کاتێک پەروەردە دەبێت بە ستەیجی حزبی ..

بینراوە: (9.9K)

ڕابەر عومەر

لە هەرێمی کوردستان ، سلێمانی ، هەموو ساڵێکی دەستپێکی خوێندن پێویستە وەکو بۆنەیەکی فێربوون سەیربکرێت ، بەڵام لەم دواییانە و بە بۆنەی کردنەوەی دەرگای قوتابخانە حکومیەکان شتێکی جیاواز بوو ، ستەیج بەجۆرێک نمایش و ڕازاوە کرابوو بە لۆگۆی ( یە*کێتی ) یەکێک لە حزبە خۆسەپێنەکانی کوردستان ، لەکاتێکدا وەستانی منداڵان لەژێر ئەو سومبول و هێما حزبیەدا نەک شتێکی سروشتی نیە بەڵکو هەرکەسێک هەست بە بەرپرسیارێتی بکات تێدەگات کە کارەساتی فێرکردن و پەروەردەکردنی قوتانیان بەلاڕێدا دەبردرێت و لاقە دەکرێت .

پەیامەکە شتێک نەبوو کە نەزانرابێ و هەڵە کرابێ بەڵکو بەرنامە بۆ داڕێژراو بوو ـ پشاندانی ئەوەی کە هۆڵی خوێندنگەکان وەکو بینا حکومیەکان و دامەزراوەگشتیەکانی تر درێژکراوەی هەمان دەسەڵاتی ئێمەیە بەسەر گشت ژوورەکانی خوێندندا .

ئەوە بەتەنها لۆگۆیەکی ئاسایی نییە.
ئاگادارکردنەوەیەکە!

بەدانانی هێمای حزبی لەناو خوێندنگەی حکومی ، دەسەڵاتی خۆسەپێن نیشانی ئێمەی دەدات کە هۆڵەکانی خوێندن بۆ ئەوانە و ئەوان لێی بەرپرسیارن نەوەکو کۆمەڵگا . لەجیاتی بەرەوپێشچوون و کارکردن بۆ پەروەردەکردنی جیلی داهاتوو و دابینکردنی شایستە داراییەکانی مامۆستایان و ڕەخساندنی کەلوپەلی گونجاو و ژینگەیەکی لەبار بۆ قوتابیان ، بەداخەوە بە پێچەوانەوە کاری ئەوان وای لێدێت چۆن کۆنترۆڵی باروودۆخی مامۆستایان و دەروونی قوتابیان و هەتا شێوازی دەرس دادانیشیان بەڕێچکەیەک بێ کە ئەوان لەسەری ڕەزامەند بن .

دایکان و باوکانی قوتابیان بێدەنگن لەئاست ئەو پێشێلکاریە ، نەک لەبەرئەوەی کە نایانەوێ ، بەڵکو ئازادی ڕادەربڕین لە کوردستان لە ئاستێکدایە کە کەس نەوێرێ فزەیەکیش بکات .
مامۆستایان دادەمەزرێن و پلەیان بەرزدەکرێتەوە لەڕێگەی حزبەوە .
کاتێک هێمای حزبی بەشێوەیەکی ئاشکرا لەبۆنەیەکی ئاوادا بەرزدەنرخێنرێ ئەوا ترسێکی شاراوە لەدەروونی هاوڵاتی و مامۆستا و گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دروستدەکات.

هەرێمی کوردستان بۆماوەی دەیان ساڵە لەژێر دەستی دوو حزبی قۆرغکاری ( یەکێتی و پارتی ) دا ناوچە و بودجە و ئیمتیازات و هەتا دامەزراوەکانیشیان بەسەر یەکتردا دابەش کردوە و حکومەتیان وەکو وەسائیلێکی کارتۆنی بەکارهێناوە . ئەوەی ڕوویدا لە سلێمانی تەنها نموونەیەکی زۆر بچووک و ڕوون ئاشکرای نەخۆشییەکی گەورە و کوشندەیە : حکومەتێک کە سێکتەری حکومی وەکو شوێنێکی حزبی هەژماردەکات .

پەروەردە و فێرکردن دەبێت بنەمای سەربەخۆیی و ڕێزی نەتەوە بێت.کاتێک حکومەتی حوکمڕان پەروەردە بۆ ئامانجی پروپاگەندەی خۆی بەکار دەهێنێت، بە ئاشکرا خیانەت لە مامۆستا و قوتابی دەکات.
ئامانجەکەڕوونە ـ دروستکردنی نەوەیەک کە ڕێزی زیاتر بۆ دەسەڵاتی حزبی پشان بدات وەک لە بنەماکانی دیموکراسی .

بۆ کەسێک کە خەڵکی کوردستان نەبێ ، ئەو نیشانەی حزبی کە لە دیواری قوتابخانەیەکدا دانرابێت ، لەوانەیە سادە بێت.
بەڵام بۆ ئێمەی کورد، بەبیرهێنانەوەکی ڕۆژانەیە کە قوتابخانەکانمان ئازاد و سەربەخۆ نین، مامۆستاکانمان وەکو کۆیلەی سەردەم سەیر دەکرێن و ڕووبەڕووی فشاری سیاسی دەبنەوە ، و منداڵەکانمان فێری وانەیەک دەکرێن کە لەبەرگ و ناوەڕۆکی کتێبەکاندا نییە : بەڵکو وێناکردنی ئەوەیە کە دەسەڵات موڵکی حزبە .

جیهان دەبێت بزانێت کە ئەوە بریتینیە لە ڕازی بوون و نەبوون لەسەر ئەو هێما حزبیانە .
بەڵکو گفتوگۆکە لەسەر دەرکردن و مافی پەروەردەیەکی پاکە دوور لە سیاسەتی خۆسەپێن و بەسیاسی کردنی هۆڵەکانی خوێندن .

هەتاوەکو هۆڵەکانی خوێندن نەگەڕێنەوە ناو باوەشی خەڵک و قوتابیان و مامۆستایان ئازاد نەبن لەسەر گوتنی حەق و ناحەق ، ئەوا پێشکەوتنی ڕاستەقینە لە کوردستان وەکو خەونێکی بە بەدینەهاتووی دەمێنێتەوە نەوە دوای نەوە…

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 82 Today: 2,757 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.