ئێران لەنێو خاکی هەرێم پەرژینێکی 600 کیلۆمەترى دروستدەکات

بینراوە: (1.4K)

کامەران عوسمان ئەندامی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی ڕایدەگەیەنێت، ئێران دوای شەڕە 12 رۆژەکەی لەگەڵ ئیسرائیل سەرقاڵی دروستکردنی دیوارێکە لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان.

هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو دیوارەکە بە درێژایی 600 کیلۆمەتر و قوڵایی دوو کیلۆمەترە لەنێو خاکی کوردستان، دیوارەکە لە چیای کێلەشینی سیدەکانەوە دەستپێدەکات تاوەکو گوندی (چەم چەقاڵ)ـی گەرمیان درێژدەبێتەوە.

دەقى نوسینەکەى کامەران عوسمان- لە رێكخراوی (CPT)

سوپای پاسدارانی ئێران، بەدرێژای نزیکەی (٦٠٠) کیلۆمەتر پەرژینی دیواربەندی هەستیار لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا دروستدەکات.

لەدوای ٢٤ی حوزەیران ٢٠٢٥ و کۆتایی شەڕی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئێران – ئیسرائیل، سوپای پاسدارانی ئێران دەستیکردووە بە دروستکردنی پەرژینی دیواربەندی هەستیار بە جۆرێک بەرزی دیوارەکە (٣) مەترە و ئامێری هەستیاری ئەمنی ئاگادارکردنەوە بە درێژایی دێوارەکە جێگیریکراون. ئەم پەرژینە بە قوڵایی نزیکەی (٢) کیلۆمەتر و بەدرێژایی نزیکەی (٦٠٠) کیلۆمەتر لە “چیای کێلەشین” لە سنوری قەزای سیدەکان تادەگات بە گوندی “چەم چەقەڵ” لە سنوری گەرمیان و لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا بنیاتدەندرێت و بەشێک لە کەرەستەی بیناسازی ئەو دیوارەش لە هەڵکۆڵینی شاخەکانی هەرێمی کوردستان دابیندەکرێت.

لە ئێستادا، بەشێکی دیوارەکە لەسەر سنوری سەیران بەن و لە پشتی گوندەکانی بەهێ و شیوەگوێزان تادەگات بەگوندی مەران لەسەر سنوری پێنجوێن – ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەواو بووە و بەشێکی تری دیوارەکە لە سنوری قەزای پشدەر تەواو بووە و ڕۆژانە کارکردن تیایدا بەردەوامە.

ئەمە لە کاتێکدا کە ئێران، (١٥١) بارەگای سەربازی لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا هەیە و بنیاتنانی ئەو دیوارە و بەستنەوەیان بە بارەگا سەربازییەکان، مەترسی بۆسەر گیانی گوندنشینان و جوتیاران و هاووڵاتیانی مەدەنی نیشتەجێی سەر سنورەکان دروست دەکات. داگیرکردنی چیا و پێدەشتەکانی پشتی ئەو دیواربەندە، بەتەواوی دەبێتە دیفاکتۆ و ئەو ناوچانە دەچنە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئێران. دەبێتە هۆی شەپۆلێکی تری کۆچکردن لە گوندەکانەوە بۆ ناو شارەکان و لاوازکردنی کەرتی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری. سەرباری هەموو ئەمانەش، پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشوری کوردستان ناهێڵێت و دەبێتە هۆی لێکهەڵبرانی کوردانی ئەم دوو پارچەیەی کوردستان.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 46 Today: 2,542 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.