وریا حسێن
وەڵامەکە لەسیاسەتی وزەو ململانێیەکی زۆر لەوە گەورەتردا خۆی حەشار داوە کە لەسەر زەوی دەبینرێت. ئەم دۆخە ڕاستەوخۆ دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ستراتیژیی غاز لەنێوان حکومەتی هەرێمو دوو کۆمپانیای گەورەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەریهەڵدا.
لەوبارەیەوە سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابورى پەرلەمانى عێراق بڕواى وایە ئەم ڕێککەوتنە لەکاتێکدایە کە حکومەتی عێراق پێشتر پلانی هەبوو بۆری غازی خۆی بەکەرکوکەوە ببەستێتەوە، بەڵام هەرێم ئەمەی ڕەت کردەوە، ئەو وت “ململانێی غاز لەم ناوچەیەدا تەنها پەیوەست نییە بەهەولێرو بەغداوە، بەڵکو گۆڕەپانێکی فراوانترە کە عێراق، ئێران، روسیا، تورکیاو ئەمریکا تێیدا خەریکی یارییەکی ئاڵۆزن”.
ئەندامەکەى لیژنەى ئابورى پەرلەمانى عێراق، بڕواشى وایە “عێراق، کە لەژێر فشاری ئەمریکادایە بۆ ڕاگرتنی کڕینی غاز لەئێران بۆ وێستگەکانی کارەبا، ئێستا بەشێوەیەکی بێپێشینە پێویستی بەغازی هەرێمی کوردستانە. ئەمە بەڕوونی لە پێشنیازەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا دەرکەوت کاتێک داوای تەواوی “وزە”ی لەهەرێم کرد، نەک تەنها نەوت”.
کەرکوک، ئەو شارەی کە هەمیشە لەچەقی ململانێکاندا بووە، جارێکی دیکە خۆی لەناوەڕاستی هاوکێشەکەدا دەبینێتەوە. ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، گرنگیی کێڵگەکانی کەرکوکی زیاتر کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، گەڕانەوەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک (BP) بۆ شارەکە، دەکرێت ببێتە هۆکارێک بۆ دوورخستنەوەی لەململانێی توندی سیاسیو ئەمنی.
وەک چیا نوری، ڕۆژنامەنووس لەکەرکوک، پێیوایە ئەم کێشە ئەمنییانە کورتخایەن دەبن. سروشتی هەستیارو فرەنەتەوەیی کەرکوک وا دەکات هەر لایەنێک لەوە بترسێت کە بەبچووکترین ڕووداو، دۆخەکە لەکۆنترۆڵ دەربچێتو بەرپرسیارێتیی تەقینەوەکە بکەوێتە ئەستۆی. ئەو بەئاوێنەی وت “لەوانەیە هەر ئەم تایبەتمەندییەش بێت کە کەرکوک، سەرەڕای بوونی لەچەقی گێژاوەکەدا، تا ئێستا لەتەقینەوەیەکی گەورە پاراستووە”.
















Leave a Reply