ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٤ـی ئابی ٢٠٢٥، دوا وادەی راگرتنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بوو؛ بەڵام راگرتنەکەی تاوەکو رۆژی چوارشەممە درێژکرایەوە و دوای خراپبوونی باری تەندروستی لە زینداندا، پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ رایانگەیاند، کە سەلامەتی گیانی شاسوار عەبدولواحید لە ئەستۆی یەکێتییدایە.
هەروەها، سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق وتی، زانیارییان پێگەیشتووە لە زینداندا دۆخی تەندروستی شاسوار عەبدولواحید تێکچووە و ئەم رەفتارە هەڕەمەکی و نایاساییانە ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە کە دۆسیەکە تەواو سیاسییە و شەقام لەم پێشێلکاریانە بێدەنگ نابێت.ئەمەش لەدوای ئەوەدێت، لە ١٢ـی ئابی ٢٠٢٥، درەنگانی شەو هێزێکی ئەمنی هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی شاسوار عەبدولواحید و بەبێ ئاگاداری پێشوەختە دەستگیریان کرد و لەسەر چەند سکاڵایەک کە تا ئێستاش لە دادگا هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر نەهاتووەتەوە، دادگاییکردنەکەی دواخرا.











