یەک هەرێم، دوو زیندان

بینراوە: (8.9K)

مارف خدر نوری

وەک ئۆرکێسترایەک کە نیوەی ژەنیارەکانی مارشی مەرگ دەژەنن و نیوەکەی تریش سروودی جەنگ، لە کاتێکدا بینەرانیش ناچارکراون پارەی بلیتەکان بدەن و گوێچکەکانیشیان خوێنی لێ دەچۆڕێت؛ هەرێمی کوردستان بەمجۆرە بووەتە شانۆی دوو دەسەڵاتی دژبەیەک. کاتێک شۆفێرێکی بارهەڵگر یان کاسبکارێک لە هەولێرەوە بەرەو سلێمانی دەڕوات، هەست ناکات بەناو یەک نیشتماندا گەشت دەکات، بەڵکو بەناو دوو دونیای پڕ لە گومان، دوو جۆر ئاسایش، و دوو سیستەمی باجگیراندا تێدەپەڕێت. ئەمە چیرۆکی دوو شار نییە لە پێشبڕکێی شارستانی و گەشەسەندندا، بەڵکو چیرۆکی یەک جەستەیە کە بە مشارێک کراوە بە دوو لەتەوە تەنها بۆ ئەوەی هەر نیوەیەی بخرێتە خزمەت مانەوەی بنەماڵەیەکەوە.

ئەم دابەشبوونە قووڵە تەنها هێڵێکی ئەمنی نییە لە دێگەڵە یان سیتەک، بەڵکو دروستکردنی واقیعێکی ناوخۆیی بەبێ دەوڵەتـە، کە تێیدا چەمکی هاوڵاتیبوون بەتەواوی سڕاوەتەوە و ئینتیمای حیزبی یان ناوچەیی جێگەی گرتووەتەوە. کاتێک سەرمایەدارێک دەبێت دوو جار باج بداتە دوو ئیدارەی جیاواز، یان کاتێک قاچاخچێتی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بە قاچاخچێتی دەروازەی باشماخ پاساوی بۆ دەهێنرێتەوە و بەپێچەوانەشەوە، دەردەکەوێت کە دامەزراوەکانی حکومەت تەنها پەردەیەک بوون بۆ شاردنەوەی ئەو تاڵانکارییە سیستماتیكەی کە هەردووکیان بە هاوبەشی و بەڵام لە دوو جوگرافیای جیاوازدا دەیکەن.

(وەک چۆن جۆرج ئۆروێڵ دەڵێت: “هەموو ئاژەڵەکان یەکسانن، بەڵام هەندێکیان یەکسانترن لەوانی تر”) — ئەمەش هەمان ئەو مۆدێلەیە کە لە لیبیای دوای قەزافی دروست بوو، کاتێک وڵات دابەش بوو بەسەر دوو حکومەتدا لە تەرابلوس و بەنگازی، کە هەریەکەیان سوپا و دەروازە و بانکی تایبەت بە خۆی هەبوو، میللەتیش لە نێوانیاندا مایەپووچ بوو و وڵاتەکەیان بووە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، لەبری ئەوەی لەو مێژووە خوێناوییە بترسن، بەوپەڕی بێشەرمییەوە هەمان سیناریۆ لە ژێر ناوی جیاوازدا دووبارە دەکەنەوە و پاساوی پاراستنی “تایبەتمەندی ناوچەکان” دەهێننەوە بۆ ڕەوایەتیدان بە قەڵەمڕەوی خۆیان.

لەم دۆخەدا، نیشتمان بووەتە گۆڕەپانی بازاڕ بکردنی دەسەڵات؛ بازاڕێک کە تێیدا پۆستی ئەمنی، داهاتی نەوت، زەوییە گرانبەهاکان و تەنانەت ئازادیی مرۆڤەکانیش دەکرێنە مامەڵەی ڕۆژانەی نێوان ئەم دوو جەمسەرە. ئەوان دەیانەوێت خەڵک وا تێبگات کە پاراستنی هەولێر پەیوەستە بە ڕقبوونەوە لە سلێمانی، و پارێزگاری لە سلێمانی گرێدراوە بە دژایەتیکردنی هەولێرەوە، لە کاتێکدا لە پشتی پەردەوە و لەسەر مێزی بەغدا و کۆمپانیا بیانییەکان، هەردووکیان پێکەوە خەریکی بەشکردنی سامانی ئەم وڵاتەن.

ئەی کرێکاران، کاسبکاران و شۆفێرانی ماندووی ئەم هەرێمە، کە ڕۆژانە باجی ئەم دابەشبوونە دەدەن و لە خاڵەکانی پشکنیندا کەرامەتتان بریندار دەکرێت؛ ئەم دوو حیزبە لە یەکتر ناترسن، بەڵکو لە یەکگرتوویی و لێکتێگەیشتنی ئێوە دەترسن. ئەگەر ئەوان ترسیان لە هۆشیاری و توڕەیی ئێوە نەبووایە، هەرگیز نەیاندەویست بە دروستکردنی دوژمنی وەهمی لە شارەکەی تر، سەرنجتان لەسەر گەندەڵییە زەبەلاحەکانی ناوخۆی خۆیان لابدەن. سیستمێک کە دیوار و خاڵی پشکنین لە نێوان شارەکانی خۆیدا دروست دەکات بۆ پاراستنی سامانە دزراوەکەی، لە کۆتاییدا لەژێر داروپەردووی هەمان ئەو دیوارانەی خۆیدا زیندەبەچاڵ دەبێت!

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 239 Today: 2,133 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.