لە پاسەوانی نیشتمانەوە بۆ پاسەوانی مافیا: دادگاییەک بۆ بازرگانانی خوێن و نەوت

بینراوە: (1.2K)

محمد حوسێن مەولوود 

ئەمڕۆ کاتێک سەیری نەخشەی سیاسی و سەربازیی هەرێمی کوردستان دەکەیت، ئەوەی دەیبینیت نیشتمانێک نییە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت، بەڵکو لاشەیەکە لەلایەن دوو “خێڵی سیاسی” و دوو “کۆمپانیای مافیایی”ـەوە دەکرۆژرێت. خەونی سەربەخۆیی، ئەو خەونە پیرۆزەی هەزاران شەهید خوێنی بۆ ڕشت، ئەمڕۆ لەژێر پێیەکانی یەکێتی و پارتیدا دەشێلدرێت. ئەمانە نەک هەر هەڵگری مەشخەڵی سەربەخۆیی نین، بەڵکو گەورەترین بەربەست و ترسناکترین دووژمنی ناوخۆیین کە مێژووی کورد بەخۆیەوە بینیبێت.

هێزی چەکدار: لە پێشمەرگایەتییەوە بۆ بەکرێگیراوی خێڵ

شەرمەزارییەکی مێژووییە کە دوای زیاتر لە سێ دەیە حوکمڕانی، هێشتا هێزی چەکداری ئەم هەرێمە نەبووەتە “هێزی نیشتمانی”. ئەوەی هەیە سوپای کوردستان نییە، بەڵکو میلیشیای تایبەتی بنەماڵەکانە. یەکەکانی حەفتان لە زۆنی سەوز و هەشتان لە زۆنی زەرد، فەرمان لە وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەت وەرناگرن، بەڵکو ڕاستەوخۆ فەرمانبەری بەردەم دەرگای “سەرۆک خێڵ” و “کوری بەرپرسانن”.

ئەم چەکدارانە پەروەردە نەکراون بۆ ئەوەی سنورەکانی وڵات بپارێزن، بەڵکو ئەرکی سەرەکییان پاراستنی کۆشک و تەلار و بیرە نەوتە دزراوەکانی حیزبە. چەکەکانتان ڕووی لە سنگ و سەری خۆپیشاندەر و دەنگە ئازادەکانە، بەڵام بەرامبەر دووژمنانی دەرەکی، بەرامبەر درۆن و تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێران، بێدەنگ و دەستەوەستانن. ئێوەی دەسەڵاتدار، ئەو هێزەتان کردووەتە پاسەوانی مافیاکانتان، نەک پاسەوانی کەرامەتی نیشتمان.

بەتاڵانبردنی نەوت: لە بۆرییەوە بۆ تانکەری قاچاخ

سەیری دۆسیەی نەوت بکەن، ئەو دۆسیەیەی کە دەبوو ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی، کردووتانە بە نەفرەت بۆ ئەم میللەتە. پێشتر بەناوی “ابوری سەربەخۆ” ڕۆژانە ٤٥٠ هەزار بەرمیلتان دەفرۆشت و داهاتەکەی دیار نەبوو، ئێستاش کە هەناردەی فەرمی وەستاوە، ڕووتان کردووەتە دزییەکی ڕووت و ئاشکرا بە شێوازی “قاچاخ”.

لەمبەری زۆنی زەردەوە، ڕۆژانە سەدان تانکەر نەوت لە “ئیبراهیم خەلیل”ـەوە ڕەوانەی تورکیا دەکەن، داهاتەکەی دەچێتە گیرفانی کێ؟ لەوبەری زۆنی سەوزیشەوە، لە “پەروێزخان”ـەوە نەوت بە لێشاو دەڕژێننە دەمی ئێرانەوە. ئێوە بوونەتە دوو باندی گەورەی قاچاخچی، نەک دەوڵەتمەدار! ئەو ٥٠ بۆ ٨٠ هەزار بەرمیلەی ڕۆژانە بە دزییەوە دەیفرۆشن، پارەکەی نە دەچێتە خەزێنەی گشتی و نە دەبێتە مووچە بۆ فەرمانبەران، بەڵکو دەبێتە ڤێلا لە ئەوروپا و باڵەخانە لە دوبەی بۆ کوڕ و کچەکانتان.

شێری ماڵەوە و ڕێوی دەرەوە: جاشایەتی مۆدێرن

بە درێژایی مێژوو، کورد قەت هێندەی ئەمڕۆ سەرکردایەتییەکی “جاش” و خۆفرۆشی نەبووە. ئێوە بە کردار سەلماندتان کە نوێنەری نیشتمان نین، بەڵکو نوێنەری ئەجێندای داگیرکەرانن.

پارتی بووەتە جێبەجێکاری سیاسەتی تورکیا؛ سوپای تورک بە ئارەزووی خۆی دێتە ناو قوڵایی خاکی هەرێم، گوندەکان دەسوتێنێت و خەڵک دەکوژێت، کەچی ئێوە نەک هەر بێدەنگن، بەڵکو ڕێگەخۆشکەرن بۆیان.

یەکێتی بووەتە داردەستی ئێران؛ هەرچۆنێک تاران بیەوێت، سلێمانی و گەرمیان بەو ئاوازە دەجوڵێننەوە.

وەک کورد دەڵێت: “شێری ماڵەوەن و ڕێوی دەرەوە”. بەرامبەر میللەتەکەی خۆتان دیکتاتۆر و بکوژن، بەڵام لە ئاستی داگیرکەراندا، زەلیل و ملکەچن.

کۆتایی

ئەم دوو حیزبە، ئەم دوو خێڵە سیاسییە، شێرپەنجەی جەستەی کوردستانن. تا ئەمانە مابن، باسی سەربەخۆیی مەکەن، چونکە ئەمانە سەربەخۆییان تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەوێت. ئەوان نیشتمانیان کردووە بە دوو پارچە، دوو ئیدارە، و دوو بازاڕی قاچاخ بۆ دووژمنان. مێژوو ڕەحم بەم خیانەت و تاڵانییە ناکات، و ئێوەش وەک “بازرگانانی جەنگ و دزانی نیشتمان” لە لاپەڕە ڕەشەکاندا دەمێننەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 254 Today: 1,639 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.