به‌رپرسێكى باڵاى په‌كه‌كه‌: کەس چاوەڕێی ڕێوڕەسمێکی دیکەی چەک سوتاندنى گه‌ریلا نەکات

بینراوە: (7.1K)

بەرپرسێکی باڵاى پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هۆشداریده‌دات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، “کەس چاوەڕێی ڕێوڕەسمێکی دیکەی چەک سوتاندنى گه‌ریلا نەکات”، ده‌شڵێت:”بەکارهێنانی دەستەواژەی تورکیای بێ تیرۆر لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ پرۆسەی چارەسەریی، ڕەتدەکەینەوە”.

ئاوێنە: هێلین ئومیت کە یەکێکە لەبەرپرسانی باڵاى پەکەکە لەدیدارێكدا دەڵێت، “بەکارهێنانی دەستەواژەی تورکیای بێ تیرۆر لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ پرۆسەی چارەسەریی ڕەتدەکەینەوە، ئەو دەستەواژەیە گومانی زیاتر لەبارەی سەرخستنی پرۆسەکە دروستدەکات”.

ئومیت ئاماژەی بەوەکردوە، “بڕیارە لەداهاتودا لیژنەیەک بۆ سەرخستنی پرۆسەکە لەپەرلەمانی تورکیا پێکبهێندرێت، دەبێت ئەو لیژنەیە کار بۆ ئەوە بکات، لە چوارچێوەی یاسادا مافی سیاسەتکردن لەتورکیا بەگەریلاکانی پەکەکە بدرێت، ئەگەر ئەمانە نەکرێن، ئەو هەنگاوانەی ئێمە ناومانن بەبا دەچن”.

به‌وته‌ى بەرپرسەكه‌ى پەکەکە، “با کەس چاوەڕێی ڕێوڕەسمێکی دیکەی چەک سوتاندنى گەریلاکان نەبێت، پێویستیش ناکات، چ پێویست دەکات ئەم کارە بکرێتە نمایش، ئەو پەیامەی پێویستبوو، درا، ئەوەی پێویستبوو بوترێت، وتراو ئیرادە نیشاندرا، دوای ئەوەی هەڤاڵ بەسێ چەکەکەی سوتاند، کێ دەتوانێت بڵێت چەک لەدەستی ئەوانەیە کە لەشاخدان؟”.

بەبڕوای ئومیت، “پرسی کورد کێشەی سەرەکیی تورکیایە، ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت، تورکیا دەبێتە وڵاتێکی جوان، ئێمە دەبینە پشتیوانی ئەوانەی کە پرسی کورد چارەسەر دەکەن”.

ئەو وتانەی ئومیت لەکاتێکدایە، ڕۆژی 11ی تەمموزی ئەمساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لەڕێوڕەسمێکدا لەئەشکەوتی جاسەنە لەناوچەی سورداشی سەر بەپارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبولی‌و وەک نیازپاکییەک چەکەکانیان سوتاند، کە بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) یەکێکبوو لەوان.

پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارەی تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی ساڵى ڕابردوو بەدەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەستیپێکرد.

بەمەبەستی سەرخستنی پرۆسەکەش، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ی شوباتی ئەمساڵ داوای لەپارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوەو چەکدابنێت، پەکەکەش لە 5 بۆ 7ی ئایاری ئەمساڵ، 12مین کۆنگرەی خۆی بەست‌و بڕیاری کۆتاییهێنان بەخەباتی چەکداریی‌و خۆهەڵوەشاندنەوەیدا”.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 73 Today: 319 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.