حەسەن جەمال
تا لەتورکیا دیموکراسی نەبێت… مافو یاساو دادپەروەری لەدەرگامان نەدات… تا زیندانەکان بەتاڵ نەکرێنەوە، ئاشتیو ئارامی ڕاستەقینە بەدینایەت.
ئایا ڕۆژێکی مێژووییە؟
بەڵێ، وایە.
پەکەکە چەک دادەنێت…
شتێک کە ساڵانێکی زۆرە بانگەشەی بۆ دەکەم خەریکە دێتە دی.
یاخیبوونێکی چەکداری کە ماوەی نیو سەدەیە تورکیای بەتوندی بریندار کردووە هەم لەڕووی ماددیو هەم لەڕووی ڕۆحییەوە
ڕووبارێک خوێنو فرمێسکی لێکەوتوەتەوە
خەریکە کۆتایی دێت
خەریکە دەرگایەک بۆ ئاشتی دەکرێتەوە.
ئەمە ڕۆژێکی هێندە گرنگە کە دەکرێت ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ تورکیا.
بەڵام…
“بەڵام” لەم دێڕانەدا هاتووە کە لە ١٤ی نیسانی ڕابردوودا نووسیومە:
تورکیایەک بێ تیرۆر!
ئەوە جوانو باشە.
ئەی تورکیایەکی دیموکراسی؟
هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکە،
ناشتنی چەکەکانی…
هەمووی جوانو باشە.
ئەی کێشەی کورد…
ئەی مافی “هاوڵاتیی یەکسان”ی کورد…
تورکیایەک بێ تیرۆر!
ئەوە باشە.
ئەی دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ…
ئەی سەروەری یاسا…
ئەی سیستەمێکی دادوەریی کە دادوەرو داواکاری گشتی دڵسۆزی یاسا بن نەک دلشۆزی حکومەت…
تورکیایەک بێ تیرۆر!
ئەوە باشە.
ئەی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان…
سیستەمێک کە دەسەڵاتی یاسادانانو دادوەریو جێبەجێکردن جیا ببنەوەو چاودێرییو کۆنتڕۆڵی یەکتر بکەن…
بەواتایەکی تر:
تورکیایەک کە هەموو جومگەکانی دەسەڵات لەدەستی “تاکە پیاوێک”، ئازاد بکرێت…
تورکیایەک بێ تیرۆر!
ئەوە باشە.
ئەی میدیای ئازاد…
سیستەمێکی نوێی میدیایی دیموکراسی، دوور لە”میدیای ملکەچو گوێڕایەڵی”و “میدیای کۆشک”…
تورکیایەک بێ تیرۆر!
هەمووی جوانو باشە.
ئەی ئازادی ئەکادیمی…
سیستەمێک کەزانکۆی سەربەخۆو خۆبەڕێوەبەریی لەخۆبگرێت،
ئازادی ئەکادیمی بەتەواوی تیا دەستبەربکرێت،
بەهەردوو ستافی وانەوتنەوەو خوێندکارانیەوە…
من نامەوێت خاڵەکە زەق بکەمەوە.
بەڵێ منیش لەگەڵ “تورکیایەکی بێ تیرۆر”م، تورکیایەک کە چەکەکانی تێدا بەخاک بسپێردرێت.
بەڵام من تورکیایەکی دیموکراسیشم دەوێت.
من دەمەوێت لەتورکیایەکدا بژیم کە پرسی کورد چارەسەر بکرێ.
من دەمەوێت لەوڵاتێکدا بژیم کە ڕێز لەئیرادەی گەل بگرێتو سیستمی قەیومی تێدا نەبێت.
من تورکیایەکم دەوێت کە زیندانیی سیاسیو دەستبەسەریی لەزیندانەکانیدا نەبێت.
بەکورتی:
بەڵێ، تورکیەیەکی بێ تیرۆر؛
بەڵام ئەوە بەتەنها بەس نییە؛
هەروەها پێویستمان بەتورکیایەکی تەواو دیموکراسییە.
بەڵێ، وایە.
تا ئەو کاتەی لەتورکیادا دیموکراسی دەستەبەر نەبێت…
تا مافو یاساو دادپەروەری لەدەرگامان نەدەن…
تا گرتووخانەوو زیندانەکان بەتاڵ نەکرێنەوە…
ئاشتیو ئارامی ڕاستەقینە بەدینایەت.
من بەم هەستو ئەندێشەیەوە سڵاو لەم ڕۆژە مێژووییە دەکەمو پێشوازی ئەم وەرچەرخانە گرنگە دەکەم
پەکەکە چەک دادەنێت… بەڵام ئەی دیموکراسی؟

بینراوە:
(5.7K)















Leave a Reply