تەحسین حوسێن موستەفا
سەواقیکردنی بینای نەخۆشخانەکان و کردنەوەی شریتی سوور لەلایەن بەرپرسانەوە، هەرگیز ناتوانێت ئازاری ئەو نەخۆشانە بشارێتەوە کە لەسەر کورسییە چۆڵەکانی نەخۆشخانە حکومییەکاندا لە بێ دەرمانیدا گیان لەدەست دەدەن! لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، سیستەمی تەندروستی لە مێژە لە “دەزگایەکی خزمەتگوزارییەوە” گۆڕدراوە بۆ “کۆمپانیایەکی قازانجویست”. دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە (پارتی و یەکێتی) کەرتی تەندروستیی گشتییان بە ئەنقەست ئیفلیج کردووە؛ دەرمانەکان دەدزن یان ماوەبەسەرچوون، ئامێرە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا هەمیشە “تێکچوونە”، بەڵام لە هەمان کاتدا باشترین و پێشکەوتووترین نەخۆشخانەی ئەهلییان بە پارەی دزراوی میللەت دروست کردووە تا نەخۆشەکان ناچار بکەن گیرفانیان بەتاڵ بکەن. ئەمە پێی ناوترێت قەیرانی تەندروستی، ئەمە ڕێک ناوەکەی “بازرگانیکردنە بە ڕۆحی مرۆڤەکانەوە!
(وەک چۆن فەیلەسوفی یۆنانی، ئەرستۆ دەڵێت: “ئەو دەوڵەتەی کە تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی دەسەڵاتداران کار دەکات، دەوڵەت نییە، بەڵکو گەورەترین ڕێکخراوی چەتەگەرییە لە مێژوودا.”) ئەمڕۆش لە کوردستان، وەزارەتی تەندروستی و حکومەت تەنها ئەرکیان ئەوەیە پارێزگاری لە قازانجی کۆمپانیاکانی دەرمانی سەر بە حیزب بکەن، نەک پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان. کاتێک تووشبووانی شێرپەنجە بۆ یەک دەرزی دەبێت بپاڕێنەوە یان پەنا بۆ خێرخوازان ببەن، و کاتێک حکومەت خۆی سەرقاڵی “بەئەهلیکردنی” تەواوەتیی کەرتی تەندروستییە بۆ ئەوەی پارە لەسەر هەموو خزمەتگوزارییەک وەرگرێت ، ئیتر هیچ پاساوێک نامێنێتەوە بۆ مانەوەی ئەم مافیایانە لەسەر کورسییەکانیان. ئەوان ژیانی خەڵکیان کردووەتە کاڵایەک و لە بازاڕی ڕەشی حیزبدا دەیفرۆشنەوە.
ئەم وێرانکارییە تەنها بەهۆی دزیکردنەوە نییە، بەڵکو بەهۆی کوشتنی چەمکی “لێپرسینەوە”شەوەیە. لەم هەرێمەدا، ئەگەر هاووڵاتییەک دەرمانێکی ساختە بفرۆشێت، ڕاستەوخۆ دەخرێتە زیندانەوە، بەڵام کاتێک کۆمپانیا زەبەلاحەکانی حیزب تۆنەها دەرمانی ماوەبەسەرچوو دەهێننە ناو وڵاتەوە و دەیان کەس دەکوژن، نەک هەر لێپرسینەوەیان لێ ناکرێت، بەڵکو لەلایەن دادگاکانیشەوە دەپارێزرێن. ئەم پڵنگە کاغەزییانە وایانزانیوە بە کوشتنی یاسا و بێدەنگکردنی پزیشکان و ڕۆژنامەنووسان، دەتوانن تا هەتایە لەسەر دەریایەک لە ئازار و نەخۆشییەکانی خەڵک مەلە بکەن.
بەڵام ئایا کۆمەڵگەیەک تا کەی دەتوانێت مەرگی ئازیزانی لە پێناو دەوڵەمەندبوونی چەند خێزانێکدا قبوڵ بکات؟ ئەی ئەو زۆرینە بێدەنگەی کە باجی ئەم حوکمڕانییە دەدەن؛ ئیتر کاتی ئەوەیە ئەم بێدەنگییە کوشندەیە بشکێنن! (مارتن لوتەر کینگ جونیۆر دەڵێت: “گەورەترین کارەساتی ئەم سەردەمە، دەنگی بەرزی خراپەکاران نییە، بەڵکو بێدەنگیی ترسناکی مرۆڤە باشەکانە.”) هاوار بکەن بە ڕووی ئەم دەسەڵاتە فەنتەڵۆسەدا کە خەمی قاسەکانیان زۆر گەورەترە لە خەمی ژیانی ئێوە. سیستەمێک کە نەخۆشخانەکانی لێ بووبێتە گۆڕستان و بەرپرسەکانیشی لە ئەورووپا چارەسەر وەربگرن، سیستەمێکی مردووە و تەنها چاوەڕێی پاڵنانی ئێوەیە بۆ ئەوەی بکەوێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە!










Leave a Reply