وەزارەتی بەرگریی تورکیا داوا لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات، پابەندی ئەو ڕێککەوتنە بن کە لەگەڵ حکومەتی ڕاگوزەری سووریادا واژۆیان کردووە.
ئەنقەرە ڕایگەیاندووە، بە وردی چاودێریی پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی هەسەدە دەکات و هۆشداری دەدات لە هەر هەنگاوێک کە زیان بە یەکپارچەیی خاکی سووریا بگەیەنێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە:
• تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سوپای نوێی سووریاوە “گرنگییەکی زۆری هەیە”.
• وەزارەتی بەرگریی تورکیا “بە وردی و هەستیارییەوە” چاودێریی ئەو پرۆسەیە دەکات.
• پێویستە هەسەدە پابەندی ڕێککەوتنە هەشت خاڵییەکەی 10ـی ئازار بێت، کە لەنێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری ڕاگوزەری سووریادا واژۆکرا.
سەرچاوەکە جەختی لەوەشکردووەتەوە کە پێویستە هەسەدە لەو “ڕەفتار و هەڵوێستانە دووربکەوێتەوە کە زیان لە یەکپارچەیی خاک و یەکبوونی سیاسیی سووریا دەدات.” هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە تورکیا لەسەر بنەمای “یەک دەوڵەت و یەک سوپا” بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی سووریا.
هاوکات، زەکی ئاکتورک، ڕاوێژکاری وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە هێزە چەکدارەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیان، بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی “تیرۆر” و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست لەسەر سنوورەکان.











Leave a Reply