فارس نەورۆڵی
جاش وشەیەک یان چەمکێکی داتاشراوی ناو ئەدەبیاتی سیاسی کوردە، لەبەرامبەر ناپاک و ئەوانەی لەڕیزی داگیرکەر چەک بەدەست بوون بەکاردەھێنرێت، ھەر چەندە نازانم ئەم چەمکە کەی داتاشراوە یان داھێنراوە، بەڵام ناپاکی لەمێژووی مرۆڤایەتیدا زۆر کۆنەو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەرکەوتنی خاوەنداریەتی، ئیتر لەو کاتەوە مرۆڤ لەپێناوی دەستکەوتدا پەنای بردوەتە بەر ناپاکی، وەکو دەبینین خێڵە کوردەکان لە نێوان عوسمانیەکان و سەفەوییەکاندا دابەشبوون و بوونە چاوساغی ئەم دوو ھێزە داگیرکەرە کە خۆی لە کایەی خۆفرۆشیدا دەبینیەوە.
پێ دەچێ ووشەی جاش لە ساڵی بیست و سییەکاندا زیاتر زەقتر بوبێتەوە بەفەرمی ھاتبێتە ناو کایەی سیاسیەوە لەباشوری کوردستان بەو پۆلیسانەیان وتووە کە بوونە چاوساغی ئینگلیزەکان و خەڵکیان ھانداوە بۆ دڵسۆزی بۆ داگیرکەری ئینگلیز. ھەژاری شاعیر بۆ یەکەمجار ئەم وشەیەی لە کایەی سیاسیدا بەکارھێناوەو دواتر بە مانای قووڵ تر ھاتۆتە ناو ئەدەبیاتی سیاسی کوردەوە، ھەرچەندە ناو نانی ناپاک یان جاش زوڵمێکە لەئاژەڵێکی بەستەزمان، کورد ویستویەتی لەتەک جاشەکەرا ئاژەڵێکی بەستەزمان ناپاکیەکەی دابەشبکات، بێ ئاگا لەوەی لەناو ھەموو ئاژەڵەکاندا دایکی ئەو بەستەزمانە زۆرترین خزمەتی بەشۆڕش کردووە لەگواستنەوەی کەل وپەلدا، بەڵام پێدەچێ “نالی” وەک زانیبێتی کورد زوڵمێک لەم ئاژەڵە دەکات لەگفتوگۆی نێوان خۆی و کەرەکەیدا گوێ لە کەرەکەی دەگرێ کە دەڵێ:
( زمانی حاڵی ئەو دەیوت نالی من و تۆ ھەردووک حەیوانین، ئەتۆ گوێ کورت و ئەمن گوێ درێژ ).
“ئەرستۆ »دەڵێ مرۆڤ ئاژەڵە، بەڵام ئاژەڵێکی قسەکەر، چەمکی جاش بوون لە تەوزیفکردن یان ناپاک لەدیدی ئایدۆلۆژی و سیاسیدا جیاوازە لەبەکارھێنانی کوردی لەسەردەمی شۆڕشدا، ئێستا چەمکی ناپاک یان جاش ناوی جیاجیای ھەیە بەپێی بەرژەوەندی ئەو ناوە دەگۆڕێ، ئەگەر لەتەک من بی باشی، لەتەک من نەبی جاشی.
“بۆش”ـی کوڕ وتی: ئەوەی لەبەرەی ئێمە نەبێ تیرۆریستە، ئێستا ترەمپ بەو تیرۆریستە دەڵێ کوڕی باشە، وەک “برێخت” دەڵێ: ( کوفری دوێنێ دەکرێ ئیمانی ئەمڕۆ بێت) لەناو کۆمەڵگەی کوردی لەگەرمەی شۆڕشدا تا دوای( ٢٠٠٣ ) ناشیرینترین وشە جاش بوو، قورسترین جوێنیش بوو بە کەسێک یان بە لایەنێکت بگووتایە، بەڵام ئێستا لەئەنجامی ڕەفتاری نادروست و ململانێی ناتەندروست ئەو وشەیە ئاسایی بۆتەوە، خودا ڕەحم بکات یاسایی نەبێتەوە، مەبەستمە لێرەدا بڵێم ئەحزابی کوردی پێدا چونەوەیەک بەشێوازی قسە و دواندنی خۆیاندا بکەن لە بەکارھێنانی چەمکەکاندا پێداچونەوەیەک بکەنەوە بزانن چۆن و کەی و لە کوێ و بەرامبەر کێ بەکاری دەھێنن، ئەگەر ئەو پارچەیەی کوردستان ئازاد نەکرابێ کوردێک دژی کورد ببێتەوە ئەوە ئاساییە ئەو وشەیەی بۆ بەکار بێنن، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان کە خاوەن حکومەت و پەرلەمان و یاسای ئەحزاب و یاسای ڕۆژنامەنوسییە، دەبێ بەپێی ئەو یاسایانە مامەڵە لەتەک ھەر تاک و گروپێک بکرێت، نەک ھەموو بەربووینەتە یەک بە جاشە جاشە. ئێمە ئێستا وەک “ھۆبز” دەڵێ لەشەڕی ھەموان دژی ھەموان داین بۆ ئارامبونەوەی فەزای سیاسی، پێویستە چیتر ئەو چەمکی جاشە دژی یەکتر بەکار نەھێنن. ئەوە ٣٠ ساڵە وزەی سیاسی ومیدیای و شتی دیکەی کورد دژ بە یەکتر بەکاردەھێنن ئیتر دەرونی نەخۆش تێر نەبوو لەو ھەموو سوکایەتییەی بەیەکتری دەکەین، دەزانن
ئەگەر ئێستا توێژەرێکی بیانی بێت توێژینەوەیەک لەسەر دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردی بکات، زمانی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بکاتە سەرچاوە، دەڵێ ئەم کۆمەڵگایە ناپاکن و جاشن، یان ڕۆژنامەنوسێکی بیانی بێت و لەسەر سایکۆلۆجیای سیاسی کورد ڕاپۆرتێک بکات میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان سەرچاوەی بێت دەڵێ ئەمە نەخۆشخانەی سیاسی یە، ھەموویان خۆیان بە تێکۆشەری عەیار ٢٤ دەزانن کەچی ھەمویان بەیەکتر دەڵێن جاش، بۆیە باشترە بزانین لەکوێدا چەمکەکان تەوزیف دەکەین.
ئێستا لەجیھاندا ھەندێ چەمک جێگۆڕکێی ڕەفتاری پێکراوە نموونە لە ئەوروپا بەکەسێک دەڵێن فاشیست کە ئازاری ئاژەڵان بدات بۆیە پێویستە بزانین ھەزار ساڵ بەیەک بڵێین جاش ڕای گشتی وەری ناگرێ، چونکە لەسەر بنەمای ڕق ڕای گشتی دابەش بووە، تا ئەو ڕادەیە بگریت خەڵک پێت پێدەکەنێ، دەڵێن ئەوە فرمێسکی تیمساحیە، پێبکەنیت دەڵێن ناڕەسەنە بۆیە پێدەکەنێ، واتە ئەوەندە دابەشبوین جاش و باش بۆتە نوکتەو ھیچ مانایەکی نیە، بەدبەختی لەوەدایە نەوەکانی ئێمە پاش نیو سەدەی دیکە مێژووی ئێستای کورد بخوێننەوە میدیاو فەیسبوکی ئەحزاب سەرچاوەیان بێت دەڵێن باو باپیرانمان جاش بون، بۆیە تکایە با چیتر ئەوەندە یەک تەخوین نەکەین تەنھا لەبەر ئەوەی کەسێک لای من بێ باشە و جیاواز لەمن بیر بکاتەوە جاشە، زۆرکەس حیزبەکان فریو دەدەن و نانەکەیان لەمەدایە، بەڵام پێویستە بیرکەرەوەکانی ناو ئەحزاب ئەگەر ھەبێ با لەڕێگای ئارگۆمێنت سازییەوە بەرامبەرەکە ڕاستکەیتەوە، نەک بەزمانی پیس و یەکتر شکاندن چونکە ڕۆژێک دێت لە قۆناغێکدا پێویستمان بەیەک دەبێت.
بۆیە پێویستە چەمکی جاش و باش بگۆڕین بۆ گفتوگۆی ئەقڵانی و بەرمەبنای کرداری باش بۆ چاکەی گشتی، لەڕاستی دا ئێمەی کورد ئێستا پێویستمان بە پەروەردەکردنی ئەقڵە، پێویستمان بە چارەسەرکردنی لادانی ئەخلاقییە و کارکردن بۆ دابینکردنی ژیانی شەرەفمەندانە بۆ خەڵک، ئیتر شەو و ڕۆژ خەریکی جاشە و باشە بین بەرامبەر یەکتر وەک دەستوەردانە لەناو زەلکاو جگە لە بۆگەنی ھیچ ناچنینەوە
ئایدۆلۆژیای فەرمی (جاش و باش)

بینراوە:
(7.9K)















Leave a Reply