وەزارەتی دارایی رێنمایی نوێی بۆ خەرجییەکانی 2026 دەرکرد

بینراوە: (868)

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان یەکەم گشتاندنی دارایی بۆ ساڵی 2026 دەرکرد، تێیدا میکانیزمی خەرجکردنی پارە، پێشینە و مامەڵە داراییەکانی دیاریکردووە. بەپێی بڕیارەکە، خەرجییەکان بەپێی سیستمی 1 لەسەر 12ی خەرجیی کرداریی ساڵی 2025 دەبن و سەرجەم مامەڵەکان دەکرێنە ئەلیکترۆنی.

بەگوێرەی نووسراوی وەزارەتی دارایی ژمارە (588)، کە واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانی لەسەرە و کۆپییەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، رێنوێنییەکان تایبەتن بە رێکخستنەوەی خەرجی و داهات تاوەکو پەسندکردنی بودجەی ساڵی 2026.

وەزارەتی دارایی دەڵێت، خەرجییەکان لە چوارچێوەی (1/12)ی خەرجیی کرداریی ساڵی 2025 دەبن. لە گشتاندنەکەدا هاتووە، “راگرتنی سەرجەم پاداشت و هاوکارییەکان، جگە لە بەخشینی بەردەستی وەزیرەکان یان ئەو دۆخانەی رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران یان وەزارەتی داراییان هەیە.”

هەروەها بڕیاردراوە بە راگرتنی خەرجییە سەرمایەدارییەکان، مەگەر لە دۆخی زۆر پێویستدا نەبێت و پێویستە لە رێگەی سیستمی ئەلیکترۆنییەوە داوابکرێت. یەکێک لە خاڵە هەرە سەرەکییەکانی گشتاندنەکە، پابەندکردنی گشت وەزارەت و فەرمانگەکانە بە بەکارهێنانی سیستمی ئەلیکترۆنیی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS).

لە نووسراوەکەدا هاتووە، “هەموو ئەو خەرجییانەی پەیوەستن بە بودجەی بەکارخستن، تەنیا بە شێوەی دیجیتاڵی و لە رێگەی سیستمی (KFMS)ەوە دەبێت، هەر داواکارییەکی کاخەزییش رەتدەکرێتەوە.”

وەزارەتی دارایی دەسەڵاتی خەرجکردنی پارەی بۆ کڕینی کەلوپەل و پێداویستییەکان بەم شێوەیە دیاریکردووە:

– تاوەکو 3 ملیۆن دینار، تەنیا بە لیژنەی کڕین دەبێت.
– لە 3 ملیۆن بۆ 100 ملیۆن دینار، بە لیژنەی کڕین و بە هەبوونی سێ ئۆفەر (خستنەڕوو).

– سەرووی 100 ملیۆن دینار، دەبێت بەپێی رێنمایی گرێبەستە گشتییەکان بێت.

سەبارەت بە ئیفاد و گەشتی فەرمانبەران، وەزارەتی دارایی مەرجی تووندی داناوە و رایگەیاندووە، “بەبێ رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران، هیچ فەرمانبەرێک شاند و سەفەری دەرەوەی وڵات ناکرێ و وەزارەت هیچ پابەندبوونێکی دارایی ناکەوێتە ئەستۆ.”

تەنانەت ئەو شاندانەی رەزامەندییان هەیە، دەبێت خەرجییەکەیان لەسەر پێشینەی مانگانەی فەرمانگەکەیان بێت.

خاڵەکانی دیکە رێنماییەکە

– پێشینەی مانگانەی (نثریة)ی فەرمانگەکان نوێ دەکرێتەوە.

– کرێی ئاو، کارەبا و تەلەفۆن لەسەر بنەمای پسووڵەی رەسەن و بە سیستمی ئەلیکترۆنی خەرج دەکرێ.

– هەر گرێبەستێک (وەک پاککردنەوە و خواردن) کە ماوەکەی تەواو دەبێت، دەبێت 90 رۆژ پێش تەواوبوونی داوای نوێکردنەوەی بکرێ.

– ئەو خەرجییانەی بە دۆلارن، دەبێت بەپێی نرخی گۆڕینەوەی دراوی بیانیی وەزارەتی دارایی هەژمار بکرێن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 197 Today: 2,263 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.