ئەنداز خالید احمد
ئەوەی لە مێژووی پەیوەندیی نێوان هێزە کوردییەکان و کەرکوکدا دەگوزەرێت، سەلمێنەری ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە لای ئەم کارتێلە سیاسییانە، خاکی جێناکۆک تەنها “کارتێکی بانکییە” کە هەرکاتێک بیانەوێت لە بازاڕی بەغدادا خەرجی دەکەن! ڕەخنەگران و چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە مامەڵەکردن بە چارەنووسی کەرکوکەوە لەپێناو بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و دەستکەوتە ئابوورییەکان، ڕاستەوخۆ پشتکردنە لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی شارەکە و فرۆشتنی ئیرادەی دەنگدەرانە.
لە نوێترین پێشهاتی سیاسیی ساڵی ٢٠٢٦دا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕێککەوتنێکی ژێربەژێردا کە بە “ڕێککەوتنی ئۆتێل ڕەشید” ناسراوە، ئامادەیی دەربڕیوە پۆستی پارێزگاری کەرکوک ڕادەستی پێکهاتەی تورکمان و دواتریش عەرەبی سوننە بکات. ئەم سازشە گەورەیە تەنها یەک ئامانجی لەپشتە؛ مسۆگەرکردنی پشتیوانیی لایەنە عێراقییەکان بۆ کاندیدەکەی یەکێتی تا ببێتە سەرۆک کۆماری عێراق. (وەک چۆن ڕامیارییەکان دەڵێن: “کاتێک سەرکردەکان نیشتمان دەکەنە قوربانیی پۆستێک، ئەوا لە ڕاستیدا شەرعییەتی نوێنەرایەتیکردنی ئەو نیشتمانەیان لەدەست داوە.”) بۆ یەکێتی، گرنگ نییە کە بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگار مافی یاسایی و هەڵبژاردنی کورد بێت، بەڵکو ئەوەی گرنگە مسۆگەرکردنی ئەو پۆستە پرۆتۆکۆلییەی بەغدایە کە لە ڕێگەیەوە دەتوانێت هەژموونی حزبی و ئابووریی خۆی بپارێزێت. خەڵکی کەرکوک کە چەندین ساڵە باجی تەعریب و پەراوێزخستن دەدەن، ئێستا دەبینن کە دەنگەکانیان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا تەنها بۆ ئەوە بووە کە حزبێک بیکاتە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە بەغدا.
لە بەرامبەردا، هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەسەر ئەم پرسە هێندەی پەیوەندیی بە لەدەستدانی پشکی خۆیەوە هەیە لە کێکەکەدا، هێندە پەیوەندیی بە خەمی کەرکوکەوە نییە. پارتی بایکۆتی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی کردووە و ڕێککەوتنەکە بە “نایاسایی و گوماناوی” ناودەبات ، بەڵام ڕەخنەگران پێیان وایە کە ئەم بایکۆتە تەنها لەبەر ئەوەیە کە یەکێتی بە تەنها مامەڵەکەی لەگەڵ بەغدا کردووە و پارتی لێی بێبەش بووە. مێژووی ئەم دوو حزبە دەریخستووە کە ئەگەر پارتیش لە شوێنی یەکێتی بوایە و گرەنتیی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری پێ بدرایە، ئامادە بوو هەمان سازش لەسەر کەرکوک بکات، وەک چۆن لە ساڵانی ڕابردووشدا چەندین جار هەوڵی داوە کاندیدی خۆی بۆ ئەو پۆستە بسەپێنێت.
ئیتر کاتی ئەوەیە تێبگەن کە لای ئەم بازرگانە سیاسییانە، کەرکوک نە دڵی کوردستانە و نە قودسەکەی، بەڵکو تەنها دراوێکە بۆ کڕینی کورسییەکانی بەغدا. قبوڵکردنی ئەم بازرگانییە سیاسییە، واتە ڕازیبوون بەوەی کە هەرگیز خاوەنی ئیرادەی خۆتان نەبن. هاوار بکەن بە ڕووی ئەم دەسەڵاتەدا کە نیشتمانی کردووەتە موڵکی شەخسی و هەر ڕۆژەی پارچەیەکی دەفرۆشێت، چونکە ئەم سیستەمە تەنها لە ڕێگەی فرۆشتنی ئیرادەی ئێوەوە دەژی، و تەنها چاوەڕێی پاڵنانی ئێوەیە بۆ ئەوەی یەکجارەکی بکەوێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە!










Leave a Reply