ئاسایشی حەلەب دوو هێرشی بۆ سەر گەڕەکی شێخ مەقسوود تێکشکاند

بینراوە: (847)

ئاسایشی ناوخۆی حەلەب دەڵێت، جارێکی دیکە گروپەکانی سەر بە دیمەشق هەڵاتن و نەیانتوانی بێنە نێو گەڕەکی شێخ مەقسودەوە دوای ئەوەی دوو هێرشیان بە پشتیوانی چەکی قورس و تانک ئەنجامدا و سەرجەم هێرشەکانیانمان شکستپێهێنا.

لە چوارەم ڕۆژی بەردەوامیی تۆپبارانەکاندا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب تێکشکاندنی دوو هێرشی قورسی سوپای عەرەبی سووریا و میلیشیاکانیان بۆ سەر گەڕەکی شێخ مەقسوود ڕاگەیاند، کە بە پشتیوانیی تانک و چەکی قورس لە میحوەری وادی زەیتونەوە هەوڵی پێشڕەوییان دەدا.

هەینی 9ی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ-حەلەب ڕایانگەیاند، لە نوێترین پێشهاتدا، سوپای عەرەبی سووریا، کە لە میلیشیاکانی عەمشات، هەمزات و نورەدین زەنکی پێکهاتبوون، دوو جار هەوڵی هەڵکوتانە سەر گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەبیان دا.

دەشڵێت، هێرشەکان لە قۆڵی وادی زەیتونەوە دەستیان پێکردووە و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە تانک و چەکی قورس پشتیوانی کراون.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ توانیویانە هەردوو هەوڵەکە پووچەڵ بکەنەوە و بەرپەرچی هێرشەکە بدەنەوە، بەمەش هێزەکان ناچار بە پاشەکشە کردووە.

هاوکات لەگەڵ ئەو هێرشانەدا، ماوەی چوار ڕۆژە لەسەریەک گەڕەکی شێخ مەقسوود لەلایەن سوپای عەرەبی سووریا ڕووبەڕووی تۆپبارانی بەردەوام دەبێتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 143 Today: 3,258 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.