەیاندنی گەنجانی کوردستاندا بەئەوروپا، زۆربەی ئەوانەی کوردستان بەجێدەهێڵن پەنا دەبەنە بەر ئەوانەی بەقاچاغ، خەڵکی لەوڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەگوازنەوە.
ئەمیر (ناوێکی خوازراوە)، قاچاخچییەو وەک خۆی دەڵێت “نەفەر دەبات بۆ ئەوروپا”، ئەو وت “ئێمە لەبەرامبەر بردنی هەر نەفەرێکدا تا ئەوروپا ٢٠ هەزار دۆلار (٢ دەفتەر) وەردەگرین”.
ئەمیر جەغت لەوە دەکات کە چەندین رێگەی قاچاغ هەیە بۆ گەیاندنی (نەفەرەکانیان) بەئەوروپا، هەر لەڕێگەی یەختو چوبەوە بگرە تا وشکانیو فڕۆکە، هەر لەیەک لەم رێگایانەش بەپێی قورسیو ئاسانییەکەی، بڕە پارەی گەیاندنیان کەمو زیاد دەکات، ئەو وتی “گەیشتنیش خۆو چانسو قیسمەتو نسیبە، زۆرجار نەفەر نوسیبێ بەسەلامەتی دەپەڕنەوە، جاری واس هەیە کۆچبەرەکان ناگەن بەئاو چووپەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەگیرێن”.
وتیشی “لەئێستادا زۆربەی هەرە زۆری ئەو گەنجانەی کە روودەکەنە ئەوروپا، لەئیدارەی راپەڕینەوە دێنە تورکیاو لەوێشەوە بەڕێگەی جیاوازو بەپێی ئەو پارەیەی پێیانە، روودەکەنە وڵاتانی ئەوروپا”.
هۆکارەکانی کۆچکردنی گەنجان بەرەو دەرەوەی وڵات زۆرن، بەڵام ئەوانەی چاودێری ئەو پرسە دەکەن هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن کە “نەبوونی هەلی کار”، رۆڵی سەرەکی لەکۆچکردندا دەبینێت.
ئەحمەد فاروق، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕێمان، کە کار لەسەر بەرەو پێشچونی گەنجو تواناکانی دەکات، وت “زۆر هۆکار هەن بۆ کۆچی گەنجان، لەوانە ناسەقامگیری سیاسیو ئابووری، هەروەها نەبوونی دەرفەتی کارکردن، کاتێک گەنج کاری دەستنەکەوت، پەنا دەباتە بەر کۆچکردن بۆ وڵاتانی تر بەهیوای ئەوەی بتوانێت لەوێ کاری خوازراوی خۆی بکات، ڕۆیشتن بۆ خودی گەنجەکە لەوانەیە تاڕادەیەک چارەسەر بێت”.
وتیشی “چوونەدەرەوەی گەنجان لەچەندین رووی کۆمەڵایەتیو سیاسیو ئابورییەوە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دەبێت، ئیدارەی راپەڕین باشترین نمونەیە، خەریکە بەهۆی زۆری رێژەی چوونەدەرەوەی گەنجانەوە، ناهاوسەنگی لەژمارەی نێرو مێدا دروستدەبێت، کە چەندین لێکەوتەی کۆمەڵایەتی دەبێت”.
رانیە، لەبەهاری ١٩٩١دا، یەکەم ناوچەی کوردستان بوو کە راپەڕینی دژ بەدەسەڵاتی بەعسی تیا هەلگیرسا، ئێستا دوای ٣٤ ساڵ، یەکەمین شارۆچکەو ناوچەیە کە گەنجەکانی، وڵاتی تیا بەجێدەهێڵن.
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا، وت “لەسەرەتای ئەمساڵی ٢٠٢٥ەوە، کۆچی گەنجان لەئیدارەی راپەڕینەوە بۆ ئەوروپا زۆر زیادی کردوە، لە ٧ مانگی رابردووی ئەمساڵدا زیاتر ٥ هەزار کەس کۆچیان کردوە”.
وتیشی “بێکاریو نادادپەروەریو نایەکسانی، هۆکاری سەرەکی کۆچی گەنجانە بۆ تاراوگە، زۆرترین ڕێژە لەگەنجانی کوردستان کە بەرەو دەرەوەی وڵات کۆچ دەکەن، گەنجی ئیدارەی ڕاپەڕینن، چونکە ڕێژەی بێکاری لەم ناوچەیە زۆر زۆرە”.
زۆرترین ڕێژەی کۆچی گەنجان، لەو شوێنەیە کە یەکەمجار “ڕاپەڕین”ی تیا کرا

بینراوە:
(4.5K)











Leave a Reply