فەیسبووک لەبری پەرلەمان، بووەتە گەورەترین دەزگای چاودێری لە کوردستان

بینراوە: (1.4K)

محمد زیاد عەزیز

وەک گوندێک کە پۆلیس و قازییەکانی خەریکی تاڵانکردنی خەڵک بن، و گوندنشینەکان ناچار بن بۆ سکاڵاکردن بچنە سەر دیواری مزگەوتەکە و ناو و وێنەی دزەکان هەڵبواسن تاوەکو لانیکەم شەرمەزارییان بکەن؛ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش ڕێک بەمجۆرە پەنایان بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بردووە. لە نەبوونی پەرلەمانێکی کارا، دادگایەکی سەربەخۆ، و داواکارییەکی گشتی کە بوێریی ئەوەی هەبێت پەڕاوی گەندەڵیی بەرپرسان بکاتەوە، فەیسبووک لە پلاتفۆرمێکی کۆمەڵایەتییەوە گۆڕاوە بۆ گەورەترین و تاڵترین سیستەمی پێداچوونەوە و چاودێریی نافەرمی لە وڵاتدا. کاتێک زەوییەکی گشتی داگیر دەکرێت، یان بەرپرسێک ڤێلایەکی ملیۆن دۆلاری لە ئەوروپا دەکڕێت، یەکەم شوێن کە بەڵگەنامەکان و تاپۆکانی تێدا بڵاودەکرێتەوە دادگا نییە، بەڵکو لاپەڕە و گرووپەکانی فەیسبووکە.

ئەم گۆڕانکارییە، نیشانەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا نییە، بەڵکو بەڵگەی داڕمانی تەواوەتیی دامەزراوەکانی دەوڵەتە. کاتێک هاوڵاتی بێئومێد دەبێت لەوەی کە “دەستەی دەستپاکی” بتوانێت لێپرسینەوە لە وەزیرێک بکات، مۆبایلەکەی دەردەهێنێت و دەبێتە ڕۆژنامەنووسێکی بنکۆڵکار. بەڵام دەسەڵاتدارانیش کە خاوەنی سەرمایەیەکی زەبەلاحن، بێدەنگ نەدانیشتوون؛ ئەوان درکیان بە مەترسیی ئەم “دادگا شینە” کردووە، بۆیە سوپایەکی ئەلیکترۆنیی گەورەیان دروستکردووە بۆ دروستکردنی هەواڵی ساختە، بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی، و هێرشکردنە سەر ئەکاونتی ڕەخنەگران. بەپێی ڕاپۆرتەکانی خودی کۆمپانیای مێتا (Meta)، دەزگا هەواڵگرییەکانی حیزب (وەک دەزگای زانیاری) ڕاستەوخۆ تێوەگلاون لە بەڕێوەبردنی سەدان پەیج و ئەکاونتی ساختە بۆ چەواشەکردنی خەڵک و ناوزڕاندنی نەیارەکانیان.

(وەک چۆن جۆرج ئۆروێڵ لە ڕۆمانی ١٩٨٤دا دەڵێت: “ئەگەر دەتەوێت وێنەی داهاتوو ببینیت، پێڵاوێک بهێنە بەرچاوت کە بۆ هەمیشە بەسەر دەموچاوی مرۆڤایەتییەوە دەپەستێورێت”) — ئەمەش ڕێک هەمان ئەو واقیعەیە کە لە فلیپینی سەردەمی دوتێرتەدا بینرا، کاتێک دەسەڵات لەبری وەڵامدانەوەی ڕەخنەگران، سوپایەکی ئەلیکترۆنیی دروستکرد بۆ بڵاوکردنەوەی درۆ، هەڕەشەکردن لە ڕۆژنامەنووسان، و گۆڕینی فەیسبووک بۆ چەکێکی کوشندە دژی دیموکراسی. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە لە کوردستان، لە دوتێرتەش پێشکەوتووترن؛ ئەوان نەک تەنها ملیۆنان دۆلار لە ڕیکلامی فەیسبووکدا خەرج دەکەن بۆ بڵاوکردنەوەی درۆکانیان ، بەڵکو تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد  بەکاردەهێنن بۆ دروستکردنی دەنگی ساختەی سەرکردە ڕکابەرەکانیان تاوەکو لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا متمانەی خەڵک تێکبشکێنن. لە هەمان کاتیشدا، یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنیان کردووەتە داردەستێک، نەک بۆ سزادانی درۆزنەکان، بەڵکو بۆ زیندانیکردنی ئەو چالاکوانانەی کە ڕاستییەکان دەڵێن.

ئەم زەلکاوە دیجیتاڵییە وایکردووە کە مافیا و کارتێلە سیاسییەکان ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەتەواوی تێکبدەن. ئەوان لە ڕێگەی ئەم سوپا ئەلیکترۆنییانەوە، تەماشاگەرییەکی مەدەنییان دروستکردووە کە تێیدا هەر کەسێک باسی گەندەڵی بکات، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا سەدان پەیجی ساختە پەلاماری شەڕەفی دەدەن و ناوی دەزڕێنن. فەیسبووک کە دەبوو سەکۆیەک بێت بۆ دەنگی بێدەنگکراوەکان، بەهۆی کەمتەرخەمیی کۆمپانیاکە لە چاودێریکردنی زمانی کوردی ، بووەتە مەیدانی چەتەگەرییەکی مۆدێرن کە تێیدا حیزبەکان بە پارەی دزراوی نەوت، ڕاستییەکان دەکوژن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 250 Today: 2,306 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.