“هاوسه‌رگیری بكه و 200 مه‌تر زه‌وی وه‌ربگره”، ئه‌م ئۆفه‌ره له گوندی دولێجان خاڵی بەیەکگەیشتنی هەر سێ پارێزگای دهۆک، هەولێر و نەینەوایە، بۆ هه‌ر كچ و كوڕێك كه ده‌یانه‌وێت هاوسه‌رگیری بكه‌ن.
زه‌ید محه‌مه‌د فارس ئاغا كه به‌و ده‌ستپێشخه‌رییه هه‌ستاوه، مه‌رجێكی تری بۆ هاوسه‌ره تازه‌كان زیادكردووه، “ده‌بێت له‌سه‌دا 25ی زه‌وییه‌كه بكرێت به‌سه‌وزایی”.
مێژوی ئۆفه‌ره‌كه بۆ ساڵی 2018 ده‌گه‌ڕێته‌وه، كاتێك زه‌ید محه‌مه‌د فارس، ئاغای گونده‌كه له عه‌شیره‌تی زێباری، بڕیاریدا 200 مه‌تر زه‌وی ته‌رخان بكات بۆ هه‌ر كچ و كوڕێكی گونده‌كه كه ژیانی هاوسه‌رگیری پێكده‌هێنن، به‌و مه‌رجه‌ی له گونده‌كه بمێننه‌وه و كۆچ نه‌كه‌ن.
زەید ئاغا، به (كه‌ركوك ناو)ی وت “مەبەستمان بوو بەپێی توانا خزمەتی گەنجەکانمان بکەین، بۆ هه‌روه‌ها كۆچ به‌ره‌و شاره‌كان نه‌كه‌ن و نەبنە کرێچی”.
ئامانجمان ئه‌وه‌یه كۆچ به‌ره‌و شاره‌كان نه‌كه‌ن و نەبنە کرێچی
پڕۆژه‌كه ئه‌وه‌یه هەر گەنجێک كه تازه هاوسه‌رگیری ده‌كات پارچه زه‌وییه‌كی بێبه‌رامبه‌ر ده‌درێتێ، به‌و مه‌رجه‌ی خانوی له‌سه‌ر دروستبكات و له گونده‌كه بمێنێته‌وه و خه‌ڵكی گونده‌كه بێت.
گوندی دولێجان لەڕوی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای بەردەڕەشە و دەکەوێتە نێوان هه‌ردوو زێی گەورە و روباری خازر، گونده‌كه به‌دوری 32كم ده‌كه‌وێته باکوری رۆژهەڵاتی شاری موسڵ، هه‌روه‌ها 85كم لە سەنتەری شاری دهۆکەوە دوره.
زه‌ید ئاغا ساڵی 2023 له به‌رامبه‌ر پێدانی زه‌وییه‌كه مه‌رجێكی تری بۆ گه‌نجه‌كان دانا، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ده‌بێت 50 مه‌تری بكرێته به سه‌وزایی، ئه‌وه‌ش له‌سه‌دا 25ی كۆی زه‌وییه‌كه ده‌كات. مه‌رجی دووه‌م ئه‌وه‌یه نابێت له‌خۆیه‌وه بۆیه‌ی بكات، ده‌بێت بۆیه‌یه‌ك بێت سیمای سه‌رنجڕاكیشی گونده‌كه تێكنه‌دات.
دیمه‌نێك له به‌شێكی تری گوندی دولێجان
سروە ره‌سوڵ (30ساڵ)، دایكی دوو منداڵه، یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی سودمه‌ندبووه له‌و پڕۆژه‌یه، وتی “به‌هۆی ئه‌م بڕیاره‌وه ئه‌وانه‌ی ئێستا هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن دڵه‌ڕاوكێی نه‌بونی شوێنی نیشته‌جێبونیان نییه… ئەوەی دڵخۆشی كردوین ئه‌وه‌یه به‌شێكی زه‌وییه‌كه ده‌بێت بكه‌ینه سه‌وزایی و باخ”.
گونده‌كه به‌ر له‌و بڕیاره ته‌نیا 220 ماڵ بون، ئێستا بۆ 340 ماڵ به‌رزبونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش وه‌ك كاریگه‌ریی بڕیاره‌كه ده‌بینرێت، چونكه له 20 ساڵی رابردودا به‌رده‌وام كۆچیی گوندنشینان بۆ شار زیاتر بووه.
رێبوار عوسمان (34ساڵ)، باوكی سێ منداڵه، یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌رچونی بڕیاره‌كه‌دا هاوسه‌رگیری كردووه و به‌هۆیه‌وه 200 مه‌تر زه‌وی وه‌رگرتووه، وتی كه ئه‌و بریارانه فێری كردون خانوو دروستكردن ته‌نیا دانانی خشت و چیمەنتۆ نییە، بەڵکو دروستکردنی ژینگەیەکی تەندروست، سه‌رنجڕاكێش و زیادكردنی سه‌وزاییه.
به‌هۆی ئه‌و بڕیاره‌وه، ئێستا ناوی گونده‌كه بۆ گوندی (دولێجانی شێخ زەید زێباری) گۆڕدراوه، ئه‌وه‌ش وه‌ك رێزلێنانێك له كاره‌كانی شێخ زه‌ید.
خاوه‌ندارێتی ئه‌و موڵكانه‌ی كه به‌سه‌ر گه‌نجه‌كاندا دابه‌شده‌كرێن، بۆ فارس ئاغا ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ده‌كاته باپیری زه‌ید ئاغا.
خه‌ڵكی گوندی دولێجان زیاتر به كاری كشتوكاڵییه‌وه سه‌رقاڵن، به‌رهه‌مهێنانی برنج و په‌تاته له پێشینه‌ی كاره كشتوكاڵییه‌كانیانه.
سەلمان محەمەد، موختاری گوندی دولێجان وتی “ئەوەی وایکردووە کە گوندەکەمان بببێتە گوندێکی مۆدێرن و سەردەمیانە ئەوە بوو کە شێخ مەرجی دانا کە دەبێت رێژه‌ی سه‌وزایی زیادبكه‌ن و داربچێنن… بڕیاره‌كه دولێجانی کردۆتە سییەکانی ناوچەکە”.
شێخ زەید پەیامێکی ئاراسته‌ی لێپرسراوان و خێرخوازان كرد “با هیوایەک ببەخشینە گەنجەکانمان و دەستیان بگرین لە کاتی پێویستیدا. گەورەیی مرۆڤ لە بەخشیندایە، نەک لە کۆکردنەوەی سامان”.












Leave a Reply