شۆڕش و کوردبوون و پەکەکە

بینراوە: (3.8K)

ئەحمەد میرە

ئەوان بە هەموو شێوەیەک شۆڕش و کوردبوونیان لە ناخ و یادەوەریی هەمووماندا هێشتەوە.

کاتێک خەڵکی تر خەریکی فرۆشتنی نیشتمان بوون؛ ئەوان وتیان: شۆڕشگێڕەکان کاڵا فرۆش نین، تا نیشتیمان بۆ گیرفانیان هەڕاجبکەن، ئەوان شۆڕشیان بۆ هەتاهەتایە لە بیر و یادەوەریماندا دەهێڵنەوە و ڕێگەیاننەدا کوردبوون بمرێت.

رەنگە زۆر گران بێت بزانین تورکیا چەندە هەنگاودەنێت بۆ ئاشتی و پرسەکەی بەلاوە گرنگە و فێڵی سیاسیی ترسناکی بەدەستەوە نییە.

ئەوەی دەمەوێت بیڵێم، ئیتر ئەوان توانیان کوردبوون لە تورکیادا بکەنە شانازی و ماوەی نیوسەدە هەموو ڕێگایەکی ئەو سەلماندنەیان گرتەبەر و سەربەرزانە لێیدەرچوون.

پارتی کرێکارانی کوردستان چاوگی خەباتێکی ڕەسەنی کوردانەی مرۆڤانە بوو. بە تەواوەتی هۆکاری داڕشتنەوە و بونیادنانەوەی کەسایەتیی تاکی کورد بوو.

هەر بۆیە ئەم ئەرکە بۆ هەمیشە بەردەوامدەبێت. ئەوان بە ئاسودەییەکی زۆر قووڵ و ئارامییەکی گەورەوە، ئەم پرسە ئەنجامدەدەن.

لە هیچەوە هاتن و بە دەستێکی پڕ و دەوڵەمەند لە ڕووی بیر و فەلسەفەی شۆڕشکردنەوە لە چەکەکانیان دووردەکەونەوە.
بۆ ئەوان چەک یەکێک بوو لە میکانیزمەکانی گەیاندنی فەلسەفەی هاوبەشی نێوان گەل و مرۆڤەکان؛ دەنا ئەو بیروڕایەی لە بیر و مێژووی ئەم پارتەدا چەسپیووە، بە ئاسانی دەستلەملانێی ئاشبەتاڵ نابێت. بەڵام چونکە مێژووی ئێمە لێوانلێوە لە شکست و ڕووداوی نەخوازراو، بۆیە هەیشە لە ترسێکی قووڵدا دەژین و گومان لە هەموو پڕۆسەیەک دەکەین.

ڕووداو و پێشهاتەکان زۆرن و زۆر بە خێرایی دەگۆڕێن، هەر لەبەر ئەمەشە دەبێت بۆ هەموو ئەگەر و سینارێو سیاسییەکان خۆمان ئامادەبکەین.

پارتێکی فرە_ئاڕاستە و فرە_هێز و بە هێز، دوای ئەو هەموو ئەزموونە، بڕواناکرێت بە ئاسانی بکەوێتە تۆڕی دەوڵەتی تورکیاوە. گومان لەوەدا نییە، پـ.ـەکـ.ـەکە زۆر باش سیاسەت و پیلان و بەرنامەی ئەردۆگان دەزانێت.

لەم ڕوانگەیەوە بۆمان دەردەکەوێت، ئەم پڕۆسەیە ناچارییە؟ یاخود بەشێکە لە ئەجێندای خۆیان و بە سەربەرزییەوە لێیدەردەچن.

لە هەموو بارێکدا، ئەوان بە مەزنی لە مێژووی ئێمەدا دەمێننەوە و بەشێکی بنەڕەتین لە خەباتی نیشتیمانیی گەلەکەمان.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 226 Today: 1,954 📊 Click Here
© Bnkol. All rights reserved.