عەمار عەزیز
تا دێت کێشەکانی زەویو زار لەهەرێمی کوردستان بەگشتیو لەسنوری بادینان بەتایبەتی، گەورەتر دەبن، لەبەرامبەردا دەسەڵاتی ئاغاو خاوەن موڵکەکان بەھێزتر دەبێت، تا ئێستا دەیان کەس بوونەتە قوربانیو کێشەکانیش ھەر بەھەڵواسراوی ماونەتەوە، چالاکوانو کۆمەڵناسیک دەڵێت “بەھێزبوونی دەسەڵاتی سەرۆک عەشیرەتو ئاغاکان، حزب لەپشتیەتیو بۆ کۆکردنەوەی دەنگە”.
بەشی زۆری کێشەکانی زەویو زار لەبادینان دەکەونە سنوری ناحیەکانی ئاکرێ، شێخان، بەردەڕەش، لەم سێ قەزایەدا ھەریەک لەئاغاکانی سورچی، ھەرکی، زێباری، گۆران، کۆچەر ھەن، کە ھەر یەکێکیان خاوەن موڵکو زەوییەکی زۆرو دەستو پێوەندێکی زۆرن .
سەرکەوت شاکر، دانیشتووی گوندی پیربووبە لەسنوری قەزای بەردەڕەش، ١٥٠ دۆنم زەوی لەسەر ناوی بنەماڵەکەیانە، بەڵام ئاغایەک لەو سنوورە کێشە بۆیان دروست دەکاو رێگری دەکات زەویەکانی خۆیان بکێڵنو بچێنن، ئەو وت “١٥٠ دۆنم زەوی لەگوندی پیربوب لەسەر ناوی بنەماڵەکەی ئێمەیە، سەنەدی ئەو زەویەمان ھەیە کە ھی ساڵی ١٩٦١ەو ھی حکومەتی عێراقە، دوای ئەوەی ناسنامەی جوتیاریو سەنەدی زەویەکە لەساڵی ١٩٩٧ بەناوی فازل عەلی مەولود کە ئەویش ھی بنەماڵەی ئێمەیە لەیەکێتی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان دەرچووە “.
سەرکەوت ئاماژە بەوە دەکات کە ھەموو بەڵگەکانی فەرمی حکومەتی عێراقو ھەرێمی کوردستانیان ھەیە، کەچی لەبەرامبەردا کوڕە ئاغەیەکی سنوری بەردەڕەش کە دراوسێیانە، کێشەیان بۆ دروست دەکات، ئەو وتی “دواجار لەساڵی ٢٠١٢ بەفەرمانی قایمقامی قەزای بەردەرەشم سنوری گوندی پیربوب لەگەڵ سنوری گوندی ئەو ئاغایە لێکجیاکرانەوە، ھەروەھا دوو موختاریان لەلایەن حکومەتەوە بۆ دانراوە، بەڵام ئەو ئاغایە ھەر وازناھێنێت بەردەوام ھەڕەشە لەئێمە دەکات، لەدادگا سکاڵامان تۆمار کرد لەجیاتی ئەوەی مافی خۆمان وەربگرین، مامێکی من ٧ رۆژ تەوقیف کرا”.
وتیشی “یەک دوو جار تەقەشیان لەئێمە کردووە، کەسێک لەبنەماڵەکەی ئێمە بریندار بوو، سەڕەرای ھەموو ئەمانە تەنازولمان نەکردوە، بیرێکی ئاومان لێداوە، زیاتر لە ٤ دەفتەرمان خەرج کردووە، ئێستا دەڵێت دەبێت بیرەکە پڕ بکرێتەوە، زیاتر لە ٢٠ ساڵە ئەوە حاڵمانە، ھۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەو باڵادەستو ئاغایە دادگاو حکومەتیش دەرەقەتی ئەو نایەت”.
سەرۆک عەشرەتێکی ئاکرێ ئاماژە بەوە دەکات کە چارەسەری ئەم بابەتە ئەوەیە حکومەت وردترو زیاتر رۆڵی خۆی بگێرێت لەچارەسەرکردنی کێشەکان.
رەزا زوبێر زێباری، سەرۆک عەشیرەتی زێبارەکان لەسنوری ئاکرێو بەردەڕەش وت “ھەر کێشەیەک بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بەزەویو زار پێویستە حکومەت بەپێی یاساو رێکارەکان چارەسەریان بکاتو رێگە نەدات کێشەکان گەورەتر بن، بەبڕوای من دەبێت حکومەت زیاتر رۆڵی خۆی بگێرێت لەم بابەتەدا، بەخۆم وەک سەرۆک عەشیرەتی زێباری ھەرگیز زەوی ھیچ کەسێکم داگیر نەکردوەو زۆرداریم لەھیچ ھەژارێک نەکردوە، بەپێچەوانەوە ھەموو ھەوڵێکم بۆ ئەوەیە کە ستەم لەھەژار نەکرێتو کەس مافی نەخوات”.
وتیشی “ئەو کێشانەی دروست دەبن زیاتر تەماعییە، بەنموونە کەسێکی زەنگین ھەیە لەبەر تەماعی دەچێت زەوی ھەژارێک داگیر دەکات یان ھەر کەسێکی تر، ئەمە ناکرێتو غەدرە چونکە ئەو ھەژارە ھیچ دەسەڵاتی نییەو نابێت ستەم لێی بکرێت، ھەر کەسێک سنوری زەویەکەی خۆی دەزانێت ناکرێت لەبەر ھەر بیانووییەک بێت کەسێک بێت سنوری خۆی تێپەڕ بکاو زەوی کەسێک داگیر بکات “.
لەبارەی ئەوەی رۆڵی ئەو چییە لەچارەسەر کردنی کێشەکان، زێباری وتی “بەردەوام لەسەرخەتم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نەک تەنھا ھی عەشیرەتی خۆم، بەڵکو ھی گۆرانو ھەرکیو عەشیرەتەکانی ترو ئەمە ھیچ منەتێکی تێدا نییەو بەواجبی خۆم دەزانم، لەبەرامبەردا دەبێت حکومەتیش زیاتر وردتر بێت لەم کێشانەو لەڕێگای دادگاو رێکارەکان کێشەکان چارەسەر بکات”.
پارێزگای دھۆک جیاواز لەھەموو ناوچەکانی تری ھەرێمی کوردستان، زیاتر عەشرەتگەری پێوە دیارە، ھەر گوندو ناوچەیەک ئاغاو سەرۆک عەشیرەتی تایبەت بەخۆی ھەیە، تەنھا لەسنوری قەزایەک دەیان ئاغاو سەرۆک عەشیرەت ھەن، کە ھەر یەکێکیان خاوەن دیوەخانەو جەماوەری تایبەت بەخۆیانن، قسەی ئەوان لای حکومەتو حزب زۆر بەھێزەو زۆرجار بڕیاری ئەوان یەکلاکەرەوەیە بۆ زۆر کێشە .
تا ئێستا بەھۆی کێشەکانی زەویو زار دەیان کەس لەسنوری پارێزگای دھۆک بوونەتە قوربانی، دوایین شەڕو ئاڵۆزی ناوچەکە لەنێوان عەشیرەتی ھەرکیو گۆران بوو، دواجار شەڕی ھەرکی بەسەرۆکایەتی “خورشید ھەرکی” لەسنوری قەزای خەبات لەگەڵ خودی دەزگا ئەمنیەکان ڕوویدا، کە بەو ھۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداو چەند بریندارێکی لێکەوتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە ھێشتا ئەو کێشەیە یەکلایی نەبووەتەوەو بەتەواوی چارەسەر نەکراوە .
بەشێک لەدانیشتووانی پارێزگای دھۆک لەگەڵ ئەوەدان دەسەڵاتی سەرۆک عەشیرەتو ئاغایەکان سنووردار بکرێت، بەقسەی ئەوان ھۆکاری زیادبوونی شەڕو ئاڵۆزی بەشێکی پەیوەستە بە بەھێزبوونی دەسەڵاتی ئەوانو لاوازی دادگاو حکومەت لەچارەسەرکردنی کێشەکان، داواش دەکەن بۆ ھەر کێشەیەک لەبڕی ئاغاو سەرۆک عەشیرەت بڕیار بدات لەدادگا یەکلایی بکرێتەوە .
شەھاب بۆتانی، چالاکوانو شارەزای کۆمەڵگا وت “بەھێزبوونی دەسەڵاتی سەرۆک عەشیرەتو ئاغاکان، حزب لەپشتیەتیو ئەوانیش بۆ ئامانجی خۆیان بەکاردەھێنن کە زیاتر کاریان بەئەوان ھەیە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، ئەوان فشار لەسەر ئەوان دەکەن کە فڵانە کاندید دەبێت دەربچێت، سەرۆک عەشیرەتو ئاغاش دەچێت ئەو فشارە لەخەڵک دەکات کە دەنگ بەو کاندیدە بدەن، لەبەرامبەردا ئەگەر دەنگی پێنەدەن کارتان بۆ ناکەمو دەیان شتی تر، ئەمە وا دەگەیەنێت کە ھێشتا خەڵک ئازاد نییە لەوەی دەنگی خۆی بەکامە حزبو لایەن بدات”.
وتیشی “بەدڵنیایی ئەمە باش نییەو پێویستە دەسەڵاتەکانی ئاغاو سەرۆک حزب سنوردار بکرێت ئەمەش بۆ ئەوەی یاسا سەروەر بێتو دەسەڵاتەکانی ئاغا لەگەڵ دادگا تێکەڵ نەبنو لێک جیابکرێنەوە، ھەرچی کێشەو بابەتێک ھەبێت وا باشترە لەڕێگای دادگاو ئەو یاسایانەی کە بەرکارن جێبەجێ بکرێت، ھەر کەسێک تاوانێک بکات بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ئەوەشی کێشەیەکی ھەیە بەھەمانشێوە ھەر لەڕێگای دادگا چارەسەر بکرێن
حزبو کێشەی زەویو زار، دەسەڵاتی ئاغاو سەرۆک عەشرەتیان بەهێزتر کردووە

بینراوە:
(7.7K)















Leave a Reply