ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان بڵاویكردۆتەوە، لە شاری هەولێر بە گشتی لەكاتی هاتنی ئەم شەپۆلەی باران بارین هیچ زیانێك تۆمار نەكراوە تەنها ئاو لە چەند ناوچەیەك كۆبۆتەوە، بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی لێلی ئاو زۆربەی ئەو پرۆژانەی دەكەونە سەر زێی گەورە بەرهەمهێنانیان راگیراوەو تا كاتی دەستپێكردنەوەی داوا لە هاوڵاتیان كراوە دەست بە ئاوەوە بگرن. ئەوەش راگەیەنراوە، بەهۆی هەورە بروسكەوە 6 پێشمەرگە لە سنوری بالیسان برینداربون كە برینەكانیان سوكن و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە، لە گوندی قەریتاغ سەر بە ناحیەی شەمامك ئاو چوەتە ناو 6 ماڵەوە. سەبارەت بە سنوری پارێزگای سلێمانی باس لەوەكراوە، رۆژی سێشەممە 9-12 لە پارێزگای سلێمانی بارانێكی بەلێزمە باریوەو بڕی دابارینەكەش 122.7 ملم بوەو بەهۆی ئەوەوە چەندین ماڵ و قوتابخانە لە گەڕەكی راپەڕین ژێر ئاو كەوتون و لە چەندین شەقامی سەرەكیش ئاو كۆبۆتەوە، لە قەزای چەمچماڵ و ناحیەی تەكیە و شۆرش كە تەنها لە هەمان رۆژدا بڕی 127.1 ملم باران لە چەمچەماڵ و لە تەكیەش 173.5 ملم باریوە. ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، لە پارێزگای هەڵەبجە رێژەی دابارین لە ڕۆژی سێ شەممە 9-12 بریتی بوە لە 92.5 ملم و ماڵێك لە ناوەندی هەڵەبجە زیانی بەركەوتوە، هەروەها ئاستی ئاوی روباری سیروان بە رێژەیەكی بەرچاو روی لە زیادبون كردوە لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان رێژەی دابارینی باران لە رۆژی سێشەممەدا بەنزیكەیی 76.6 ملم بوە كە بوەتە دروستبونی لافاو لە ناحیەی رزگاری و كەلار و زیانێكی زۆر هەبوە كە زیانێكی زۆر بەر بازاڕی قەزای رزگاری و كۆگاو دوكان و ماڵی هاوڵاتیان كەوتوە، رێگەی نێوان قەزای كەلار و رزگاریش پچڕاوە، هەروەها هاتوچۆی نێوان گەرمیان و سەرجەم رێگا سەرەكییەكان لەوكاتەدا راگیراون. هەر لە راپۆرتەكەدا هاتوە، لە گەڕەكی گۆران لە كەلار بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاو لە پردی لە نێوان هەردوو گەڕەكی بەری گۆران و بەری سەركەوتن، چەندین ماڵ ئاو چوەتە ماڵەكانیان و دەیان ئۆتۆمبیل ژێر ئاو كەوتن، بەشێكی پرۆژەی ئاودێری سەلام كە شادەماری ژیانی گەرمیانە، ئەو بەشەی لە هەوارە سورەیە بەتەواوەتی ئاو بردویەتی، پرۆژەی شێخ لەنگەر زیانێكی زۆری بەركەوتوەو بەشێكیش لە رێگاوبانەكانی گەرمیان زیانیان بەركەوتوە. تۆڕی كارەبا لە سنورەكەدا زیانێكی بەرچاوی پێگەیشتوە وپردی پێكەوە بەستنی هەردو قەزای كفری و رزگاری لە ناحیەی سەرقەڵا داروخاوە و ئاستەنگی هاتوچۆ دروست بوە، شەقامی پشتێنەیی كەلار زیانی بەركەوتوەو شۆستەكانی ناوشار لە قەزای رزگاری تێكشكاون، هەروەها بەربەستی لافاوی سەید خەلیل – گۆپانیش زیانی بەركەوتوە، جگە لەوەش ژمارەیەك پرۆژەی حەوزی بەخێوكردنی ماسی و خانوی پلاستیكی كشتوكاڵ و سندوقی هەنگ لە ناوچون، ژمارەیەك پەلەوەرەو مەڕی گوندەكانیش مرداربونەتەوە. سەبارەت بە پارێزگای كەركوك ناوەندی هاوبەشی قەیرانەكان باسی لەوەكردوە، لە رێكەوتی 9-12 بارانبارین 39.4 ملم بوەو ئاو چوەتە ناو یەكێك لە قوتابخانەكان لە گەرەكی شۆراوە، لە ناحیەی لەیلان، گوندی بەیانلوو، یەكێك لە پردەكان ئاو بردویەتی و رێگەی كەركوك – لەیلان داخراوە، منداڵێكی تەمەن 7 ساڵ لە گوندی فرقانی بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاوەوە خنكاوەو تەرمەكەی گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی لەیلان، هەروەها پردێكی ستراتیجی لە قەزای داقوق داڕماوە بەهۆی ئەمەش هاتوچۆی نێوان كەركوك و بەغداد نەماوە. زیانەكانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین بڕی دابارین لە رێكەوتی 8-12 نزیكەی 84 ملم بوەو هیچ زیانێكی گیانی تۆمار نەكراوە، بەڵام ئاستی ئاوی زێی بچووك بەرزبوەتەوە و 3 ماڵ لە قەزای حاجی ئاوا كەوتونەتە ژێر كاریگەری ئاوەكەو زیانی ماددی هەبوە، لە سنوری دەروازەی كێلێ بەفرێكی زۆر باریووە كە ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ شوفێران دروستكردوەو لە ئێستادا دەروازەكە بە تەواوەتی داخراوەو جوڵەی بازرگانی و گەشتیاری تیایدا راگیراوە. لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رێژەی دابارین لەو ئیدارەیە نزیكەی 25.6 ملم بوە لە رێكەوتی 8-12 و دابارینێكی زۆری بەفر هەبوە لە ناوچە سنورییەكان بەتایبەت لە دەروازەكانی (زێد و حاجی ئۆمەران) كە بوەتە هۆی پێكدادان لە نێوان دو بارهەڵگر، شاخەكانی سیدەكان بەفر دایپۆشیوەو لە دەڤەری باڵەكایەتی تاوەكو چۆمان بەفرێكی زۆر باریو، هەروەها بەهۆی كەوتنە خوارەوەی تاشە بەردێك ئاستەنگی هاتوچۆ لە رێگەی سەرەكی گەلی علی بەگ- بێخاڵ دروست بوبو، دواتر لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی چاككردن و پاراستنی رێگەوبان و تیمی وەڵامدانەوەی خێرا بە زویی لابرا. ئەوەش خراوەتەڕو، بەهۆی داڕمانی شاخ خانوی هاوڵاتێك لە شارۆچكەی قەسرێ لە قەزای چۆمان روخاو لە گوندی خانقا، دیواری ماڵی هاوڵاتێك روخاوەو لە سیدەكان بەهۆی باران بارینی بەلێزمەوە خانوی هاوڵاتێك رۆچوە. ئاماری زیانەكانی پارێزگای دهۆك بەمشێوە بوە، بە شێوەیەكی گشتی رێژەی دابارینی باران لەو پارێزگایە 23.6 ملم بوە لە رێكەوتی 8-12 و بارانێكی مامناوەند بوەو هیچ زیانێك تۆمار نەكراوە، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رێژەی دابارین لە رۆژی 9-12 بڕی دابارین 18.5 ملم بووە، لەو ئیدارەیە هیچ زیانێك تۆمار نەكراوەو ئاستی ئاوی روباری خابور لە 95 بۆ 205 سم بەرزبوەتەوەو لە لایەن تیمەكانی بەنداو و سەرچاوە ئاوییەكانەوە بەردەوام چاودێری دەكرێت. جێی ئاماژەیە زیانە سەرەتاییەكانی شەپۆلی بارانبارینی ئەم چەند رۆژەی هەرێم بەمشێوەیە:- • دو كەس گیانی لەدەستداوە. • 12 كەس برینداربون. •یەك كەس بێ سەرو شوێنە. •دەیان ئۆتۆمبیل ئاو بردویەتی و زیانیان پێگەیشتوە. • 500 ماڵ لە قەزای چەمچماڵ زیانی بەركەوتوە و لە پارێزگای سلێمانی و بازیانیش چەندین ماڵ زیانیان بەركەوتوە. • زیاتر لە 100 دوكان و كۆگا ئاو چوەتە ناویان و 5 فەرمانگەی حكومی ئاویان تێچوە و كتێبخانەی چەمچەماڵ زیانێكی زۆری بەركەوتوە. •رێگە سەرەكییەكانی سلێمانی- چەمچەماڵ و كەركوك – چەمچەماڵ داخراون و بە سەدان كەس لە خاڵی پشكنینەكان گیریان خواردوە. •كارەبا لە قەزای چەمچەماڵ بڕاوەو هێلەكانی ئەنتەرنێت كێشەیان تێكەوتوەو بنكەی كەشناسی قەزاكە زیانێكی زۆری بەركەوتوە. •لە ناحیەی شوان بەهۆی لافاوەوە 400 حەوزی ماسی و پرۆژەی ئاوی خاڵخاڵان ژێرئاو كەوتون. •لە ناحیەی پیرەمەگرون ئاو چوەتە ناو چەندین ماڵ و چەندین كۆگا و دوكان زیانیان بەركەوتوە. •لە قەزای دوكان 7 ماڵ و 15 دوكان و ماركێت و رێستورانت زیانیان بەركەوتوە. •نەخۆشخانەی شەهید غەریب هەڵەدنی و بنكەی پولیسی فریاكەوتن ئاویان تێچوە. •بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی زێی بچووك، زیانی ماددی بە گوندەكانی كەپەنك و سماقە و جگیكە و قەرەناو كەوتوە. •رێگای گوندی كانی رهال نێزیك جادەی گشتی زەویەكە رۆچوەو هاتووچۆی ئۆتۆمبێل راگیراوە.
ئاماری سەرەتایی زیانی لافاوەكەی هەرێمی كوردستان خرایەڕو

بینراوە:
(1.7K)











Leave a Reply