شێخی کەنداو و شێخی زەلکاو !

بینراوە: (4.4K)

شێرزاد شێخانی
لەدوای خیانەتە گەورەکەی ٣١ ئابی ساڵی ١٩٩٦ بنەماڵەی بارزانی هەوڵێکی زۆریاندا بۆ بە شێخایەتیکردنی سیستەمی حوکمڕانی لەکوردستاندا . بەڵام بە هۆی بەربەستی یەکێتی و حزبەکانی تریش نەیانتوانی ئەم ئاواتە بێننە دی . لەدوای رووخانی رژێمی صەدامیش ئەم  بنەماڵەیە بە تەواوی قۆرخی دەسەڵاتی کوردستانیان کردو زۆر هەوڵیاندا بۆ گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی کوردستان بۆ شێخایەتی هاوشێوەی وڵاتانی کەنداو بەڵام تا ئێستاش خەونەکەیان نەهاتەدی .
شێخەکانی کەنداو کە هەندێکیان زیاتر لەدوو سەدەیە حوکمڕانی وڵاتەکانیان دەکەن و لەچەند ئەمارەتێکی بچووکو پەرشوبڵاوەوە بوونە دەوڵەتی سەربەخۆ ، پیاوی مەزنی دەوڵەتمەدارو سەرکردەی لێهاتوویان لێ دەرکەوتووە ، بۆیە ئەو ماوە درێژە حوکمڕانی وڵاتەکانیان کردووەو بەشێوەیەک پێشیان خستووە کە ببنە جێگای سەرنجی هەموو گەلانی دونیا ، هەرچەندە لەم وڵاتانەشدا هیچ سیمایەکی دیموکراسی بە مانای دەستاودەستی دەسەڵاتی تێدا نەبووەو زۆر بە دەگمەنیش ئەگەر حزبێک یان کۆمەڵەیەکی حیزبی تێدا هەبووبێت.
پرسیارە گەورەکە لێرەدا ئەوەیە ، بۆچی ئەم بنەماڵانە سەرباری نەبوونی هیچ سیمایەکی دیموکراسی و ئازادی لەوڵاتەکانیان توانیویانە ئەو ماوە درێژە لەسەر تەختی حوکم بمێننەوەو میللەتەکانیشیان لێیان رازی بێت وهیچ گلەیی لەمشێوە حوکمڕانییەیان نەبێت ؟. ئەگەر بگەڕێینەوە سەر وێنە کۆنە ئەرشیفکراوەکانی ئەم وڵاتانەی کەنداو ، دەبینین تا ساڵانی حەفتاو هەشتایەکانی سەدەی رابردوو زۆربەی خاکەکانیان تەنها بیابان بوون و هیچ سیمایەکی شارستانییان پێوە دیار نەبوو . بەڵام لەماوەیەکی زۆر کورتدا توانیان بە سوود وەرگرتن لەسامانی نەوت وڵاتەکانیان بەشێوەیەک دروستبکەنەوە کە ببێتە مایەی سەرنجی هەموو دونیا ..
ئایا شێخەکانی بنەماڵەی بارزانی گەیشتوونەتە کوێی ئەو پێشکەوتنەی وڵاتانی کەنداو لەکاتێکدا هەرێمی کوردستانیش لەرووی سامانی گشتییەوە هیچی کەمتر نەبووە لەو ئیمکانیاتەی شێخەکانی کەنداو هەیانبووە . هەر لە سامانی نەوتوغازی هەرێمەوە تا ئەو ملیاران دۆلارەی بەغدا کە بەدرێژایی بیست ساڵی رابردوو بەسەر ئەم هەرێمەدا رژاوە ؟.
وەزعی خزمەتگوزاری لەو پەڕی خراپیدایە ، کارەبا بەشی دوو گەڕەکی پایتەختەکەش ناکات !. ئاوی خواردنەوە لەهاوینان کێشەی هەیە ! رێگاوبانەکان رۆژانە کارەسات دروستدەکەن ! . گوزەرانی خەڵک لەوپەڕی خراپیدایە تەنانەت حکومەت دەست بۆ بڕینی مووچەی مووچەخۆرو خانەنشینانیش دەبات بۆ دابینکردنی مەسرەفی خۆی !. وەزعەکە بە گشتی لە زەلکاوێک دەچی کە بۆنەکەی ژیانی خەڵکی هەراسان کردووە .لەسایەی حوکمی شێخایەتی ئەم بنەماڵەیە چیینی مام ناوەند بەتەوای مردووە ، ئێستا دوو چیین لەم هەرێمەدا هەن ، چیینی دەوڵەمەندی ملیادێرو ملیۆنەری دەسەڵات کە بەژمارە زۆر کەمن ، چیینی خوار هێڵی هەژاریش کە زۆربەی هەرە زۆری میللەتەکەن .

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 88 Today: 954 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.