ناردنی مووچەی هەرێم دوادەکەوێت

بینراوە: (1.2K)

سەرچاوەکان لە بەغداد و وەزارەتی دارایی عێراقەوە رایانگەیاند، تەمویلکردنی مووچەی مانگی تەمموزی هەرێمی کوردستان تا رۆژی سێشەممە دوادەکەوێت، هۆکارەکەشی بۆ سەرقاڵبوونیان بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق و کێشەی نەختینە لە بانکەکاندا دەگەڕێننەوە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، دوو هۆکاری سەرەکی لەپشت دواکەوتنی ناردنی پارەکەوە هەن: سەرقاڵبوونی وەزارەتی دارایی عێراق: وەزارەتەکە سەرقاڵی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی خۆیەتی، کە لە 21ی مانگەوە دەستیپێکردووە.

کێشەی نەختینە: کەمبوونەوەی پارەی کاش (نەختینە) لە بانکەکاندا، پرۆسەی تەمویلکردنی دوخستووە. سەرچاوەکان پشتڕاستیانکردووەتەوە، کە “تاوەکو رۆژی سێشەممە تەمویلی مووچەی مانگی تەمموزی هەرێمی کوردستان دەکرێت.”

لەلایەن خۆیەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەکارییەکی کردووە و رایگەیاندووە، هەر کاتێک پارەکە بگات، بە هەمان لیستی مانگی حوزەیران و لە ماوەی سێ رۆژدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکات.

هاوکات، هەر لەم مانگەوە لێبڕینی 3%ی بەشداریی خانەنشینی دەستپێدەکات و سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان دەگرێتەوە. بەمەش کۆی لێبڕینی خانەنشینی لەسەر مووچەی بنەڕەتی لە 7%ـەوە بۆ 10% بەرزدەبێتەوە و هاوتای سیستمی عێراق دەکرێت.

ئەم دواکەوتنە لە کاتێکدایە کە رۆژی شەممە، بۆ یەکەمجار دوای دوو ساڵ و نیو، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە. چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و دابەشکردنی مانگانە لە کاتی خۆیدا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 26 Today: 163 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.