خراپ بەکارهێنانی سامانی گشتی، کێشە و دەرئەنجامەکانی

بینراوە: (4.9K)


نەجیبە مەحمود

خراپ بەکارهێنانی سامانی گشتی لە هەرێم کێشەیەکی جددییە و پێویستی بە گرنگیدان و کردەوەی بەپەلە هەیە. بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە پێویستە سیستەمی چاودێری کاریگەر دابنرێت و یاساکانی دژە گەندەڵی بەهێز بکرێت و هۆشیاری گشتی لە ماف و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی زیاد بکرێت. بۆ ئەو مەبەستە گومانی تێدانیە تەنها بە هاوکاری سەرجەم  ئەندامانی کۆمەڵگا دەتوانین ئەم کێشەیە کەم بکەینەوە و سامانی گشتی بپارێزین و بخرێتەوە خزمەت هاووڵاتیان لە پێناو بەدەستهێنانی  گەشەسەندنی بەردەوام .

-هەروەها خاڵێکی زۆر گرنگ و بیرکردنەوەی  ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی سەروەت و سامانی گشتی دەقۆزنەوە، نەک هەر زیان بە خۆیان دەگەیەنن، بەڵکو لێکەوتەی نەرێنیشیان بۆ خێزان و کۆمەڵگاکەیان دەبێت.

-خراپ بەکارهێنانی سامانی گشتی دەتوانێت ببێتە هۆی شەرمەزاری بۆ تاکەکان و خێزانەکانیان. کاتێک  تاکێک بە گەندەڵی و سووکایەتیکردن تۆمەتبار دەکرێت، ئەم تۆمەتانە نەک تەنها کاریگەرییان لەسەر تاکەکەسەکە نییە، بەڵکوو ناوبانگ و کەرامەتی بنەماڵەکەیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەمەش دەتوانێت دووری و گرژی لە نێوان ئەندامانی خێزان و کۆمەڵگادا دروست بکات.

خراپ بەکارهێنانی سامانی گشتی بۆ بەرژەوەندی هەندێک گروپ نادادپەروەری لە کۆمەڵگادا دروست دەکات. کاتێک سەروەت و سامان بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە دابەش دەکرێت، ئەندامانی دیکەی کۆمەڵگا هەست بە دوورخستنەوە و نایەکسانی دەکەن. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی ناڕازیبوونی کۆمەڵایەتی و تەنانەت نائارامی مەدەنیش.

-ئەو کەسانەی لە ڕێگەی نایاساییەوە سامان کۆدەکەنەوە، لە ڕاستیدا نموونەیەکی نەرێنی بۆ نەوەکانی داهاتوو جێدەهێڵن . ڕەنگە منداڵی ئەو بەرپرس و  کەسانە پێیانوابێ کە بەدەستهێنانی سەروەت و سامان لە ڕێگەی نایاساییەوە جێگای قبوڵکردنە و بە ماف و موڵکی خۆیان بزانن ، ئەو ڕەفتارانە بە چارەسەرێک بۆ کێشە ئابوورییەکانیان بزانن.

-خراپ بەکارهێنانی سامانی گشتی و هەوڵدان بۆ هێشتنەوەی لە ناو خێزاندا دەتوانێت ببێتە هۆی لاوازبوونی بەها ئەخلاقی و مرۆییەکان لە کۆمەڵگادا. کاتێک بەرپرسەکان لەبری ڕەچاوکردنی  دادپەروەری بەدوای بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆیاندا دەگەڕێن،  کاریگەری نەرێنیان لە سەر  دابەزینی  پێگە و بەها هاوبەشەکانی کۆمەڵگاش  دەبێت.

– بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستە ڕوحی  دادپەروەری و لێپرسینەوە لە کۆمەڵگادا بەهێز بکەین. دروستکردنی پلاتفۆرمی گونجاو بۆ شەفافیەت و چاودێریکردنی سەرچاوە گشتیەکان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی ئەو کێشانە و پاراستنی سامانی گشتی بۆ بەرژەوەندی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 88 Today: 954 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.