لامین یامال، ئەستێرەی لاوی یانەی بارسێلۆنا، خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی بە شێوازێکی شاهانە بچێتە تەمەنی 18 ساڵییەوە و ئاهەنگێکی تایبەت و گەورە لە دوورگەی ئیبیزا ساز بکات.
بەپێی راپۆرتی میدیایەکی ئیسپانی نزیک لە یاریزانەکە، ئاهەنگەکە زۆر لە ئاهەنگێکی ئاسایی گەورەتر دەبێت، کە تێیدا تێکەڵەیەک لە کەشێکی شاهانە، مۆسیقا و پاراستنی نهێنی لە ئاستێکی باڵادا بەخۆیەوە دەبینێت.
وردەکارییەکانی ئاهەنگەکە لە میدیاکان شاردراونەتەوە، بەڵام هەندێک زانیاری دزەیان پێکراوە و ئاماژە بەوە دەکەن کە دوورگەی ئیبیزا میوانداریی ئاهەنگە گەورەکە دەکات.
بانگهێشتنامەکان بە لیستێکی دیاریکراو بۆ میوانی (ڤی ئای پی) نێردراون، بەڵام شوێنی سەرەکیی ئاهەنگەکە تەنیا یەک یان دوو رۆژ پێش دەستپێکردنی ئاشکرا دەکرێت، ئەمەش بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی تایبەتمەندیی ئاهەنگەکە.
سەرچاوە میدییاییەکە ئاشکرایکردووە کە ناوی هەریەکە لە گۆرانیبێژان باد گیال و ئۆزونای ئەستێرەی ریگیتۆن وەکوو ئەگەری بەشداریکردن و گۆرانیگوتن لە ئاهەنگەکەدا خراونەتەڕوو.
سەرەڕای لیستی میوانە ناودارەکان و ئەگەری نمایشە هونەرییەکان، یەک یاسای تووند جێبەجێ دەکرێت: بردنە ژوورەوەی مۆبایل بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە. میوانەکانی ئاهەنگی لەدایکبوونی یامال دەبێت مۆبایلەکانیان لە دەرەوە بەجێبهێڵن، ئەم بڕیارەش بۆ مسۆگەرکردنی تایبەتمەندی تەواو و رێگریکردنە لە دزەپێکردنی وێنە و ڤیدیۆی ئاهەنگەکە بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
گرنگیی ئاهەنگەکە لەوەدایە نیکۆ ویلیامزی ئەستێرەی ئاتلەتیک بیلباو و هاوڕێی نزیکی یامال بانگهێشتکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە کە ئاخۆ نیکۆ دەچێتە ئاهەنگە گەورەکەی ساڵیادی لەدایکبوونی هاوڕێکەی لە ئیبیزا یاخود نا.
پێشبینیدەکرا، وەرزی داهاتوو لامین و نیکۆ پێکەوە درێسی بارسێلۆنا بپۆشن، بەڵام نیکۆ ویلیامز بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ئاتلێتیک بیلباو تاوەکو 2035 نوێکردەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم ئاهەنگە، رووداوێکی مێژوویی دیکەش چاوەڕێی یامال دەکات، چونکە بڕیارە یانەی بارسێلۆنا بە فەرمی درێسی ژمارە 10ـی پێببەخشێت، ئەو درێسەی کە پێشتر لەلایەن ئەفسانەکانی وەک رۆناڵدینیۆ و لیۆنێل مێسییەوە پۆشراوە. دوای رۆیشتنی ئانسۆ فاتی بە خواستن بۆ یانەی مۆناکۆ، درێسەکە بێ خاوەن ماوەتەوە و ئێستا بەرپرسانی یانەکە پێیانوایە، یامال شایستەترین میراتگری ئەو درێسەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاستە بەرزەی پێشکێشی کردووە.
بارسێلۆنا ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی 2025-2026 دەستپێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت یاریزانان لە 13ی ئەم مانگەدا، بۆ مەشقەکانی پێشوەرز کۆببنەوە و دواتر گەشتێک بۆ ئاسیا ئەنجام بدەن. بەرگریکردنیان لە نازناوی لالیگا لە رۆژی 17ـی ئاب بە یارییەک بەرامبەر ریال مایۆرکا دەستپێدەکات، کە تێیدا پێشبینی دەکرێت لامین یامال رۆڵێکی سەرەکی لە پێکهاتەی یانەکەدا هەبێت.
لامین بەئاهەنگێکی نهێنی و گرانبەها، ساڵیادی لەدایکبوونی دەکاتەوە

بینراوە:
(6.1K)















Leave a Reply