پۆلیسی راپەرین دەڵێت، لە ناحیەی چوارقوڕنە سێ کەس بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێل دەستگیرکران و یەکێکیان دانی بەوەنا کە پێشتر ئۆتۆمبێلی پووری خۆی دزیووە.
ئەمڕۆ هەینی ٤ی تەمموزی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین بڵاویکردەوە، دوای بەدەستهێنانی زانیاری لەلایەن هێزەکانیانەوە لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی رانیە، سێ کەسیان لە پێشانگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل لە ناحیەی چوارقوڕنە، بە تۆمەتی دزیکردن و ساغکردنەوەی ئۆتۆمبێلێکەوە دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوە لەسەر دۆسیەکە بەردەوامە.
وتیشی، تۆمەتباران هەستاون بە هێنانی ئۆتۆمبیلی جۆری(BMW330)ـی مۆدێل ٢٠٢٤ رەنگی رەش لە شاری هەولێرەوە بۆ پێشانگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل لە ناحیەی چوارقوڕنە، هەروەها لێکردنەوەی تابلۆکانی بەمەبەستی ساخکردنەوەی بە ئۆتۆمبیلێکی بێ سەرەتا کە پێشتر لەلایەن یەکێک لە تۆمەتبارەکانەوە بۆ ماوەی مانگێك بە کرێ گیراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە تۆمەتبارەکان، دانی بە تاوانێکی دیکەدا ناوە، کە جگە لەوەش هەستاوە بە دزینی ئۆتۆمبیلی پوری خۆی، لە جۆری (کیا سپورتاج ) مۆدێل ٢٠١٤ رەنگی سپی لە شاری کەرکوك، دواتر فرۆشتوویەتی بە بڕی سیازدە هەزار دۆلار.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوو لە تۆمەتبارەکان تەمەنیان نزیکەی ٢٠ ساڵە، ئەوی تریشیان تەمەنی ٢٧ ساڵە و دانیشتووی کەرکوکن، بە بڕیاری دادوەر هەرسێکیان راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.












Leave a Reply