پزیشكیان: ئیسرائیل هەوڵی كوشتنی داوم

بینراوە: (4.0K)

مەسعود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران رایگەیاند، گەڕانەوەی وڵاتەكەی بۆ سەر مێزی دانوستان، پەیوەستە بەمەرجی ئەوەی كە متمانەیان بە ئاڕاستەی گفتوگۆكان هەبێت و لەناوەڕاستی دانوستانەكاندا جارێكی دیكە رێگە بە ئیسرائیل نەدرێت هێرش بكات. دەشڵێت، ئیسرائیل لەماوەی جەنگی 12 رۆژەدا، هەوڵی كوشتنی داوم.

ئاوێنە: مەسعود پزیكشیان، سەرۆككۆماری ئێران لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ تەكەر كارلسۆن، رۆژنامەوانی دیاری ئەمریكی، لەبارەی چارەنوسی ئەو ئاگربەستەی لەنێوان وڵاتەكەی و ئیسرائیلدا هاتۆتە ئاراوە، وتی، ئێران بەردەوام لەگەڵ ئاشتی بوە، بەڵام ئەوە نەتەنیاهۆیە كە بەردەوام لە زەینی سەرۆك یەك لەدوای یەكەكانی ئەمریكادا ئەوەی چاندوە كە تاران بەدوای بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمییەوەیە، لەكاتێكدا كە ئێران بەهیچ شێوەیەكی هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی نەداوە.

وتیشی، لە گفتوگۆكاندا لایەنی ئەمریكی بە ئێرانییەكانی وتوە، تا ئەو كاتەی ئێمە رێگە نەدەین ئیسرائیل هێرش نكاتن، بەڵام لە كاتێكدا هێشتا سەرقاڵی دانوستان بوین، بۆردومانی مێزی دانوستانەكانیان كرد.

لەبارەی هاوكاریكردنی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، پزیشكیان وتی، لەگەڵ ئەوەش ئێمە لەبارەی چاودێریكردنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانمان، بێ هیچ دودڵییەك سەرلەنوێ ئامادەی گفتوگۆین، بەڵام لەدوای هێرشەكەی ئەمریكاوە بەشێك لە كەرەستەو دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێمە زیانیان پێگەیشتوەو بەئاسانی ناكرێت سەردانی ئەو دامەزراوانە بكرێت و دەبێت ئارام بگرین تا ئەو كاتەی بزانین كە سەردانكردنیان دەلوێ یان نا.

هەروەها وتیشی، پێموایە سەرۆكی ئەمریكا دەتوانێت ناوچەكە بەرەو ئاشتی و بونی ئاسایش ئاڕاستە بكات، یاخود ناوچەكە توشی یەك جەنگی نەبڕاوە بكات.

لەبارەی ئەوەی ئامادەن جارێكی دیكە بگەڕێنەوە بۆ دانوستانەكان، پزیشكیان وتی، ئێمە لەگەڵ دانوستان هیچ كێشەیەكمان نییە، بەڵام هێرشەكانی ئیسرائیل، دۆخەكەی توشی قەیران كردوە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئومێدەوارم دوای تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە، بتوانین جارێكی دیكە بگەڕێینەوە سەر مێزی گفتوگۆ، بێگومان ئەمە پێویستی بە یەك مەرجە: متمانەكردن بە ئاڕاستەی گفتوگۆكان و ئەوەی كە نابێت لەنێوەندی گفتوگۆكاندا، جارێكی دیكە رێگە بە رژێمی زایۆنی وو>ڕێت هێرش بكات و ئاگری شەڕ هەڵگیرسێنێتەوە.

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆككۆماری ئێران رایگەیاند، ئیسرائیل لە ماوەی جەنگی 12 رۆژەدا هەوڵی تیرۆركردنی ئەوی داوەو ئەو كارە لەلایەن ئەمریكاوە نەبوە.

وتیشی، ئێمە لە كۆبونەوەیەكی نێوخۆیدا بوین بۆ پێداچونەوە بە بەرنامەكانماندا، لەسەر بنامەی زانیاریی سیخوڕەكانیان، ئەو ناوچەیەیان بۆردومان كرد كە ئێمە لێی كۆبوبینەوە. بەڵام كاتێك خوا نەیەوێت، هیچ شتێك رونادات.

لەبارەی ئەوەی كە ئایا پێی وایە بە رێگە دیپلۆماسی دەتوانن لەگەڵ ئەمریكا بگەنە ئاشتی و ئەوەی كە جارێكی دیكە كۆمپانیا ئەمریكییەكان بگەڕێنەوە ئێران و سەرمایەگوزاری بكەن و سزاكانی سەر وڵاتەكەی هەڵبگیرێن. پزیكشیان وتی، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە كۆبونەوەیەكدا پێی وتوە، سەرمایەگوزارانی ئەمریكی دەتوانن بێنە ئێران و هیچ رێگرییەك بۆ كاركردنی ئەوان لە ئێران نییە.

وتیشی”ئێمە بۆ هەر جۆرە هاریكارییەكی ئابوریی، پیشەسازیی و بازرگانیی لەگەڵ ئەمریكییەكان ئامادەبوین و ئێستاش ئامادەین، بەڵام ئەوە سزاكانن رێگرن لە هاتنی سەرمایەگوزارانی ئەمریكا بۆ وڵاتەكەمان.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 32 Today: 86 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.