ئاکار فازیل جەلال
لەوەتای ئەم هەرێمەی ئێمە دروستکراوە و دەسەڵاتی حکومڕانی دامەزراوە هەردوو پارتی دەسەڵاتدار خەریکی دزی و تاڵانین.
یەکێتی نیشتیمانی بە تەنکەر و پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆڕی و تەنکەر خەریکی دەرهێنان و دزین و تاڵانکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانن.
سەردار پشدەری لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەڵێ: لە نەوەدەکانی سەدەی پێشوو کاتێ لەگەڵ ئەمریکیەکان نەوتی شیواشۆک مان دۆزییەوە و ویستم هەناردەی بکەین بۆ دەرەوەی کوردستان یەکسەر یەکێتی و پارتی هێزی چەکداریان هێنایە سەرمان و ڕایانگرت.
لەدوای ئەوەوە ناچارکرا کوردستان جێبهێڵێت و لە ساتەوە لە بەریتانیا ژیان ئەکات.
یەکێتی و پارتی وەک دوو ڕووی دراوێکن و پێکەوە تەواوکەری خراپەکاری و تاڵانی و گەندەڵین لە هەرێمی کوردستان.
پارتی لە زۆنی زەرد و یەکێتی لەزۆنی سەوز هەموو پایەکانی دەسەڵاتیان لەژێردەستە و هەرچیەکیش هەیە هەڕاج فرۆش و تاڵانی ئەکەن، یاخود ئەینێرن بۆ ووڵاتانی دراوسێ و بە نرخێکی زۆر کەم ئەیفرۆشنەوە، وەک بڵێی دۆزیویانەتەوە.
یەکێتی لە سنووری مەرزەکانی باشماخ و سەیران بەن و پەروێزخان و “پشتە و گمە” هەرچی نەوت هەیە ئاودیوی ئێرانی کرد بەتەنکەر، لەکاتێدا لەکوردستان لە چلەی هاوین چاوەڕێی وەرگرتنی بەرمیلێک نەوتن بۆئەوەی چلەی زستان خۆیانی پێ گەرم بکەنەوە.
پارتی لە سنووری مەرزەکانی حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیل بەتەنکەر و لەڕێگەی بۆرییە نەوتەکانەوە کە ئەگاتە خاکی تورکیا، خەریکی تاڵانکردنی نەوتی کوردستانە.
ئەمە لەکاتێکدا کە ڕێگرن لەوەی کە نەوت بدرێت بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقی، وە ناهێڵن مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابین بکرێ.
هەرێمی کوردستان لە ئێستایا لە هەشت ناوچەی گرێبەست نەوت بەرهەم ئەهێنێت، پاش ڕێکەوتنی لەگەڵ کۆمپانیاکان.
ڕۆژانە نزیکەی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دەردەهێنرێت و ئەفرۆشرێتەوە.
واتە مانگانە نزیکەی ٨ ملیۆن و ٩٩١ هەزار بەرمیل نەوت دەدەهێنرێت و ئەفرۆشرێت. وە داهاتەکەی بریتییە لە :
٢٩٧ ملیۆن و ٥٠٧ هەزار دۆلار.
ئەم پارە و داهاتە چەندین ساڵە بە ناڕوونی ماوەتەوە و ئەچێتە گیرفانی بەرپرسانی هەردوو حیزبی دەسەڵاتەوە.
ئەوانیش دواتر بۆ کەیف و سەفا و ڕابواردن بەکاری ئەهێنن و ماڵ و مناڵیان لە ووڵاتان سەدان ملیۆن دۆلار سەرف ئەکەن و چەندین شووقە و ڤێلا و گازینۆ و باڵەخانەیان هەیە و لە ڕاقیترین جێگەکانی دنیا ئەیگوزەرێنن.
وە لەلایەکی ترەوە ئەو پارەیە بەکار ئەهێنن بۆ بەکرێگرتنی کاسانێکی خراپ و خوێنڕێژ، بۆ سەرکوتکردنی ئازادیخوازان و چالاکوانان، بۆئەوەی هیچ کەس و لایەنێک بوێری ئەوەی نەبێت داوای شەفافی و دادپەروەری و یەکسانی بکات.
حکومڕانی لەهەرێمی کوردستان لەپەڕی گەندەڵی و خراپیدایە و ئەگەر بەزوویی ئەم دۆخە نەگۆڕدرێت و سەرانی دەسەڵات لانەچن، دیارنیە هەرێم بەرەو کام تونێلی تاریک و کام جەنگەڵی پڕلە نەهامەتی هەنگاو ئەنێت.
















Leave a Reply