سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكان: حكومەتی فیدراڵ مادە دەستورییەكان جێبەجێ ناكات

بینراوە: (933)

سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە كونسوڵی گشتی بەریتانیای راگەیاند، حكومەتی فیدراڵ زۆر پابەند نیە بە جێبەجێكردنی مادە دەستوورییەكان. ئەم لێدوانەی فەهمی بورهان سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەمیانی كۆبونەوەیەكیدا هات لەگەڵ ئەندرۆ بیزلی كونسوڵی گشتی بەریتانیا لەهەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری. سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكان لەكۆبونەوەكەدا گفتوگۆیان دەربارەی مادەی 140ی دەستور كردوە كە تاكە رێگەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوچەكە لەوبارەیەوە رایگەیاندوە، كێشەكانیان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ زۆرن بەڵام حكومەتی فیدراڵ زۆر پابەند نیە بە جێبەجێكردنی مادە دەستوورییەكان، كێشەی زەوی و زاری جوتیاران و كێشەی زمان و كێشەی پێكەوەژیان ئەمانە كێشەگەلێكن دەكرێت لەچوارچێوەی دەستوری هەمیشەیی عیراق چارەسەر بكرێن گەر هەوڵی جدی هەبێت لەلایەن حكومەتی عیراقەوە. لای خۆشیەوە كونسوڵی بەریتانیا دوپاتی لە گرنگی و بەردەوامی پەیوەندییەكانی كونسوڵخانەكە لەگەڵ دەستە كردوەتەوە بەمەبەستی كاری پێكەوەیی و هەوڵدانی بەردەوام تابتوانن بەشداربن لەچارەسەركردنی كێشەكان و پشتیوانی خۆشیان لەچوارچێوەی دەستوری عیراق نیشانداوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 91 Today: 293 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.