وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لهبارهی كۆبونهوه لەگەڵ واشنتن سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ڕایگەیاند، تاران داوای هیچ دیدارێکی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا نەکردوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان.
ئیسماعیل باقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئهمڕۆ سێشەممە له لێدوانێكدا بۆ میدیاكانی وڵاتهكهی ڕایگەیاند، تاران داوای هیچ دیدارێکی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا نەکردوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان.
“هەفتەی داهاتو یان زیاتر” لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ئێرانی کۆدەبێتەوە
ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، “هەفتەی داهاتو یان زیاتر” لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ئێرانی کۆدەبێتەوە.
بەرپرسانی ئێران پەیوەندییان بە ئەمریکاوە کردوە بۆ دیاریکردنی وادەیەک بۆ دانوستانەکان
ترەمپ ڕۆژی دوشەممە ئاماژەی بەوەدا کە بەرپرسانی ئێران پەیوەندییان بە ئەمریکاوە کردوە بۆ دیاریکردنی وادەیەک بۆ دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
دانوستانەکان لە مانگی (نیسان/4)ی ئهمساڵەوە دەستیپێکرد، بەڵام دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە مانگی ڕابردودا ڕاگیرا.
وادەیەکمان بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران دیاریکردوە، ئەوانیش دەیانەوێت، دەیانەوێت قسە بکەن
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، “ئێمە وادەیەکمان بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران دیاریکردوە، ئەوانیش دەیانەوێت، دەیانەوێت قسە بکەن”، هەفتەی ڕابردو ڕایگەیاندبو، کە بەم زوانە گفتوگۆکان دەستپێدەکەنەوە.
“هیچ کێشەیەک” لە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن نابینێت
لایخۆیەوە مەسعود پزیشكیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، “هیچ کێشەیەک” لە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمی نابینێت.
هیچ کێشەیەک نابینین لە دوبارە چونە ناو دانوستانەکانەوە
جەختیشی لەوە کردەوە، “هیچ کێشەیەک نابینین لە دوبارە چونە ناو دانوستانەکانەوە”، بهڵام “یەک مەرج هەیە، چۆن جارێکی دیکە متمانەمان بە ئەمریکا دەبێتەوە؟”.
واشنتن لە سەرەتای مانگی حوزەیران لە کاتی شەڕی ئێران و ئیسرائیل سێ شوێنی ئەتۆمی ئێرانی بۆردومان کرد، لهوهڵامدا ئێران 14 موشهكی ئاڕاستهی بنكهیهكی هێزهكانی ئهمریكا له قهتهر كرد.












Leave a Reply