١١ ساڵە هەبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەکوردستان ئەنجام نەدراوە

بینراوە: (4.7K)

زیاتر لەدوو ساڵە کاری ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بەھەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، بەشێک لەئەندامەکان دەوام دەکەن‌و بەشێکی تریان دەوام ناکەن، ھاوڵاتیانیش جگە لەوەی ناڕازین لەکارەکانیان، ھاوکات داواش دەکەن ھەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێت‌و بەوردی بەداواچوون بۆ پڕۆژەو کارەکانی حکومەت بکەن.



کاوار سەعید، دانیشتووی ناوەندی دھۆکە، ناڕازییە لەکاری ئەنجومەنی پارێزگاکان‌و پێیوایە کاری سەرەکی ئەنجومەن بەدواداچوونە بۆ کێشەکانی خەڵک‌و چاودێری کارەکانی حکومەتە، بەڵام ئەوان بەم ئەرکانە هەڵناسن،  وت “بە نموونە لەدھۆک دەیان پرۆژەی حکومەت وەستاون، وەکو پڕۆژەی روباری ووشکەڕوو، کە ئاوی زێرابی ماڵان‌و بارانی دەچێتە سەرو زیاتر لە ١٠ ساڵ بەسەریدا تێپەری تەواو نەکراوە، چەند نەخۆشخانەیەک بەھەمانشێوە بەردی بناغە بۆ دانراو تەواو نەکران، فڕۆکەخانەی دھۆک کە خەونی ھەموو بادینانە ئەویش تەواو نەکرا، دەیان دۆسیەی تر کە پێویست بوو ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک کاری لەسەر کردبا، بەڵام نەیکرد”.

وتیشی “وادەی ئەم خولەی ئەنجومەنی پارێزگاکان تەواو بووەو ھیچ پێویست ناکات بۆیان درێژبکرێتەوە، خەڵک چی لەئەنجومەنێکی لاوازو بێکار بکات؟!”.



ئەنجومەنی پارێزگاکان بەپێی یاسای ژمارەی ٣ی ساڵی ٢٠٠٩ کار دەکەن‌و ئەرکەکانیان چاودێری‌و ئیدارەی خۆجێی‌و دەرکردنی بڕیارو رێنماییە، بەمەرجێک لەگەڵ یاسا کارپێکراوەکانی ھەرێمدا ناکۆک نەبن. لەماوەی ١١ ساڵی رابردوودا تەنها جارێک هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کراوە لەساڵی ٢٠١٤دا، دادگای باڵای فیدراڵی عێراقیش لە ٢٤ی ئەیلولی ٢٠٢٣دا، لەبڕیارێکدا کۆتایی بەکارکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێم ھێنا.



عیماد رەفعەت، سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمان لەئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر  وت “بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر ھەڵپەساردنی کارەکانی ئەنجومەن سیاسی بوو، دەیان بڕیاری تر لەعێراق دەرکراون‌و جێبەجێ نەکراون، ھەڵوەشاندنەی خولی رابردووی پەرلەمانی کوردستان ئەویش ھەڵەیەکی گەورە بوو، دواجار حزبە گەورەکانیش وەکو یەکێتی‌و پارتی درکیان کرد کە دەبوایە ھەڵنەوەشایە، بڕیارەکەی دادگا زیاتر وەکو کارتێکی سیاسی‌و جورە فشارێک بوو لەسەر ھەرێمی کوردستان “.

وتیشی “وەکو ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کارمان ڕاگرتووە، کۆبوونەوەی ئەنجومەن ناکرێت، بەڵام دەوامی خۆمان دەکەین‌و بەدواداچوون بۆ کێشەو گرفتەکانی ھاوڵاتیانیش دەکەین، بۆ ھەڵبژاردنی یەکە ئیدارییەکانی وەکو قایمقام‌و بەرێوەبەری ناحیەو بەڕێوەبەرە گشتیەکان لەدەستەڵاتی وەزارەتی ناوخۆدایە، پێشتر دەبوایە لەئەنجومەن دەنگی لەسەر بدرایە، بەڵام ئەوە نەماوە”.

عیماد رەفعەت جەغتی لەوە کردەوە کە کارەکانیان یاساییە، چونکە کاتی خۆی پەرلەمانی کوردستان بەفەرمی ماوەی کاری ئەنجومەنی پارێزگاکانی درێژکردەوە پێش ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیار بدات، ئەو وتی “سەڕەرای ئەمەش لەگەڵ ئەوە بووین کە لەساڵی ٢٠١٨دا ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدرایە، بەڵام لەبەر کۆمەڵێک ھۆکار نەکرا، ئێمەش کەمێک خاتری بەغدامان گرتووەو کارە گەورەکانمان ڕاگرتووە”.



دادگای باڵای فیدراڵی عیراق، نادەستوری بوونی ماددەی ٢ لەھەمواری یاسای پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانی راگەیاندووە، کە لەتەموزی  ٢٠١٩دا پەرلەمانی کوردستان پەسەندی کردووەو تیایدا ھاتووە “ئەنجومەنی پارێزگاکان لەپیادەکردنی ئەرکەکانیان بەردەوام دەبن تا ھەڵبژاردنی خولێکی نوێی ئەنجومەن”.



عیماد شوکری، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەئەنجومەنی پارێزگای دھۆک  وت “من ناڵێم ئەندامی ئەنجومەن، چونکە بەپێی بڕیارەکە ئەنجومەنەکان ھەڵوەشاونەتەوە، لەو کاتەوەی دادگای فیدرالی بریاری دەرکردووە دەواممان نەکردوە، تەنیا سەرۆکی ئەنجومەن بۆ کاروباری کارگێری دەوام دەکات، ناتوانین وەکو ئەندامێکی ئەنجومەن کار بکەینهو بەداواچوون بۆ کێشەی خەڵک بکەین. یان لەسەر گەندەڵیەکی لایەنی پەیوەندیدار کار بکەین، مادەم لیژنەی لەسەر دروست نەکرێت‌و کەسانی کەمتەرخەم سزا نەدرێن، ھیچ سوودی نیە “.

وتیشی “دوای بڕیارەکە بۆشاییەکی گەورە لەبابەتی بەدواداچوون بۆ کێشەکانی خەڵک‌و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دروستبووە، دەبوایە ھەڵبژاردن بکرایەو خولێکی نوێ دەستیان بەکار بکردایە، یان کارەکانی ئەنجومەن بۆ ماوەیەک درێژ بکرایەتەوە”.



ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێم لەساڵی ٢٠١٤وە ھەڵبژێردراون‌و دەبوایە لەساڵی ٢٠١٨ دا ھەڵبژاردنی نوێ بکرایە، بەڵام بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە، دادگای فیدرالی عێراقیش لەسەر چەند بنەمایەکی یاسایی بڕیارەکەی دەرکردووە.



پاریزەر عیمران یاسین عەبدولرەحمان، لەدھۆک  وت “دەرکردنی بڕیارەکانی ژمارە ٢٣٢و ٢٥٣و ٢٣٩و ٢٤٨ لە٢٠٢٢، لەلایەن دادگای فیدراڵی عیراق لەسەر درێژکردنەوەی خوی پێشووی پەرلەمانی کوردستان‌و ئەو بڕیارانەی کە دەریکردون دوای ئەوە ھات کە سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو بابەتە تۆمارکرابوو لەدژی ئەوەی نابێت تەمەنی پەرلەمان‌و ئەنجومەنی پارێزگاکان درێژ بکرێتەوە، دواجار دادگای فیدراڵی لەسەر ئەو بنەمایانە بڕیاری دەرکرد “.

وتیشی” دادگای فیدرالی بڕیاری ئەوەی دا کە بڕیارەکەی پەرلەمانی کوردستان ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠٢٢، بۆ درێژکردنەوەی کاری پەرلەمان نادەستورییە، ھەروەھا ئەو بڕیارانەی لەوماوەیەدا دەرچوون ھەموویان ڕەتکرانەوەو بە(باتڵ) دانران”.



بەرپرسێکی پارتی لەدھۆک ڕەتیدەکاتەوە کە حزبی دەستەڵاتدار نایەوێت یان رێگرن لەئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بەپێچەوانەوە ئەوان پێیانباشە ھەڵبژاردن بکرێت .

خالید ئەحمەد دۆسکی، لەبەشی ھەڵبژاردنی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لەدھۆک  وت “بەھیچ شێوەیەک پارتی رێگر نەبووەو ھەوڵی ئەوەشی نەداوە کە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان نەکرێت، بەپێچەوانەوە لەبەرژەوەندی ئێمەدایە ھەرچی زووە ھەڵبژاردن بکرێت، بەڵام ئەمە زیاتر کاری پەرلەمانی کوردستانە، ئەویش خۆشبەختانە ھەواڵی خۆش ھەیە بۆ راگەیاندنی کابینەی نوێی حکومەت دواتر پەرلەمانیش دەست بەکۆبوونەوەکانی خۆی دەکات، ئەوان دەبێت رۆژێک دیاری بکەین”.

وتیشی “زۆر باشترە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێت بۆ ئەوەی ئەندامانی نوێ لەلایەن خەڵکەوە ھەڵبژێردرێن‌و ئەوانیش دەست بەکارەکانی خۆیان بکەن کە بەپێی یاسا رێکخراوە “.



کۆمسیۆنی عێراق ئامادەیە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدات، بەڵام دەبێت پێشتر بۆدجەیەکیان بۆ تەرخان بکرێت، لەگەڵ ماوەیەک کە لە ٦ مانگ کەمتر نەبێت، تا خۆیان ئامادە بکەن .



خالید عەباس، بەرپرسی ئوفیسی دھۆک لەکۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق  وت “چوار شت دەبێت بکرێت تا بتوانین ھەڵبژاردن بکەین: یەکەم، دەرکردنی یاسایەکی نوێ. دووەم، ماوەیەک پێش ھەڵبژاردن بەلایەنی کەم ٦ مانگ تا خۆمان ئامادە بکەین. سێیەم، دابینکردنی بۆدجەیەک. چوارەم، دیاریکردنی ماوەی ھەڵبژاردن. تا ئەم ساتە ھیچ شتێک نییە لەمبارەوە، ئەوەی ھەیە ئێستا سەرقاڵین بەئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق”.



ئەمە لەکاتێکدایە کە دوای تێپەڕینی زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر هەڵوەشاندنەوەیاندا، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان تا ئێستاش مووچەی خۆیان وەردەگرن.

ئیدریس ھەرکی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک  وت “تا ئێستا وەکۆ ئەندامی ئەنجومەن مووچە وەردەگرین، ھەرکاتێک بابەتی ئێمە کۆتایی ھات، ئەوکات ئیحالەی خانەنشیی دەکرێین‌و بەپێی یاسای خانەنشینی‌ مووچەی خۆمان وەردەگرین”.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 73 Today: 319 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.